پارێزەرێک: پارتی وەک زیندانیی مامەڵە لەگەڵ پەنابەرانی مەخمور دەکات

پەیمان عیزەدین، پارێزەر، هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەردەوامی دان بە گەمارۆی سەر کامپی مەخمور، کە ماوەی ١٠ مانگە بەردەوامە بە کارێکی نایاسایی ناو دەبات و دەڵێت: پارتی وەک زیندانیی مامەڵە لەگەڵ پەنابەرانی مەخمور دەکات و ئەوەی بووەتە ڕێگا خۆشکەر بۆ پەیڕەکردنی سیاسەتەکانی بێدەنگییەکی مەترسیداریی کوشندەی خەڵکە و دەبوو بەر لە هەر کەسێکیش پەرلەمان هەڵویستی هەبووایە.


لە مانگی حەوتی ساڵی ٢٠١٩ـەوە دوا بە دوای کوژرانی بەرپرسێکی دەزگای سیخوڕی دەوڵەتی تورک- میت، لە ڕیستۆرانتێکی هەولێر، حکومەتی هەرێم و پارتی دیموکراتی کوردستان گەمارۆیان خستەسەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخمور) و لەوکاتەوە تەواوی ڕێگای هەولێر - مەخمور بەسەر خەڵکەکەیدا داخراوە، ئەوەش ژیانی دانیشتوانی کامپەکەی خستوەتە مەترسییەوە و ناڕەزایەتی خەڵک و توێژەجیاکانی لێکەوتووەتەوە.

دەربارەی گەمارۆکە پەیمان عیزەدین، یەکێک لە چالاکوان و پارێزەرەکانی شاری سلێمانی، دەڵێت: ئەم پرسە کێشەیەکی درێژخایەنە و دەبووایە بەر لە هەر شوێن و لایەنێکی دیکە، پەرلەمانی کوردستان چارەسەری بکردایە، چونکە هەر سنوورێکی جوگرافی کاتێک ڕێگا بە ڕووی پەنابەران دەکاتەوە و سنووریان بۆ دەستنیشان دەکات، بە واتای ئەوە نایەت کە ئەوانە زیندانی بن و وەک زیندانییەک مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەوەی لە گەڵ کامپی مەخموردا دەکرێت مامەڵەی زیندانی کردنە، بۆیە ئەمانە بڕوایەک دروست دەکات کە پارتی دیموکراتی کوردستان تاکڕەوانە مامەڵە لەگەڵ کامپی مەخمور دەکات، ئەمە لە هیچ یاسایەکدا نییە کە لەگەڵ پەنابەردا مامەڵەی زیندانیی بوون بکرێت و هیچ ماددەیەکی یاسایی نییە بۆ پشتیوانیکردن لەو کردەوەیە کە کامپەکە لە هەموو مافێک داببڕێنرێت.

ئەو پارێزەرە لە درێژەی قسەکایشیدا وتی: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو حەقیقەتەی کە حیزب قۆرخی دەسەڵاتی کردووە بۆ بەرژەوەندییە حزبییەکانی و پێنج ملیۆن خەڵکی باشوری خستووەتە گوزەرانێکی خراپەوە و هەموو مەینەتی و برسیوونێک و ڕێگرییەکانی لە بەرامبەر بە خەڵک پێ ئاسایی بێت، کەوایە بۆ، بۆ ١٢ هەزار پەنابەر پێی ئاسایی نابێت؟، بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەمە پەیوەندی بەشێواز و بنەمای بیرکردنەوەی پارتەکانی باشورەوە هەیە.

پەیمان عیزەدین ئاماژەی بە جیاوازی کردن لە نێوان پەنابەرانی کورد و عەرەب کرد لەلایەن دەسەڵاتەوە و وتی: پێشتر چەندین عەرەب هەبوون کە دانیشتووی شارەکانی خوارووی عێراق بوون و هاتبوونە هەرێمی کوردستان و بەشێوەیەکی ئاسایی دەژیان و کامپی گەمارۆدراویان بۆ دروست نەکرابوو و مامەڵەی زیندانیان لەگەڵ نەدەکردن، بێدەنگی و دەنگ هەڵبڕین هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت، چونکە هاوبەش بوونێکی ڕاستەقینە لە حکومەتدا بوونی نییە و حوکمڕانی سەرەکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەوانی بە ئەندازەی پێوستی هاوبەش کردووە.

لە کۆتاییشدا باسی لەوە کرد: کە لە هەر شوێنێک بێدەنگبوون و بێهەڵوێستی خەڵکی ئاسایی بەرامبەر بە دیکتاتۆریەت هەبێت، زیاتر دەبێتە هۆی زەمینەخۆشکردن بۆ چەسپاندنی ئەو دیکتاتۆریەتە، ئەوەشی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت بێدەنگییەکی مەترسیداری کوشندەیە و زەمینەیەکی تەواو بۆ پارتی ڕەخساوە تا سیاسەتەکانی لەم مەیدانەدا پەیڕەو بکات.

ک.س