لەم خوولەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا، سەدان پرسیاری پەرلەمانتاران و لیژنەکان ئاڕاستەی حکومەت کراون، بەڵام لەو نێوەندەدا بەشێکیان ونکراون یان وەڵام نەدراونەتەوە و بەشێكی دیکەیان لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە ڕەتکراونەتەوە بە بیانوی جیاواز، پەرلەمانتارانیش، ئەمە بەبێ ڕۆڵکردن و شکاندنی شکۆ و هەیبەتی پەرلەمان ناو دەبەن لەلایەن پەدەکەوە.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لە پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستانەوە بەدەستهێنراون، لەسەرەتای دەستپێکردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە تا ئێستا، کۆی ئەو پرسیار و ڕاپۆرتانەی کە لایەن هەموو پەرلەمانتارەکانەوە ئاراستەی حکومەت کراون، گەیشتووەتە نزیکەی ٣٠٠ پرسیار و ڕاپۆرت، لەلایەن لیژنەکانیشەوە نزیکەی ٥٠٠ پرسیار و ڕاپۆرت ئاراستەی حکومەت کراون، لە کاتێکدا بەشێکی زۆر لەو پرسیار و ڕاپۆرتانە تەواوی مەرجەکانی تیادا بووە کە بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ دیاریکراوە، بەڵام بە بیانووی جیاواز ڕەتکراونەتەوە یاخود ماوەیەکی درێژی بە سەردا تێپەڕیوە و وەڵام نەدراونەتەوە.

ئەو ڕاپۆرت و پرسیارە نوسراوانە کە لەلایەن پەرلەمانتاران و لیژنەکانەوە ئامادە دەکرێن، سەرەتا لەناو لیژنەی پەیوەندیدار گفتوگۆ لەسەر ئەو ڕاپۆرت یاخود ئەو پرسیارە دەکرێت کە پەسەندکرا دواتر پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکرێت، لە ناو دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش کاروباری لیژنەکان پەیوەندیدارە بە هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەسەر پشکی پەدەکە، دواتر ڕادەستی ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان دەکرێت کە ئەویش لەسەر پشکی پەدەکەیە، لە وێشەوە بەرزدەکرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، دوای گفتوگۆکردن لەسەر پرسیارە نوسراوەکە یاخود ڕاپۆرتەکە دواتر ئاراستەی وەزیری پەیوەندیدار دەکرێت.

لە مــاددەی ٥٩ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا چەند مەرجێک دیاریکراون بۆ پرسیاری نوسراو کە بریتین لەمانە:-
یەكەم: دەبێت، پرسیار لـەلایـەن یـەك ئەنـدام، یـان زیـاتر، پێشـكەش كرابێـت و
ڕێكەوت و واژۆی لەسەر بێت و لە ڕێی سەرۆكەوە، ئاراستە كرابێت.
دووەم: دەبێت پرسیار ڕوون و پوخت بێت و مەبەستەكەی دیاری كراوبێت، تـوانج
و ڕای تێدا نـەبێت و لەكـەداری كەسـێتییەكان و دەسـتە و دامـەزراوەكانی
هەرێم نەكات.
سێیەم: نابێت بابەتی پرسیارەكە، لەبەردەم دادگادا، بێت.
چوارەم: دەبێت پرسیارەكە، لە تایبەیەندیی ئەو وەزارەتـە بێـت، كـە پرسـیارەكەی
ئاڕاستەكراوە.
پێنجەم: نابێت پرسیارەكە، پێچەوانەی دەستوور و یاسا و بەرژەوەندیی گشتیی بێـت.
شەشـەم: ئــەو بابەتانــەی ئاڕاســتەی لیژنـە پەیوەندیــدارەكانی پەرلــەمان كــراون،
پرسیاریان لەبارەوە ناكرێت، تا لیژنە راپۆرتی خۆی پێشـكەش دەكـات، بـە
مەرجێك، لە ماوەی ١٥ڕۆژ، تێپەڕنەكات لیژنـە ڕاپۆرتەكـە ئامـادە
بكات.
حەوتەم: ئەو پرسیارانەی، بۆ سەرۆك وەزیران و جێگرەكەی دەنێـردرێن دەبێـت بـە
كارنامـە و سیاسـەتی گشـتی حكومـەت و جێبـەجێكردنی یاسـای بـەركار،
پەیوەستبن.
هەروەها بەگوێرەی ماددەی ٦٠ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەستەی سەرۆكایەتی، دەتوانێت ئەو پرسـیارانە ڕەتبكاتـەوە، كـە یـەكێک لـەو مەرجانەی تێدا نەبێت كە لەماددەی ٥٩ی پەیڕەوەکە ئاماژەیان پێدراوە .
– لەماوەیـەك كـە لـە ٧ ڕۆژ تێپەڕنـەكات، لەڕێكـەوتی گەیشـتنی
پرسـیارەكە، سـەرۆك پرسـیارەكە دەنێرێـت بـۆ سـەرۆك وەزیـران یـان ئـەو
وەزیـرەی پرســیارەكەی ئاراســتە كــراوە، لــەڕێی ســەرۆكایەتی ئەنجومــەنی
وەزیران.
– دەبێت ئەو لایەنەی پرسیارەكەی ئاڕاستەكراوە لەماوەی حەوت ڕۆژدا،
وەڵامی پرسیارەكە بدەنەوە لە هەموو حاڵەتێكدا، نابێت وەڵامی پرسـیارەكە،
لە ٢١ ڕۆژ زیاتر دوابکەوێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکان لەم خولەی پەرلەماندا بە پێچەوانەی کار و بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، گرنگی بە ڕاپۆرت و پرسیارەکانی پەرلەمانتاران و لیژنەکان نادرێت و بەشێکیان وەڵام نادرێنەوە ون دەکرێن و بەشێکیشیان ڕەتدەکرێنەوە بەشێکیتریشیان دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی درێژ بەسەر وادەی دیاریکراودا بۆ وەڵام دانەوە وەڵامێکی کاڵ و کرچ وەردەگرن، کە کاروباری پەرلەمان و لیژنەکان لەلایەن نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان- پەدەکەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
لەم بارەیەوە شیرین ئەمین، پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان لەسەر فراکسیۆنی گۆڕان بە ڕۆژنیوزی، وت: چەند جارێک ئەوە دووبارە بووەتەوە کاتێک کە پرسیارێک ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین، دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی درێژ بەسەر وادەی دیاریکراوی پەیڕەوی ناوخۆ بۆ وەڵام دانەوەی پرسیارەکان، وەڵاممان دەدەنەوە یاخود هیچ وەڵامێک نادەنەوە، لیژنەکانیش هەمان گرفتیان هەیە، خۆم تا ئێستا وەڵامی چوار پرسیارم وەرنەگرتووە کە نزیکەی ١٠مانگی بە سەردا تێپەڕیوە، هەروەها وەکوو لیژنەی دەستپاکی لە ١٩ی ١٢ی٢٠١٩نوسراومان ئاراستەی پەرلەمان کردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران لەسەر گرێبەستی کۆمپانیاکان و داهاتی خاڵە سنوورییەکان، بەڵام تا ئیستا وەڵاممان وەرنەگرتووە.

