د.شۆڕش حەسەن پسپۆڕی یاسای دەستوریی، دەربارەی سزادراوانی بادینان ڕەتیدەکاتەوە تاوانباربن و دەڵێت یاسا خۆی بواری داوە ڕەخنە لە وەزارەتەکان و حکومەت بگیرێت، دەشڵێت: فراوانبوونی فشارە مەدەنییەکان لە دژی ئەو سزایە گەرەنتی هەڵوەشاندنەوەیەتی.
١٦ی ئەم مانگە دادگای تاوانەکانی هەولێر، سزای شەش ساڵ زیندانیی بۆ پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی دەڤەری بادینان بڕییەوە، ئەم بڕیارەش بە بڕیاری حزبێک لێکدانەوەی بۆ کرا و ناڕەزایەتی و نیگەرانی بەدوای خۆیدا هێنا و کاردانەوەکان دژی بەردەوامییان هەیە، لەمبارەیەوە د.شۆڕش حەسەن مامۆستا لە کۆلێژی یاسا لە زانکۆی سلێمانی و پسپۆڕی یاسای دەستوریی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
د.شۆڕش حەسەن دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان یاسا سەروەریی نییە، ئەم نا سەروەرییەش ڕەنگدەداتەوە لەسەر دەسەڵاتی دادوەری، بۆیە ماف و ئازادییەکانی خەڵك پێشێلدەکرێت، ئەو مافانەش کە دەستوور بڕیاری لەسەر داون زەوتدەکرێن وەک ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی میدیایی و مافی خۆپیشاندان.

لەبارەی سزاکەوە دەڵێت: سیستمی حکومڕانی و ئەدای حکومەت و وەزارەتەکان، مافی هەموو هاوڵاتییەکە قسەی لەسەر بکات و ڕەخنەی لێبگرێت، بەڵام لێرە لەسەر ناڕەزایەتی و ڕەخەگرتن، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان و هاوڵاتیی بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشیی هەرێم دەستگیردەکرێن و بە یاسا سزادەدرێن، لە کاتێکدا یاسا خۆی ئەو مافەی دەستەبەرکردووە بۆ کۆمەڵگا و بەهیچ جۆرێک ناچێتە چوارچێوەی تاوانەوە.
باس لە گرنگی فشارە مەدەنییەکان دژ بەو سزایە دەکات و دەڵێت: ئەو سزایەی کە لە دادگای هەولێر بەسەر گیراواندا سەپێنرا، شایەنی تانە لێدانە لە دادگای پێداچوونەوە بۆ ئەوەی هەڵبوەشێنرێتەوە، بەو پێیەی دەسەڵاتی دادوەری هەرێم بێلایەن و سەربەخۆنییە دوور نییە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەش بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی سیاسی و حزبەوە، بەڵام فراوانبوونی فشارە مەدەنییەکان لە دژی ئەو سزایە گەرەنتی هەڵوەشاندنەوەیەتی.
لە کۆتایشدا قسەکانیدا د.شۆڕش ئاماژەی بەوەدا: لە کاتێکدا کە دەسەڵات پەیوەست نابێت بە بەندە دەستورییەکان و یاسا، دەبێت خەڵک پەنا بباتەبەر فشاری مەدەنی بۆ سەر ئەو دەسەڵاتە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سنووری خۆی و پابەندبێت بە ڕێزگرتن لە ماف و ئازادییەکانی خەڵک، بۆیە فشارە مەدەنییەکان کاریگەریی خۆیان دەبێت لەم کەیسەدا.
س.ح