پزیشکێکی پسپۆری نەخۆشییەکانی هەناو، هۆكاری دروستبوونی پەتای كۆلێرا دەگەڕێنێتەوە بۆ پیسبوونی ئاوی خواردنەوە و پابەندنەبوونی خواردنگەكان بەڕێنماییە تەندروستییەكانەوە و باس لەوەشدەكات، پابەندبوون بە پاكوخاوێنی و كوڵاندنی ئاوی خواردنەوە لە پەتاکە دەمانپارێزێت و هەروەها، ڕێنمایی هاوڵاتیان دەكات زیاتر میوە ئاودارەكان بخۆن.
پەتای كۆلێرا نزیكەی دوو هەفتەیە لە پارێزگای سلێمانی سەری هەڵداوە و ژمارەی تووشبوان بەو پەتایە لە هەڵكشاندایە و پزیشكان بەردەوام ڕێنمایی هاوڵاتیان دەكەن بۆ خۆپارێزیی لەو نەخۆشییە.
د. بەهادین قادر، پسپۆری نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ باس لە پەتاكە دەكات و دەڵێت: ئەم پەتایە یەکێک لە بەکتریاکانە، کە تووشی هەوکردنی ڕیخۆڵە و گەدە دەبێت، نەخۆش سەرەتا توشی سکچون و ئازاری سکی دەبێت و ڕەنگی سکچونەکەی (پیساییەکەی) ڕەنگی سپی یان وەکو ئاوی برنج دەبێت، نەخۆشەکە تای لەگەڵ نابێ.
لەبارەی هۆكارەكانی دروستبوون و بڵاوبوونەوەی پەتاكەوە بە ڕۆژنیوزی وت: هۆکارەکەی بۆ هەبوونی جۆری بەکتریا دەگەڕێتەوە، کە لەو شوێنانە باری تەندروستی لە ژێر پرسیاردایە، پیسبوونی سەرچاوەی ئاوەکانە، لەگەڵ ئەو خواردنانەی بە ئاوی پیس ئاو دەدرێن، وەکو سەوزە و میوەکان، جگە لەمانەش خواردنگە و شوێنە گشتییەکان کە پێویستە ڕێنماییە تەندروستێیەکانیان تیادا هەبێت، بەتایبەتی خواردنگەی سەر شەقام و سەر دانەپۆشراوەکان، هموو ئەمانە دەبنە هۆکار بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئاسایشی خۆراک و تەندروستیی هەرێمی کوردستان پارێزراو نییە، دەبێت گومانمان هەبێ لەوانەیە ئەم پەتایە بۆ هەرێمی کوردستان نێردرابێ.
باسیشی لە چۆنێتی خۆپاراستنی هاوڵاتیان لە پەتاكە کرد و وتی: هاوڵاتی دەبێت هەمیشە پابەند بە پاک و خاوێنی بێت، دەبێ دڵنیا بێت لە ئاوی خواردنەوە، یان ئاو بکوڵێنن ئینجا بەکاری بهێنن، نابێت ئەو خواردن و سەوزە و میوانە بخورێت، کە لەسەرچاوەی ئاوەکەی دڵنیا نەبن، یاخود دەبێت بۆ ماوەیەک لەناو خوێیاودا بێت و بە خوێ بشۆردرێتەوە، واتا دەبێت خواردن و خواردنەوەکانمان تەندروست بن.
ئەو پزیشکە وتیشی: گەر کەسێک هەستیکرد ئەو جۆرە پەتایەی گرتووە، دەبێت بە زووترین کات سەردانی ناوەندە تەندروستییەکان بکات، چونکە گەر زوو بچێتە لای پزیشک ئەو نەخۆشییە چارەسەری ئاسانە، بەڵام گەر درەنگ بکەوێت دەبێتە هۆی کەوتنی مادە کانزاییەکان لە جەستەدا، ئەوکاتە ژیانی نەخۆشەکە دەکەوێتە مەترسییەوە، لەوانەیە گیان لەدەستبدات.
هەروەها، ڕێنمایی هاوڵاتیان دەكات، میوە ئاودارەكان بخۆن و ئەو خواردنانەی کە بەرگریی مرۆڤ زیاد دەکات، بۆ نمونە وەکو ئەوانەی مادانەی کە ڤیتامین سی یان تێدایە.
د. بەهادین قادر، پسپۆری نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ، نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت لەوەی، ڕۆژانە پاشماوە و شتی پیس فڕێ دەدرێت و وتیشی: ئەو خواردنەی دێتە بازاڕ لێی دڵنیا نین، هەموو ئەو شتانە پێمان دەڵێت، کە ژینگەکەمان جێگای گومانە و دەبێت زیاتر گرینگی بە پاک و خاوێنی بدرێت، لە سەرجەم سێکتەرەکان، چونکە تەنها بە پاک و خاوێنی دەتوانین رووبەروی ئەم پەتایە ببینەوە، لەبەر ئەوەی ئەم بەکتریایە لە شوێنی پیس گەشە دەکات.
س.س