خوێندنگاکانی کامپی پەنابەرانی مەخمور کارنامەیان پێشکەشی خوێندکاران کرد و دەستیان بە پشووی نیوەی ساڵی خوێندن کرد، بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ.
ئەمڕۆ هەزاران خوێندکاری کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، لە پێنج دایەنگە، چوار خوێندنگای سەرەتایی، دوو خوێندنگای ناوەندی و خوێندنگای ئامادەیی، بە دڵخۆشیی و بە جۆشیکی گەورەوە، کارنامەی نیوەی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١ـیان وەرگرت.
هەموو خوێندکاران و مامۆستایان، ئەمرۆ لە خوێندنگای شەهید کۆچەرینی کامپەکە کۆبوونەوە و دوای دەقەیەک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدان، مامۆستا سلێمان تاڵی لە بەڕیوبەرانی خوێندنگاکان قسەی بۆ ئامادەبووان کرد.
مامۆستا سلێمان بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و وتی: سەرەڕای کەمیی دەرفەت و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، ساڵی خوێندنمان گەیاندە نیوە، ئەمرۆ ئێوە بەرهەمی تێکۆشانی چەند مانگتان وەردەگرن، سیستمێک کە لێرە بەڕێوەدەبرێت بە ئاسانی دانەنراوە، لە سایەی ڕێبەرایەتی، شەهیدان و ڕەنجی مامۆستاکان دانراوە، لەم دۆخی کۆرۆنایەدا، لە هەموو شوێنێک پەروەردە بە ئۆنلاینە، بەڵام لێرە مامۆستاکان بێ دوودڵی بۆ ئەوەی خوێندن بە فێڕۆ نەڕوات دەستیان لە پەروەردە هەڵنەگرت.
مامۆستا سلێمان لە کۆتایی قسەکانیشیدا سوپاسی هەموو مامۆستاکانی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ هەموو خوێندکاران خواست، دوای ئەوەش ئەو خوێندکارانەی پلەی یەکەمیان بەدەست هێنابوو، خەڵاتیان پێبەخشرا و لە کۆتاییدا کارنامەی نیوەی ساڵی هەموو خوێندکاران بڵاوکرایەوە.
ب.ک