ئەندامێکی پەرلەمانی هەرێمی کوردسان ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژە بڕیارێکیان بۆ دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە دەشڵێت:”ڕاگرتنى پلە بەرزکردنەوەى مامۆستایان و فەرمانبەران نایاساییە”
عومەر گوڵپى، ئەندامى فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەریى لە پەرلەمانى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاندووە: بەپێی ھەردوو یاسای ڕاژەی شارستانی ژمارە (٢٤)ی ساڵی (١٩٦٠) و یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت، ژمارە (٢٢)ی ساڵی (٢٠٠٨)، پلە بەرزکردنەوە وەک مافێکی فەرمانبەر جێگیرکراوە و مافێکی یاساییە و بەپێی چەند مەرج و ڕێوشوێنێکی کارگێڕیی پێویستە هەر فەرمانبەرێک چوار یان پێنج ساڵ جارێک بە پێی پلە و ئاستی فەرمانبەرێتیی، پلەکەی بەرزبکرێتەوە بۆ پلەیەکی نوێ، کە لە ڕووی ماددیی و مەعنەوییەوە جیاوازی هەیە لەگەڵ پلەی پێشوو.
ئاماژەى بەوەشکردووە: بڕیاری ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوە لەلایەن کابینەی پێشووی حکومەت لەساڵى ٢٠١٦ ەوە و درێژەپێدانی لەم کابینەیە بڕیارێکی نایاساییە و درێژەدان بەم بڕیارەش دۆخی فەرمانبەرێتی تەواو شێواندووە و هەموو هاوکێشەکانی پەیوەندیدار بە پلە و ئاستی فەرمانبەرێتی و میلاکی تێکداوە.
ئەو ئەندامەى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، “لەئێستادا پلە بەرزکردنەوە بۆ هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە و سێ سەرۆکایەتییەکە دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە مامۆستایان و فەرمانبەرانى نەگرتووەتەوە”.
عومەر گوڵپى وتوشیەتى: بەهۆی ئەوەى تا ئێستا پلە بەرزکردنەوەى مامۆستایان و فەرمانبەران دەستى پێنەکردووەتەوە زیانی گەورە بە نزیکەی ٣٦٥ هەزار فەرمانبەر و مامۆستا کەوتووە و لە هەمانکاتیشدا بڕی ئەو پارەیەی، کە وەک زیان بەو دوو توێژە کەوتووە لە هەندێک حاڵەتیشدا دەگاتە ٤٠٠ هەزار دینار.
ئەو پەرلەمانتارە دەپرسێت: مامۆستا و فەرمانبەر چۆن هەست بە ئاسودەیی دەکات لە کارەکەی؟، لەکاتێکدا ئەگەر حکومەت و دەسەڵات دادپەروەر نەبن لەپێدانى مافەکانی، هەربۆیە بۆیە پێویستە هەرچی زووە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان دەستپێبکاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەیەکمان پێشکەشکردووە.
ئ.م