ئۆپەراسیۆنی پاکتاوی سیاسیی دەسەڵاتی ئێران دژبە هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و ژمارەی دەستگیرکراوەکان گەیشتووەتە ٣٢ کەس.
تادیت فشارەکانی دەسەڵاتی ئێران بۆسەر هاوڵاتیان، چالاکوانان و خوێندکارانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر دەبێت و لەو چوارچیوەیەشدا، تا ئێستا ٣٢ کەس دەستگیرکراون.
لە ڕۆژی ٨ی ئەم مانگەوە دەسەڵاتی ئێران دەستیکردووە بە ئۆپەراسیۆنی پاکتاوی سیاسی، دژبە هاوڵاتیان، چالاکوانان و خوێندکارانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تاران، تا دوێنێ کۆی ئەو کەسانەی دەستگیرکرابوون ٢٩ کەس بوو.
بەڵام بەپێی دوایین زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، دوێنێ لە شاری سنە، دوو هاوڵاتی بەناوەکانی “ئارام مورادیان و کامیل نوری” خەڵکی گوندی تەنگیسەر، بانگهێشتی ناوەندی ئیتڵاعاتی دەسەڵات لە شاری سنە کراون و دوای ئەوەش دەستگیر کراون و تا ئێستا هۆکاری نازاندرێت.
بە گوێرەی هەواڵەکە، هاوڵاتییەکی دیکە بەناوی “عەلی پەروازە” خەڵکی گوندی “نێ”ی مەریوان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی دەسەڵاتەوە دەستگیرکراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بە ئەم سێ کەسەوە کە دوێنێ دەستگیرکراون، ژمارەی ئەو کەسانەی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی دەسەڵاتەوە لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها تارانی پایتەخت، دەستگیرکراون، بە لانیکەمەوە گەیشتووەتە ٣٢ کەس.
ب.ک