پژاک: کورد دەست لە ئازادی خۆی و ڕێبەرەکەی هەڵناگرێت

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان گەلەکۆمەی نیودەوڵەتی دژی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە شەرمەزار دەکات و ڕایدەگەینێت، ئەو هێزانەی ویستیان بەو پیلانگێڕییە گەلی کورد لەلاپەڕەی مێژوو بسڕنەوە، نەیانزانی بوو کە "کورد دەست لە ئازادی خۆی و ڕێبەرەکەی هەڵناگرێت".


ئەمڕۆ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، لەسەر گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی دژی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەیدا پژاک پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لەسەر ئۆجالان شەرمەزار کردووە و دەڵێت: ئامانجی پیلانگێران بە تێکۆشان و چالاکیی شەهیدان پوچەڵ کرایەوە، ئەو هێزانەی ویستیان بەو پیلانگێڕییە گەلی کورد لە لاپەڕەی مێژوو بسڕنەوە، حەسابی ئەوەیان نەکردبوو کە کورد دەست لە ئازادی خۆی و ڕێبەرەکەی هەڵناگرێت.

لە بەشێکی دیکەدا هاتووە: دەوڵەتی ئێران کە بە کردەوە دژەمرۆڤانەکانی دژی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن مێژوویەکی ڕەشە، بە تایبەتی لە ڕۆژی ١٤ی ٣ی ١٩٩٩ـدا ڕووبەڕووی گەلەکەمان بووەوە کە دژی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی هەستابوون، نیشانیدا کە بەشێکە لەو پیلانگێڕییە، خەڵکی ڕۆژهەڵات بە ڕۆحی وڵاتپارێزی دژی ئەو گەلەکۆمەیە وەستایەوە و سەدان کوڕ و کچی قارەمان بەشداری ڕیزەکانی تێکۆشانی ئازادی بوون و ئەمەش بووە هەوێنی دامەزراندنی پارتەکەمان پژاک، پژاک لە بنەمادا بە ڕۆحی شەهیدانی ١٥ی شوبات خۆی بەڕێکخستن کرد، لەسەر ئەم بنەمایە لە کەسایەتی شەهیدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەموو ئەو شەهیدانە کە بە دروشمی "کەس ناتوانێت ڕۆژی ئێمە ڕەش بکات" جەستەی خۆیان کردە قەڵغانێک لە ئاگر بەبیر دێنێنەوە و بەڵێن دووبارە دەکەینەوە کە خەونەکانیان بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ بەدیبێنین.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک'دا، هاتووە: دوای تێبپەڕێنی ٢١ ساڵ بەسەر ئەم پیلانگێڕییە چەپەڵەوە، هێشتا گەلەکۆمە دژی ڕێبەرمان و گەلەکەمان بەردەوامە، بۆیە داوا لە گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەرەوەی وڵات، هەموو گەلانی ئازادیخوازی ئێران و کەسایەتییە دیموکراسیخواز و سۆسیالیستەکان دەکەین، کە بە ڕۆحی ساڵی ٩٩ پێشوازی لە ١٥ی شوباتی ئەمساڵ بکەن، ئەمڕۆش پێویستە لە بەرامبەر گۆشەگیری دژە مرۆڤانە کەس بێهەڵویست نەبێت، وەک پژاک تێکۆشانی خۆمان بە هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێکرد، بۆیە خەباتی سەرەکیمان بۆ شکاندنی گۆشەگیری و ئازادی ڕێبەرایەتی دەبێت.

س.ح