پارێزەرێکی کورد لە زیندانەکانی ئیتلاعاتی ئێران ئەشکەنجە دراوە

دوو ڕۆژ دوای دەستگیرکرنی پارێزەرێکی کورد، ئاشکرا بووە، کە لە زیندانەکانی ئیتلاعاتی ئێران ئەشکەنجە دراوە و ڕێگە نادرێت کەس بیبینێت. 


بەپێ ڕاپۆرتێک، کە ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فورات بڵاوی کردووەتەوە، مەسعود شەمس نەژاد، پارێزەری کورد و مامۆستای زانکۆی ئازاد، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی شاری ئورمیە، کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر هەواڵی دەستگیرکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران بڵاو بووەوە، لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری ئورمیە ئەشکەنجە دراوە و ڕێگەی پێنادرێت چاوی بە کەس بکەوێت. 

یەکێک لە خزمانی مەسعود شەمس نەژاد، ئاشکرای کردووە، کە ناوبراو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە چاوی بەستراو گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ئیتلاعات لە شەقامی دانشکەدە لە شاری ئورمیە و لە دوو ڕۆژی ڕابردوو ئەشکەنجە دراوە.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، کە هاوسەر و سێ منداڵی ناوبراو دووجار لەناو دوو ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتیان کردووە بە مەبەستی ئەوەی چاویان بە شەمس نەژاد بکەوێت، بەڵام داواکەیان لەلایەن کاربەدەستانی ئیتلاعات ڕەتکراوەتەوە و هەڕەشەیان لێکردووە.

سەرچاوەکە ئەوەشی وتووە: سێ منداڵی ئەو پارێزەرە بە ناوەکانی "سەرۆک، سەرهات و سەرهەڵدان"، ڕۆژی پێنجشەممە دوای سەردانیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بە مەبەستی دیتنی باوکیان، لەلایەن کاربەدەستانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە هەڕەشەیان لێکراوە، کە باسی باوکیان نەکەن لای کەس، هەڕەشەشیان لە خانەوادەکەی کردووە، کە ئەگەر بە هەر شێوازێک زانیاری لەسەر ئەو بابەتە بدرکێنن، بە شێوەیەکی خراپ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. 

سەرچاوەکە هەروەها ڕاشیگەیاندووە، کاربەدەستان ئیتڵاعاتی ئێران دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێل و هەژماری بانکی ناوبراو داگرتووە  و نووسینگەکەشی لە شەقامی ئۆستادان-ی ئورمیە داخراوە و بینای نووسینگەکە لەژێر چاودێریدایە و هێزەکانی ئیتلاعات لەو ناوە دەگەڕێن. 

جێگەی ئاماژەیە، مەسعود شەمس نەژاد، پارێزەر و مامۆستای زانکۆ، پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ ماوەی ٣٧ ڕۆژ لەلایەن ئیتلاعاتی ئێرانەوە لە شاری ئورمیە دەستگیرکرا بوو، کە دوایی بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەن ئازاد کرا.

مەسعود شەمس نەژاد پارێزەری زیندانی سیاسی کوردی لەسێدارەدراو حەبیبوڵا گوڵپەریپوور بووە، هەروەها پارێزەری زیندانیانی سیاسی کورد عەلی و ڕزگار ئەفشاری بووە، کە حوکمی سێدارەیان بۆ دەرچووە و ئێستا لە زیندانن، لەگەڵ ئەوەشدا پارێزەری چەندین زیندانی سیاسی دیکەی کوردی لە ئەستۆ گرتووە. 

 

ک.ک