ئاماژەی بەوەشدا: ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کە هەژموونی حکومەت و دەسەڵاتداران زاڵترە بەسەر پەرلەمان و دەسەڵاتی یاسادانانەوە، هەروەها ئێمە چەندین جار لەم بارەیەوە یاداشت و داواکاریمان پێشکەشکردووە و داوای بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەرێم و جێگرەکەیمان کردووە بۆ پەرلەمان، بەڵام وا دوو ساڵ تێدەپەڕێت و تا ئێستا هیچکام لەوانە ئامادەی پەرلەمان نەبوون.
هەر لەم بارەیەوە شنۆ ئەشقی، پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان لەسەر فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان – یەنەکە، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: نەک تەنها پرسیار و ڕاپۆرتەکان بەڵکو پرۆژە یاساکانیش ڕەتدەکرێنەوە و وەڵامنادرێنەوە بەبێ هۆکار، ئێمە وەکو فراکسیۆنی یەکێتی لەناو پەرلەماندا لە سەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە ٢٢ پێشنیاز یاسامان ئاراستەی حکومەت کردووە بەڵام زۆربەیان ڕەتکراونەتەوە بەبێ ئەوەی کە هیچ گرفتێکی تێدا هەبێت، حکومەت لەم کارەدا دەیەوێت پەرلەمان بێ ڕۆڵ بکات و هیچ پرۆژەیەک بە داخوازی پەرلەمان جێبەجێ نەکات و بیکات بە دەستکەوت بۆ خۆی.

ئەو پەرلەمانتارەی یەنەکە، دەشڵێت: ئەمە شکاندنی شکۆ و هەیبەتی پەرلەمانە و بێ ڕۆڵکردنییەتی لەلایەن پارتییەوە کە هەژموونی خۆی سەپاندووە بەسەر پەرلەمان و حکومەتی هەرێمەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی تۆخکردنەوەی ئەو بێ متمانەییەی کە لە نێوان خەڵک و حکومەت-دا هەیە، تاکە ڕێگاش بۆ گەڕانەوەی شکۆ و متمانە بۆ حکومەت وەڵامدانەوەی نوسراو و پرسیار و پێشنیار یاساکانی پەرلەمانە، چونکە ئەمە خواستی شەقامە و ڕەنگدانەوەی ئەو گیروگرفتانەیە کە ناو کۆمەڵگەدا هەن.
بەپێی بە دواداچوونەکان و وتەی پەرلەمانتاران، زۆرینەی ئەو ڕاپۆرت و پرسیارانەی کە ڕەتکراونەتەوە یاخود وەڵام نەدراونەتەوە، پەیوەندیدارن بە پرسی چاکسازیی لەو سێکتەرانەی کە گەندەڵییان تیادا هەیە، پرسی ئازادی ڕادەربڕین، دەستگیرکردن، شەهیدکردنی ڕۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان لە هەرێمی کوردستاندا.
ک.س