پارێزەرێکی کورد سزای ٦ ساڵ زیندانی بۆ دەرکرا

مەسعود شەمس نژاد، مامۆستای زانکۆ و پارێزەرێکی کوردە، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئێرانەوە، سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ دەرکرا، شەمس نژاد، پێشتر پارێزەری زیندانیی لە سێدارەدراو حەبیبوڵای گوڵپەریپوور بووە.


بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان کە دوێنێ بڵاوی کردووەتەوە، یەکشەممەی ڕابردوو مەسعود شەمس نژاد پارێزەری کورد و خەڵکی ئورمیە، کە ٨ی کانوونی دووەم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوو، هەروەها دانیشتنی دادگاکەشی ڕۆژی ٣١ی هەمان مانگ بەڕێوەچووبوو، بە شەش ساڵ زیندانی سزادراوە، ئەوەش بە تۆمەتی 'پڕوپاگەندە دژ بە دەسەڵات و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی'.

مەسعود شەمس نژاد لە ٣١-١-٢٠١٩ و بەبێ ئامادەبوونی پارێزەرەکەی، لە لقی ۳ی 'دادگای شۆڕشی ئێران' لە شاری ئورمیە، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژ بە دەسەڵات و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ دەرکراوە، ڕۆژی یەکشەمەی ڕابردوو بە فەرمی سزاکەی پێ ڕاگەیەندراوە.

مەسعود شەمس نەژاد، پارێزەر و مامۆستای زانکۆ، پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ ماوەی ٣٧ ڕۆژ لەلایەن ئیتلاعاتی ئێرانەوە لە شاری ئورمیە دەستگیرکرا بوو، کە دواتر بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەن ئازاد کرا.

مەسعود شەمس نەژاد پارێزەری زیندانی سیاسی کوردی لەسێدارەدراو، حەبیبوڵا گوڵپەریپوور بووە، هەروەها پارێزەری زیندانیانی سیاسی کورد عەلی و ڕزگار ئەفشاری بووە، کە حوکمی سێدارەیان بۆ دەرچووە و ئێستا لە زیندانن، لەگەڵ ئەوەشدا پارێزەری چەندین زیندانی سیاسی دیکەی کوردی لە ئەستۆ گرتووە.

س.ح