ئەو گەنجەی شێوەزارى سۆرانیی بۆ وەرگێڕان لەناو گۆگڵ زیادکرد، وردەکاریی چۆنیەتی دەستپێکردن، ئاستەنگییەکان و بە ئەنجامگەیشتنی پرۆژەکە باس دەکات، دەشڵێت، تا توانیویانە گرنگییان بە وشەی كوردیی پەتی داوە و سیستمەكەش تائێستا دانەخراوە و دەتواندرێت بەردەوام وشەی بۆ زیادبکرێت.
بۆكان حەسەن ناسراو بە بۆکان جاف، دەرچووی كۆلیژی زمان بەشى ئینگلیزییە لە زانكۆی سلێمانی و پاش حەوت ساڵ لەهەوڵ و ماندبوونى بەردەوام، زمانى کوردیى شێوەزارى سۆرانى بۆ ناو زمانەکانى گۆگڵ زیادکرد، کە دەتواندرێت لەو ڕێگایەوە زمانى کوردیى بۆ ١٣٣ زمانی جیهانی وەربگێڕدرێت.
بۆکان جاف لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز باسی لەوەکرد، ئەو لە ساڵی ٢٠١٥-ەوە دەستی بە پرۆژەکەی کردووە و لەپاش حەوت ساڵ هەوڵدان و ماندووبوونێکى زۆر و ئەنجامدانى چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی كۆمپانیای گۆگڵ لە وڵاتی هیندستان، دواجار لەناو زمانەکانى گۆگڵدا سۆرانیی وەك تەواوی زمانەكانی دیكەی جیهان ناسێندرا و لەئێستادا دەتوانرێت پرۆسەی وەرگێڕان وەك تەواوی زمانەكانی دیكەی جیهان لەناو گۆگڵدا ئەنجام بدرێت.
بۆکان وەک خۆی باسی دەکات، سەرەتا هەوڵەکەی تاکلایەنە بووە، دواتر کۆمەڵەیەکی دروستکردووە و خەڵکی دیکە چوونەتە ناو پرۆژەکەوە، دواجار توانیویانە زیاتر لە یەك ملیۆن و ٥٠٠ هەزار داتا لەناو گۆگڵدا جێگیر بکەن، كە برییتن لەبابەتەكانی تەندروستی، فیزیا، كیمیا، ئابووریی و چەندین بابەتی دیكە، کە دەتوانرێت لە ئێستادا بۆ ١٣٣ زمانی جیهانی وەرگێڕانی بۆ بكرێت.
نەبوونی پاڵپشتیی دارایی، كەمیی سەرچاوەی زمانی كوردیی لە تۆڕەكانی ئینتەرنێت، بوونى كێشەی كیبۆردی كوردیی، ئاستەنگییەکانی بەردەم کارەکانیان بووە، بۆکان دەڵێت: جگە لەوانەش گرفتێکى دیکەمان ئەوەبوو، کە چۆن بگەین بە كۆمپانیای گۆگڵ و لەو ڕووەوە كونسوڵخانەی ئەمریكا هاوكاریی زۆری كردین بۆ ئەوەی بگەین بەتیمی تەكنیكی كۆمپانیای گۆگڵ، بەڵام حكومەتی هەرێم هیچ پاڵپشتیەكی نەكردین لە پرۆژەکەیەدا.
بۆکان ئەوەشی خستەڕوو، كێشەكانی بەردەمیان لەئێستادا سیستمی دەنگییە، كە جێگیر نەكراوە بۆ زمانی كوردیی شێوەزاری سۆرانیی، بەڵام لە كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ كۆمپانیای گۆگڵ ئەوان ئاماژەیان بۆ ئەوەكردووە، کە لە داهاتوودا سیستمی دەنگییش كارا دەكەن، کە لەڕێگەیەوە دەتوانین لە یەك كاتدا وەرگێڕان بۆ پێنج هەزار وشە بكەین، لەو چوارچێوەشدا تا بەڕێزمانێکى جوان بنووسین ئەوا زۆرتر و ئەكادیمیتر وەرگێڕان دەكات.
بۆکان جاف، ڕاشیگەیاند، تا توانیویانە گرنگییان بە وشەی كوردیی پەتی داوە و سیستمەكەش تائێستا دانەخراوە و دەتواندرێت بەردەوام وشەی بۆ زیادبکرێت و هەڵەكانی چاك بكرێت، هەروەها لە بەشی وەرگێڕان دەتواندرێت دەستكاریی وشەكە و ڕستە بکرێت و بیگۆڕدرێن بۆ وشە و ڕستەی دیكە.
بۆکان زیاتر لە ٢٣٥ هەزار دەقی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردیی.
ئ.م