پژاک لە ساڵیادی کۆماری کوردستاندا جەخت لە پەیامەکەی قازی دەکاتەوە

پژاک ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان پیرۆز دەکات و جەخت لە هەردوو پەیامەکەی قازی محەمەد دەکاتەوە، کە ئەویش یەکگرتن و باوەڕنەکردن بە داگیرکەرانە.


سبەینێ ٧٤-مین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستانە لە شاری مهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەو ساڵیادەشدا پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، کە "یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی مێژووی گەلی کورد، کە هەم جێگای شانازیی و هەم مژاری پێداچوونەوەی ئێمەیە، راگەیاندنی کۆماری کوردستان بوو لە مەهاباد".

پژاک، دامەزراندنی کۆماری کوردستان بە دەرفەتی ڕزگاریی و ئازادیی کورد ناودەبات و هۆکاری مانەوە و بەهێزبوونیشی دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆمەڵێک فاکتەری ناوخۆیی، کە نەیانهێشت کۆماری کوردستان پێگای خۆی پتەوتر و بەربڵاوتر بکات تا بەرگەی هێرشەکان بگرێت.

پژاک، دەشڵێت:"هاوکات بەهۆی سیاسەتی نێودەوڵەتی و سات و سەودای ناوبەینی دەوڵەتی ئێران لەگەڵ روسیا و ئامریکا، کۆماری کوردستان هەڵوەشێندرایەوە و رێبەرانی کۆمار و سەرۆک کۆماری کوردستان پێشەوا قازی محەمەدیشی لەگەڵ، لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانەوە لە سێدارەدران".

هەر لە ڕاگەیەنداروەکەدا هاتووە:"دوو خاڵی سەرەکی کە دەتوانین لەو بوارەدا لە بەرچاوی خۆمان زەقی بکەینەوە و وەک وانەیەک لە چارەنووسی کۆماری کوردستان بۆ ئەوڕۆی گەلەکەمان بە بنەمای بگرین، ئەوەیە کە بەرلە هەرشتێک راز و هێزی سەرکەوتن و رزگاری یەکگرتنە و هاوکات رەواندنەوەی وەهم و باوەڕی لە بەرانبەر داگیرکەر لە مێشکی خۆمانە،  پێشەوا قازیش لە دوا قسەکنیدا پێداگری لەسەر ئەم دوو خاڵە دەکات یەک: یەکبگرن و یەکگرتوو بن. دوو: باوەڕ بە داگیرکەر مەکەن".

لە کۆتاییشدا هاتووە:"لەگەڵ پێرۆزکردنی ساڵوەگەڕی کۆماری کوردستان، هاوکات کین و نەفرەتی خۆمان لەبەرانبەری داگیرکاریی دووپات دەکەینەوە و دڵنیاین بە رۆحی هەڵمەتی راپەڕینی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە کۆتاییدا سەرکەوتن هی ئێمەیە و کەوتن و چۆکدانان هی داگیرکەرانە. جارێکی تر دەستی یەکگرتنمان بۆ هەموو توێژە کۆمەڵایەتیەکانی نەتەوەکەمان و هاوکات هەموو لایەنە سیاسی و مەدەنیەکانی کوردستان درێژدەکەین و پێداگریی خۆمان لەسەر پێویستی یەکیەتی نەتەوەیی دووپات دەکەینەوە".

 

ش.ف