پانۆراما-٧: هەوڵدانەکانی یەکێتی نەتەوەیی لە ٢٠١٩دا

ساڵی ٢٠١٩ یەکێک بوو لەو ساڵانەی کە زۆرترین هەوڵدانی  تێدا دراوە بۆ دروستکردنی یەکێتی نەتەوەیی کورد، لەلایەن ڕۆشنبیران و چالاکوانان و هونەرمەندان و کەنەکە و لایەنە کوردییەکانەوە، لەئەنجامی ئەو هەوڵانەشدا، لایەنە کوردییەکان لە باکور و ڕۆژئاوای کوردستان بەرەی هاوبەشیان پێکهێنا، لە باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی یەکڕیزیی نەتەوەیی بەردەوامە.


لەڕۆژی ٢ -١-٢٠١٩، نوێنەرایەتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە شاری قامیشلۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان، کۆبوونەوەکی ئەنجامدا بۆ گفتوگۆ لەبارەی پێکهینانی یەکێتیی نەتەوەیی کورد و هەڵوێستی هاوبەش لە دژی هەڕەشەکانی سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی گەلی کورد و ڕایگەیەندرا، پێویستە یەکێتیی نەتەوەیی کورد بە خێرایی پێکبهێنرێت، هەروەها بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد هەڵوێستێکی ڕوون بخرێتەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا کۆمیتەیەک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان حزب و لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دروستکرا.

ڕۆژی ٢٢-٢-٢٠١٩، کۆنفرانسی گەنجانی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست، لە شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسەکەدا مەجلیسی کۆردیناسیۆنی گشتی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزرا، ئەویش بە هەڵبژاردنی ٤٠ ئەندام بە دەنگی زۆرینەی بەشدارانی کۆنفرانسەکە.

ڕۆژی ١٠-٣-٢٠١٩، شاندێکی باڵای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، بەسەرۆکایەتی ڕێبوار ڕەشید هاوسەرۆکی کەنەکە و ئەندامێتی  فەرهاد دۆسکی و ئەحمەد قەرەموس و هێرش عەلی زادە و شوکراوڵا محەمەد ئەمین، سەردانی باشوری کوردستانیان کرد و لەگەڵ زۆرینەی لایەنەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەوە، بە ئامانجی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی، دواتر ڕایانگەیاند، کە هەڵوێستی لایەنەکان ئەرێنی بووە بۆ یەکڕیزیی و یەکێتی نەتەوەی.

ڕۆژی ١١-٦-٢٠١٩، ڕێکخراوی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان، لە پێناو پاراستنی باشوری کوردستان لەهەر ئەگەرێکی نەخوازراو و لەدژی ئەو هێرشە بەردەوامانەی لەلایەن دەوڵەتانی دراوسێ-وە ئەنجامدەدریت، هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی نەتەوەیی گەنجان، لەو پێناوەشدا سەردانی بۆ لای ڕێکخراوەکانی تایبەت بە گەنجان وگەنجانی ناو لایەنە سیاسییەکان وەک هەنگاوی یەکەم دەستیپێکرد.

ڕۆژی ١٢-٦-٢٠١٩، شاندێكی پارتە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بە سەرۆکایەتی شاهۆز حەسەن، هاوسەرۆکی پەیەدە، هاتنە باشوری كوردستان، بەئامانجی گفتوگۆو كۆبونەوە لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەكان لەپێناو یەكڕیزیی و یەك هەڵوێستی لایەنەكان لەسەر پرسە سیاسییە چارەنووسسازەكان، شاندەكە لەسەرۆك و سەركردەی ژمارەیەك پارتی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێكهاتبوو، ماوەی چەند ڕۆژێك لەهەرێمی كوردستان مانەوە، بەئامانجی دروستكردنی یەكڕیزیی نێوماڵی كورد، لەگەڵ پارتە سیاسیەكانی باشور و باكور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان كۆبوونەوە.

ڕۆژی ٥-٩-٢٠١٩، لەشاری هەڵەبجە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە) لەگەڵ كۆمەڵێك لەڕۆشنبیران و چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی گفتوگۆیەكی كراوەی ئەنجامدا، کە ئامانج لێی وەرگرتنی ڕاو پێشنیارەكانی بەشداربووان بوو بۆ نۆزدەیەمین كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان.

ڕۆژی ٧-٩-٢٠١٩، شاندێکی باڵای لایەنەکانی باکوری کوردستان بە سەرۆکایەتی سەزای تەمەللی، هاوسەرۆکی هەدەپە و بەردان ئۆزتورک، هاوسەرۆکی کەجەدە، بەئامانجی گفتوگۆکردن لەسەر یەکڕیزیی کورد و یەکێتی نەتەوەوەیی سەردانی باشوری کوردستانیان کرد و لەگەڵ زۆرینەی لایەنەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

ڕۆژی ١٤- ٩-٢٠١٩، بەسەرپەرشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - کەنەکە، بە ناونیشانی "دۆخی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵوێست و چارەسەریی" لە شاری ستۆکهۆڵم-ی پایتەختی سوید، دووەمین کۆنفرانسی ڕاوێژی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامدرا، تێیدا ژمارەیەکی زۆر ژن، سیاسەتمەدار، چالاکوان و کەسایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەبوون.

