هێزەکانی پاسەوانی سنوور بەهەماهەنگی سوپای بارزان، هاوشانی بارەگاکانی سوپای تورک، بەناوی پاراستنی سنورەوە بەدرێژایی سەدان کیلۆمەتر بارەگای نوێیان دروستکردووە، بەبێ ئەوەی هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەنێوانیاندا ڕووبدات، لەکاتێکدا سوپای تورک ڕۆژانە دارستانەکانی ئەو ناوچانە دەبڕێتەوە و لە ئاسمان و زەمینەوە هێرش ئەنجامدەدات و هەوڵی داگیرکاریی زیاتر دەدات.
هێزەکانی پاسەوانی سنور، یەکەیەکە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچە سنورییەکان و دەروازەکان، لە ساڵی ٢٠٠٦ دامەزراوە و ژمارەیان زیاتر لە ٢٨هەزار و ٣٠٠ پاسەوانی ڕاهێنراوە، دابەشبوون بەسەر ٥ زۆن و لە ١٢ لیوا و ٣٨ کەتیبە پێکهاتوون، ئەرکیان پاراستنی زیاتر لە ١٤ دەروازەی سنوریی زەمینییە.
بەگوێرەی دەستوری حکومەتی فیدراڵی عێراق، ئەرکیان جێبەجێکردنی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانی و پاراستنی سیادەی عێراق و سنوورەکانە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەزاندنی سنوور و کاری قاچاخچێتی، مووچەکانیان لە ٨٥٠ هەزارەوە دەستپێدەکات تا دوو ملیۆن دینار.
پاسەوانی سنوور لە هەرێمی کوردستان لە سێ لیوا پێکدێت، ناوەندی سەرەکییان لە شاری هەولێرە و فەرماندەی گشتی سوپاکە، عەمید ڕوکن حەمادە فازڵ هادییە، کە لەلایەن پەدەکەوە دانراوە.
لیوای یەکەم عهمید دلێر فهرزنده فەرماندەیەتی و پێكهاتووه له سێ فهوج، یەکەم فەوجیان لە ناوچەی كانی ماسێیە و ژمارەیان ٥٠٠کەس دەبێت و سێ سرییە لەخۆ دەگرێت، کە لە ناوچەکانی بریفكا، بناڤی و سهرزیرێ له ههستیارترین ناوچەكانی سنووری تورکیا جێگیربوون، فهوجی دووەمیش لە باتیفا و شهرانشە، فهوجی سێ لە سنووری پیشخابوورە و چاودێری سنووری ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان دەکەن.
لیوای دووەمی پاسەوانی سنور لە شارۆچکەی سۆرانە و فەرماندەی لیواکەی عهمید گوران ساڵح خوشناوە، پێكهاتووه له سێ فهوج و ژمارەیان نزیکەی ٧٠٠ پاسەوان دەبێت، فهوجی یهك لە مێرگهسۆرە و فهوجی دوو لە سیدهكانە و فهوجی سێ لە سنووری حاجی ئۆمهرانە.
ناوچەکانی ژێر قەڵەمڕەویی لیوای دووی پاسەوانی سنوور زۆر هەستیارن و جێگهی بایهخێكی زۆرن، پێشتر لەژێر چاودێری فەرماندەی لیوا عهمید محهمهد ڕهشید گۆان بوو، کە ١١ی ئابی ٢٠٢٠ لەگەڵ فەرماندەیەکی دیکەی پاسەوانی سنوور بەناوی زوبێر حالی بە بۆردوومانی فڕۆکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەهیدبوون.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە ناو پاسەوانی سنوور بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، کە فهرمانده محهمهد ڕهشید و زوبێر حالی لهو فەرماندانە بوون، كه ڕازی نەبوون بە ههماههنگیی لهگهڵ میتی تورك و ملیان بۆ داخوازییەکانیان نەداو، بۆیه گومانێكی زۆر ههیه که پاراستنی پەدەکە خۆی دەستی هەبێت لە ئاشکراکردنی جێگەکەیان و شەهیدکردنیان.
لیوای سێیەمی ئەم هێزە، لە سلێمانییە و عەمید کاکەبرا فەرماندەی لیوایە و ژمارەیان نزیکەی سێ هەزار و ٧٠٠ پاسەوانە، لە پێنج فەوج پێکهاتووە بەمشێوەیەپ؛ فەوجی یەک لە پێنجوێن، فەوجی دوو لە قەڵادزێ، فەوجی سێ لە دەربەندیخان، فەوجی چوار لە هەڵەبجە و فەوجی پێنج لە چوارتایە.
سەرچاوەیەکی تایبەت لەناو هێزەکانی پاسەوانی سنوور بەڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ههردوو لیوای یەک و دوو كه دەکەونە سنوری قەڵەمڕەوی پهدهكهوە، هەموو فەرماندەکانیان لەلایەن پەدەکەوە دانراون و بەبێ پشتیوانی حزبیی، هیچ کەسێک وەرناگرن.
لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر زاپ، ئاڤاشین و مەتینا، سەرچاوە هەرێمییەکان پێیان ڕاگەیاندین، كاروانێكی سوپای تورک بەچاوساغیی هێزهكانی پهدهكه، بهرهو ناوچهی مێروز كه دهكهوێته نێوان سنوری باكوور و باشووری کوردستان بهڕێكراون، بۆ ئەوەی لوتکە بهرزهكانی گاره داگیربکەن و ناوچهی ئاڤاشین بخەنە ژێردەستی خۆیان.
