پردی قەرزاران.. کابووسی هەژاران

بە پەنای بازاڕی سەیدسادقەوە پردێک هەیە کە بە قەرزاران ناسراوە، دەوترێ ئەوانەی لە ترسی خاوەن قەرزرەکان خۆیان دزیوەتەوە، بەوێدا هاتووچۆیان کردووەو خۆیان لە قەرەی بازاڕو دوکانداران نەداوە.


ئەم پردە لە بنەڕەتدا ناوی کۆبانێ'یە، بەڵام قەیرانیی دارایی و کەمدەرامەتبوونی خەڵک و پەنابردنی بۆ قەرزکردن، بووە بەهۆی ئەوەی هاوڵاتیان پێی بڵێن پێی بڵێن پردی قەرزاران، کە ڕەنگە بۆ هەندێک لە خەڵکی ئەم شارۆچکەیە ناونانی ئەم پردە بەم ناوەوە مایەی نیگەرانی بێت، یان پێیان شەرم بێت زۆرجار بەسەر پردەکەدا هاتووچۆ بکەن، نەوەک پێیان بوترێ قەرزار.

پردەكە بە دووری ٥٠٠ مەتر لە خوار بازاڕی شارۆچكەكەوە لەساڵی ٢٠١٢ لەسەر چەمی چەقان و بە ڕووبەری ٢٥ مەتر درێژی و ١٥ مەتر پانی دروستكراوە، گەڕەكی سەرا و حەسار پێكەوە دەبەستێتەوە.

چەمی چەقان شارۆچکەکە دەکات بە دوو بەشەوە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەمەکە زیانی زۆری بە هاوڵاتیان دەگەیاند بە تایبەت لەکاتی باران و لافاودا، بەڵام بەدروستکردنی چەند پردێک و قوڵکردن و پاککردنەوەی، هاوڵاتیانی نزیک چەمەکە ڕزگاریان بوو لە مەترسییەکانی لافاو و ڕێگایەکی دوورو درێژیان لەکۆڵ بوویەوە بۆ گەیشتنیان بە یەکتر یان بازاڕ.

پردەكە لە ئێستادا ڕێگای بازاڕکردنی بۆ خەڵکی ئەو دوو گەڕەکە کەمکردووەتەوە، لە هەمانکاتدا دیمەنێکی جوانیشی بە ناوچەکە بەخشیوە بەتایبەت لەکاتی بەهارو دروستبوونی لافاودا.

زۆر شوێن هەن لە کوردستاندا جگە لەو ناوەی خۆیان، هەڵگری ناوێکی دیکەن لەناو خەڵکیدا، زیاتر ئەو شوێنانەن کە میللین و ڕووداوێک یان هەلومەرجێکی تایبەت هەبووە لە گۆڕینی ناوەکەیا.

هەرچەندە چیرۆکی پردی قەرزاران مێژوویەکی دوورودرێژی نییە، تەنها بۆ چەند ساڵێکی کەم دەگەڕێتەوە، بەڵام هەرزوو گوێی خەڵکی ئەم شارە بەو ناوە ئاشنابوو.

زۆرێک لە خەڵکی ئەم شارۆچکەیە دەڵێن، ئەوکاتەی قەیرانی دارایی بەرۆکی هاوڵاتیانی هەرێمی گرتووە، زۆربەی خەڵکی قەرزاری دوکاندارو کاسبکاری ناو بازاڕ بووە، هەربۆیە بەشێک لە خاوەن قەرزەکان قەرزارەکانیان یان لە مزگەوت یان لەسەر ئەم پردە دۆزیوەتەوە، چونکە خۆیان لە قەرەی بازاڕ نەداوە بە وپێیەی پارەی پێویستیان پێ نەبووە.

پردەکە، قەرەباڵخییەکی زۆری لەناو بازاڕی شارۆچکەکە کەمکردووتەوە، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو زۆربەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی دەرەوەی شارۆچکەکەش بەسەر ئەو پردەدا دەڕوات، ئەوەش وایکردووە فشاری ناو بازاڕ کەم ببێتەوە.

ماوەی دوو ساڵە قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستاندا نەماوە، دۆخی ئابووری هاوڵاتیانیش تاڕادەیەک باشتر بووە لە کاتی قەیران، ئێستا نە خاوەن قەرز خەمی قەرزەکانیەتی و نە قەرزارەکانیش خەمی دانەوەی قەرزەکانیانە، بەڵام ئەوەی ناگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی، ناوی ئەم پردە و چیرۆکە لە بیرنەکراوەکانی سەردەمی قەیرانی داراییە کە زۆرێک لە خەڵکی کردە سووتەمەنی خۆی.

 

س.ح