پاسداران لە مەریوانەوە تا پیرانشار مانۆری سەربازی دەکەن

حکومەتی ئێران پاش لەسێدارەدانی سێ چالاکوانی سیاسی کورد و مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حدک و حدکا لە کۆیە، لە مەریوانی سەربە سنەوە تا پیرانشاری سەر بە ورمێ مانۆری سەربازی ئەنجام دەدات و سەربازەکانی لەسەر سنوورەکان جێگر دەکات.


پاش ئەوەی زانیار مورادی، لوقمان مورادی و ڕامین حسێن پەناهی لە زیندانی ڕەجائیشەهری کەرەج لە سێدارەدران و بارەگاکانی حدک و حدکا لە کۆیە مووشەکباران کران، سوپای پاسداران هێزەکانی لە مەریوان، بانە، سەردەشت، بۆکان، مەهاباد و پیرانشار جێگرکردووە و مانۆری سەربازی ئەنجام دەدات.

بەگوێرە زانیارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، سوپای پاسداران لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە، لە سنوورە دەستکردەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشوری کوردستان مانۆری سەربازیی دەستپێکردووە، هەروەها سەربازەکانی لەسەر ئەو سنوورانە جێگرکردووە و سەرقاڵە بە دروستکردنی بارەگای سەربازی لەو شوێنانە.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، کە سوپای پاسداران ڕێک ئەو هێزانەی لە سنوورەکانی مەریوان جێگرکردووە، کە لە شەڕی ساڵی ٢٠١١ لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، لە قەندیل بەکاری هێنابوون.

ئەو هێزانە بەتایبەتی لە سەر سنوورەکانی مەریوان کە هاوسنوورە لەگەڵ پێنجوێنی سەربە سلێمانی و پیرانشار کە هاوسنوورە لەگەڵ بەربزنان و کێلەشینی سەربە هەولێر، سەرقاڵن بە ئەنجامدانی مانۆری سەربازی.

هەروەها هەر دوێنێ ڕۆژێک پاش مانگرتنی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێزەکانی سوپای پاسداران، لە شارەکانی بانەی سەر بە سنە و بۆکان و مەهابادی سەربە ورمێ بە ناو شارەکاندا گەڕاون بە پەخش کردنەوەی سرودی شەڕ هەوڵیانداوە خەڵک چاوترسێن بکەن، هەر ئەو سرودەی لە سەردەمی شەڕی نێوان ئێران و عێراقدا لە بەرەکانی شەڕ لە دژی سوپای عێراق پەخش دەکرایەوە.

سەرنجڕاکێشە کە هەر دوێنێ حکومەتی ئێران هاوکات بە بۆردوومانەکانی سوپای تورک بۆسەر ناوچەی برادۆست ئەو ناوچەیەی تۆپباران کرد، هاوکاریی لەو بابەتەش لەنێوان ئێران و تورکیادا بۆ بۆردوومان و تۆپبارانکردنی کوردستان دوایین جار لە ساڵی ٢٠١١دا ڕوویدابوو.

س.ح