چوؤرشەممە, 22 أغس 2018 – 19:14 ڕۆژنیوز ـ شەنگال
ئێوارەی ئەمڕۆ لە سەردەشت لەسەر چیای شەنگال پرسەی زەكی شەنگالی كۆتایی هات، كە ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە بەهۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركەوە لە شەنگال شەهید بوو.
لە مەراسیمەكەدا نوێنەری زۆر پارتی سیاسی و ڕێكخرا و كەسایەتی ئایینی و هاوڵاتیان لە شەنگال و باشور و ڕۆژئاوای كوردستانەوە بەشدار بوون، هەروەها كەجەكە و ڕێكخستنی دیكە پەیامیان بۆ مەراسیمەكە نارد.
مەراسیمەكە بە خولەكێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی تێكۆشانی ئازادیی دەستی پێكرد.
“مام زەكی بەردەوام یەكێتی ئێزدییەكانی دەخواست”
پاشان لەسەر ناوی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال هوام حاجۆ، قسەی كرد و وتی: ئەوەی من دەزانم مام زەكی بەردەوام یەكێتی جڤاكی ئێزدی دەخواست و دەیوت ئێمە ئامانج و هیواكانی شەنگالییەكان بەدیدێنین.
هەروەها سەعد كەبال، بە ناوی نوێنەری ئێزدییەكانی كامپی نەورۆزەوە قسەی كرد و وتی: ئێمە بە دوژمن دەڵێین كە ناتوانن كۆمەڵگەی ئێمە بە تانك و تۆپ لەناوبەرن، ئەو شەڕە شەڕی ترسنۆكانە، هەر دەستێك نزیكی شەنگال ببێتەوە ئێمە دەیبڕینەوە، مام زەكی لە دڵی هەر كەسێكی ئازادیخوازدایە، ئێمە تۆڵەوی دەكەینەوە.
“مام زەكی بە ڕاستی بووە مام زەكی شەنگال”
دواتر فەرهاد حەماد، قائیمقامی شەنگال وتەیەكی پێشكەش كرد و وتی: دوای شەهیدبوونی مام زەكی، گەلی شەنگال بەڵێینان داوە كە بەردەوامی ڕێگەی مام زەكی بن، بە ساڵان زۆر كەس دەهاتنە شەنگال و خۆیان بە بەرپرسیاری جڤاكی ئێمە دەبینی، بەڵام بە ئەركی خۆیان هەڵنەدەستان.
وتیشی: بەڵام مام زەكی بە كار و خەباتی خۆی بە ڕاستی و بەڵێنی كە داویەتیە گەلی خۆی، بە ڕاستی بووە مام زەكی شەنگال.
دوای ئەوە پەیامی سۆزدار ئاڤێستا، ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە خوێنرایەوە، كە بۆ مەراسیمەكەی ناردبوو، لە پەیامەكەدا هاتبوو: ئێوە ئەمڕۆ كۆبوونەتەوە بۆ سەرساغی لە پرسەی مام زەكی شەنگالی، من لەسەر ناوی ڕێكخستنەكەمان سڵاو بۆ هەمووتان دەنێرم، ئێمە هەموو شەهیدان بیردێنینەوە و بەڵێنی بەردەوامیدان بە ڕێگەی شەهیدان دەدەین.
“هێرشەكە بە تەنیا لەلایەن توركیاوە پێكنەهات”
ئەوەش هاتبوو: ئێمە باش دەزانین ئەو هێرشەی شەنگال بە تەنیا لەلایەن دەوڵەتی توركەوە پێكنەهاتووە، ئەو كەسانەی بێدەنگن هاوكارییان كردوە، ئێمە دەزانین كە گەلی ئێمە لەژێر فەرماندا ڕزگاری بووە، بەڵام جارێكی دیكە برینی گەلی ئێمەیان نوێ كردەوە، بەڵام ئەگەر پێویست بكات ئێمە بە دەیان جار هێزی خۆمان ڕەوانە بكەین و شەهید بدەین بۆ پاراستنی گەلی خۆمان.
لە پەیامەدا ئاماژە بەوەش كراوە: ئەگەر عێراق و هەرێمی كوردستان ئەو هێرشەیان ئەرێ نەكردایە، ئەوا هیچ كەسێ نەیدەتوانی هێرشێكی بەو شێوەیە ئەنجام بدات، پێویستە ئەو كەسانەی لە ساڵیادی كۆمەڵكوژی كۆچۆ ئامادە بوون ئەو ڕووداوە ئاشكرا بكەن.
هەروەها بابە شێخ، لە لالشەوە بەناوی ئەنجومەنی ڕوحانی پەیامێكی نارد و تێدا هاتبوو: ئێمە سەرەخۆشی لە هەموو گەلی ئێزدی دەكەین و بە هیواین گەلی ئێزدی یەكێتی خۆی بەهێز بكات، مام زەكی شەنگالی كەسێك بوو كە بۆ یەكێتی گەلی ئێزدی بە بەردەوامی كاری دەكرد.
“هێرش لەسەر مام زەكی بەردەوامی فەرمان بوو”
دوای ئەوە مەزڵوم شەنگالی، بە ناوی یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگالەوە قسەی كرد و وتی: هێرش لەسەر مام زەكی بەردەوامی فەرمان بوو، چوار ساڵ لەمەوبەر لە گوندی كۆچۆ فەرمانی قڕكردنی ئیزدییەكان هەبوو، لەسەر ئەو بنەمایە مام زەكی لە كۆچۆ ئامادە بوو، بەڵام دوژمن ویستی ئەو ڕۆژە زیندوو بكاتەوە، كە كۆمەڵكوژیی تێدا كراوە.
لە كۆتایشدا فاخیر خەڵەف، بە ناوی كەسایەتییە ئاینییەكانی شەنگالەوە و حەسەن قاسم بە ناوی پارتی پێشڤەڕۆ و مەحمود شەنگالی بە ناوی ماڵی ئێزدییەكان لە ڕۆژئاوای كوردستان و شەمێ ڕەمۆ بە ناوی ژنانی شەنگالەوە قسەیان كرد و وتەیان پێشكەش كرد.
ك.ك