ڕۆژی ٢٠-١٠-٢٠١٩، لە شاری ئایدهۆڤنی هۆڵەندا، بەشداری زیاتر لە ٣٥٠ ئەندام و میوان  ۱۹مین جڤاتی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، ئەنجامدرا، تێیدا هەڵبژاردن بۆ هاوسەرۆکانی گشتیی کەنەکە ئەنجامدرا، بۆ هاوسەرۆکانی کەنەکە سێ کاندید هەبوون، کە بریتیبوون لە(زەینەب موراد، ئەحمەد قەرەمووس و شەهلا حەفید)، لەئەنجامدا ئەحمەد قەرەمووس و زەینەب موراد بەزۆرینەی دەنگیی ئەندامانی ئامادەبوو هەڵبژێردران، لەدوای کۆتایی هاتنی کۆنفرانسەکە کەنەکە، بڕیاریدا کە بۆ یەکێتی نەتەوەیی هەنگاو بنرێت، بۆیە ئەرکی بانگەوازیی لە هەموو پارت و ڕێکخستنەکانی گرتە ئەستۆی خۆی.

ڕۆژی ٧-١١-٢٠١٩، کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەشی پارتە کوردستانیەکان ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکەی ڕاگەیاند، دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بە تایبەتی هێرش و تاوانی شەڕ ڕۆژەڤی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بوو، کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەش بە ئامادەبوونی نوێنەرانی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان، ڕۆژی ٣-١١-٢٠١٩ نۆزدەمین کۆبوونەوەی لە ناوەندی کەنەکە لە برۆکسل سازکرد، کە زیاتر لە ۳٤ پارت و لایەن و ڕێکخراوی سیاسی تێیدا بەشداربوون.

جگە لە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک کۆبونەوەکە لەسەر باشووری کوردستان و عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی بەغدا، بە تایبەتیش ڕووداوەکانی ناوچە دابڕێنراوەکان و هەوڵدان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە. لەسەر دۆخی ئاڵۆزی عێرا ق و دەنگۆی گۆڕینی دەستوور و پێگەی فیدرڵیی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ کرا، هەروەها دۆخی باکوری کوردستان و ڕۆژهەڵاتیش بە چڕی باسیان لێکرا.

ڕۆژی ٥-١٢-٢٠١٩، زیاتر لە ١٠٠ هونەرمەند، ڕۆشنبیر، سیاسەتمەدار و نوێنەری ڕێکخراوەکان، کە لەپێناو پێکهاتنی یەکێتی نەتەوەیی کورد ڕێپێوانێکیان لە لۆزانەوە بۆ جنێڤ ئەنجامدا، بەئامنجی ئەوەی فشار بخەنە سەر لایەنەکان و یەکێتی نەتەوەیی کورد پێکبێت.

ڕۆژی ٦-٩-٢٠١٩، لە شاری ئامەد، نوێنەرانی، یەکێتی کۆمەڵگەی دیموکرات- کەجەدە، پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە، پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان-دەبەپە، کەمەڵەی کوردی دیموکرات و شۆڕشگێڕ، پارتی دیموکراتی کوردستان-تورکیا، پارتی دیموکراتی کوردستانی-باکور 'پ د ک باکور'، پارتی کۆمۆنیستی کوردستان، پارتی مرۆڤ و ئازادی، بزوتنەوەی ئازادی، پارتی ئازادی کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند، کە لەپێناو یەکێتی نەتەوەییدا یەکیان گرتووە و بەرەیەکی هاوبەشیان پێکهێناوە، بۆ ئەوەی بەیەکدەنگی ڕووبەڕووی ئەو ستەمانە ببنەوە، کە بەرامبەر بە گەلی کورد دەکرێت.

ڕۆژی ٧-١٢-٢٠١٩، ئاسیا عەبدوڵا ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار، لەشاری سلێمانی لەگەڵ بەشێک لە نوێنەرانی ژنانی پارت و لایەنە سیاسیەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان کۆبوویەوە و داوایکرد ژن پێشەنگایەتی یەکێتی نەتەوەیی بکەن و ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە سیاسەتی یەکێتی نەتەوەیی و بانگەوازی کرا بۆ سێیەمین کۆنفرانسی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد.

ڕۆژی ١٠-١٢-٢٠١٩، شاندێکی یەکێتی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، بە سەرۆکایەتی ئەحمەد قەرەموس، هاوسەرۆکی کەنەکە، هاتنە باشوری کوردستان و لەگەڵ زۆربەی لایەنەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێکخراو و ڕۆشنبیرانی باشوری کوردستان کۆبوونەوە، لە  ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەدا بڕیاردرا کاری هاوبەش بۆ پێکهێنانی کۆنفرانسێکی نەتەوەیی  بکرێت.

ڕۆژی ١٦-١٢-٢٠١٩، لە شارۆچکەی چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، دەستەی دەستپێشخەری بۆ کۆنفرانسی یەکێتی نەتەوەیی، لەلایەن کۆمەڵێک چالاکوان و نووسەر و کەسایەتییەوە بە خستنەڕووی نەخشە ڕێگایەک ڕاگەیەندرا، بڕیارە لە باشوری کوردستان بەشێوازی جیاواز کار بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی بکات و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆبونەوە ئەنجامدەدات.

د.ع