چوؤرشەممە, 10 يون 2020 – 11:23 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، بەبۆنەی شەهید بوونی قاسم ئەنگین ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە، کە ٢٧ی مانگی ڕابردوو لە هێرشێکی ئاسمانی سوپای داگیرکەری تورک شەهیدبوو، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، لە کەسایەتی شۆڕشگێڕی گەورە هەڤاڵ قاسم ئەنگین-دا هەموو شەهیدانی ئازادیی بەبیرهێناوەتەوە و هاتووە: هێرش بۆ سەر گەلی کورد و جەنگاوەرانی ئازادی کە بەدەستی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هاوکاریی خائینان پێکدێت، بە توندی شەرمەزار دەکەین و ڕایدەگەینین کە هەر چەشنە توندی، تاڵان، قڕکردن و زۆڵمێک یەک بە یەک حەسابیان دەپرسرێتەوە و ئێمەش وەک پژاک گرێدراوی خۆمان بە ڕێگەی شەهیدانی ئازادی، داخواز و ئامانجەکانیان دووپات دەکەینەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکە، بە ئاماژەدان بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە هاوکاری سیخوڕان بۆ سەر بزوتنەوەی ئازادی و هەروەها هێرشەکانی بۆسەر باشور و ڕۆژئاوای کوردستان و هێرشەکەی گوندی سەفرە، هاتووە: بەم هێرشەدا ئاشکرابوو کە ئامانجی دەوڵەتی تورک سنووردار نییە بە گەریلاکانی پەکەکە و هەموو ئازادیخواز و تێکۆشەران دەکاتە ئامانج.
لە بەردەوامیدا، ئاماژە بەوە کراوە کە بەهۆی پاراستن و خاوەنداریی گەریلا لە خاکی وڵات، هەڵویستی خەڵکی باشوری کوردستان و بەرخۆدانیان بەرامبەر داگیرکاری دیارە و هاتووە: پێویستە ئەم تێکۆشانە بگاتە ئەو ئاستەی کە کۆتایی بە بارەگا و ناوەندەکانی سەربازیی و میتی تورک بێت.
هەروەها ئاماژە بە بێدەنگی دەسەڵاتدارانی هەرێمی باشوری کوردستان لە بەرامبەر هێرشەکەی سەر گوندی سەفرە کراوە و هاتووە: پێویستە چیتر بەرپرسیاری بگرنە ئەستۆ، ئەگەر لەمەودوا هیزەکانی باشور و دەوڵەتی عێراق لە بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بێدەنگ بن، ئەمە قبوڵ ناکرێت و بە واتای هاوکاریی هەژمار دەکرێت، بۆیە پێویستە پارت و ڕێکخستنەکانی باشوری کوردستان خاوەن هەڵویستبن و کاردانەوەیان هەبێت و بەرپرسیاریی خۆیان بەجێی بێنن، بۆ ئەوەی ڕووداوەکانی تیرۆر لە باشوری کوردستان دووبارە نەبنەوە، دەوڵەتی تورک لە خاکی باشور وەدەربنێن.
لە بەردەوامیدا باس لە ڕۆڵی ئێران لە ڕووداوەکان کراوە و هاتووە: هەڵوێست و هەڵسوکەوتی ئێران، لەو ڕووداوانەدا دوور نییە و لەناو هەموو پیلانەکانی دژی کورد و بزوتنەوەی ئازادی کورد جێیان گرتووە، ئەمە لە کەسایەتی زیندانیانی کورد خۆی دەردەخات، بۆ نمونە دوور خستنەوە و تووشبوونی زەینەب جەلالیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لەلایەن ڕای گشتییەوە کاردانەوەی لێکەوتەوە، پژاک ئەم دۆخە وەک دۆخیکی نامرۆڤانە دەنرخێنێت و پێویستە دەوڵەتی ئێران دەستوبرد بۆ چارەسەرکردن و ئازادیی ئەو هەڤاڵانە کار بکات، هەروەها پێویستە هەموو ڕێکخستنەکانی مافی مرۆڤ و ڕای گشتی بۆ ئازادیی زیندانیان سیاسی کە لە دۆخێکی نالەبار دان دەستبەکاربن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک’دا، هاتووە: پێویستە هەموو گەلەکەمان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە خاوەنداری لە بەها، بیرەوەری و بەرخۆدانی زیندانیان لە چوارپارچەی کوردستان و ئامانجی شەهیدان، ئەرکی وڵاتپارێزیی خۆیان بەجێی بێنن، هەڤاڵ قاسم ئەنگین لە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد-دا خاوەن ڕەنج، توانا و بەرهەمێکی زۆر گەورە بوو، لە هەموو ساتەکانی ژیانیدا خۆشەویستی و گرێدراوی بە خاک، مێژوو و ڕاستی وڵاتی هێنایە زمان و لەگەڵیدا ژیا، ئێمەش لە هەموو مەیدانەکانی تێکۆشاندا، بە شوێنکەوتنی شۆڕشگێری فەرماندە قاسم ئەنگین، ئەرکمان بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی ئازاد و یەکێتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی دیموکراتی بەجێی دێنین.
س.ح