دوابەدوای ئهم كاروانهی سوپای تورك، لیوای دووی پاسەوانی سنووریش، له ههمان شوێن بارهگای نوێی دروستکرد و داواکارییەکیان ئاراستەی وهزارهتی ناوخۆی عێراق کرد بۆ زیادکردنی هێز، ئەوەبوو ٧٥٠ کەس پەسەندکرا کە زیادبکرێن بۆ لیوای یەک و دووی پاسەوانی سنور.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە تایبەتەکانمان، پاسەوانی سنور له كانی ماسێ، هرورێ، ناوچهی بهرواری تا سهرزیرێ و هەموو لوتکە و ناوچە سنوورییه ههستیارهكانی بادینان، بەهاوبەشی سوپای بارزان و بە فەرمانی پەدەکە خاڵی سەربازیی و بارەگای نوێیان داناوە، لەکاتێکدا ئەو ناوچانە لە ڕابردوودا هیچ هێزێکی لێ نەبووە.
لەکاتێکدا سوپای داگیرکەری تورک ڕۆژانە لە زەمین و ئاسمانەوە، هێرش دەکاتە سەر ئەو ناوچانە و ڕۆژ لە ڕۆژ لە پێشڕەویدایە، هەروەها بەپێش چاوی پاسەوانی سنورەوە ڕۆژانە دەیان تۆن دار لە دارستانەکانی ئەو ناوچانە دەبڕنەوە و دەیدزن، کە بەگوێرەی دواین ئاماری پارتی سەوز تەنها لەسەروبەندی هێرشەکانی ئەم دواییەدا، سێ ملیۆن داری بەتەمەنیان لە بادینان بڕیوەتەوە، بەڵام تا ئێستا پاسەوانی سنور لەبارەی ئەو داگیرکارییانەوە هیچ هەڵوێستێکی نەنواندووە و یەک هەنگاویشی نەناوە لە دژیان.
لەهەمان کاتدا سەرچاوەیەکی تایبەت لە ناو پاسەوانی سنور بانگەشەی ئەوە دەکات کە، ئەو هێزە ههماههنگییان لهگهڵ پاراستنی پهدهكهدا ههیه و لەناو تەواوی بارهگاكانیاندا كامێرای پێشكهوتووی چاودێریی جێگیرکراوە و بهشێوهیهكی نهێنی لەلایەن میتی توركەوە چاودێریی دەکرێن، لە بڕینەوەی دارستانەکانیش دەستیان تێکەڵە.
هەر بەم دواییە، پاسەوانی سنوور هێزیان بردووەتە ناوچەکانی گوندی بههنینه، گۆجاڕ، شاخی کونە ورچ و دهرۆكهسپه، بەناوی ڕێگریکردن لە پێشڕەوییەکانی سوپای داگیرکەری تورک، بەهاوبەشی لەگەڵ سوپای بارزان، ٣٢ کیلۆمەتر ڕۆشتوونەتە پێشەوە لەسەر سنوور، لەسە لوتکەی سەرچڵ لە دەڤەری مێرگەسور بنکەیەکی سەربازییان داناوە بەرامبەر بە بارەگای سەربازی سوپای تورک.
هەروەها بەگوێرەی میدیاکانی نزیک لە پەدەکە، لیوای دووی پاسەوانی سنور بەدرێژایی ٢٤٠ کیلۆمەتر، لە ڕووباری ئاڤاشینەوە تا چیای قەندیل ٣٠ خاڵی سەربازیی نوێیان داناوە.
سەرنجڕاکێشە لەگەڵ دەستپێکردنی هێرش و داگیرکارییەکانی سوپای تورک بۆسەر ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا، لیوای یەک و دووی سوپای پاسەوانی سنوور هاوشانی چەکدارانی پەدەکە، بەناوی پاراستنی سنورەوە کەوتوونەتە جموجوڵ و بە درێژایی سەدان کیلۆمەتر بارەگا و خاڵی سەربازی لەبەرامبەر بارەگاکانی سوپای داگیرکەریی تورک دروستدەکەن، ئەگەرچی زۆر نزیکن لەیەکەوە بەڵام تائێستا هیچ ڕووبەڕووبوونەوە و بەریەککەوتنێک لەنێوانیاندا ڕووینەداوە.
هەروەها سەرچاوەیەکی تایبەت بۆ ڕۆژنیوز بانگەشەی ئەوە دەکات، هێزەکانی پاسەوانی سنور، بە فەرمانی پەدەکە لەگەڵ سوپای بارزان ڕۆشتوونەتە ئەو ناوچانە و ڕۆڵی قەڵغانیان پێدراوە بۆ پاراستنی بارەگاکانی سوپای داگیرکەریی تورک، نەک ڕووبەڕووبوونەوەیان.
هەروەها ڕۆژی ٢٠ ی ئەم مانگە دەوڵەتی داگیرکەری تورک تۆپبارانی گوندی پەرەخی لە سنووری زاخۆ کرد و بەهۆیەوە نۆ گەشتیار گیانیان لەدەستدا و ٢٣ی دیکەش بریندار بوون.
ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییە و هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆسەر هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە، بەڵام فەرماندەی پاسەوانی سنور ئامادەی كۆبونەوەكە نەبوو لە کاتێکدا بانگهێشتی پەرلەمان کرابوو.
ب.ل