پۆلیسی دەوڵەتی تورک بارەگای هەدەپەی لە ئامەد گەمارۆدا

دوای دەستبەسەرداگرتنی سێ شارەوانیی گەورەی باکوری کوردستان، پۆلیسی دەوڵەتی تورک بارەگای هەدەپەی لە ئامەد گەمارۆدا و لەبەردەم بینای شارەوانییش هێرشیان کردە سەر گەل.


پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پۆلیسی دەوڵەتی تورک گەمارۆی بارەگای هەدەپەیان دا لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان و ڕێگا نادەن کەس بجێتە ژوورەوە.

لەناو بارەگاکەدا بەڕێوەبەرانی هەدەپە و ئیمام تاشچیئەر پەرلەمانتاری هەدەپە هەن.

لەلایەکی دیکەوە، بۆ ئیدانەکردنى زەوتکردن و دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیی گەورە شارەکانى هەدەپەی ئامەد، وان و مێردین لەلایەن ئاکەپەوە، گەل لە بەدرەم بینای شارەوانیى گەورە شاری ئامەد کۆبوونەوە و دەیانویست کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی رێکبخەن، بەڵام پۆلیسی هێرشی کردە سەریان و بڵاوەی پێکردن.

جێگای ئاماژەیە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی تورک هەریەک لە بەدیعە ئۆزگۆکچەئەرتان هاوسەرۆکی شارەوانیی وان، ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی شارەوانی مێردین و سەلجوق مزراکلی، هاوسەرۆکی شارەوانیی ئامەد-ی لەکاردوورخستەوە و لە شوێنمی ئەوان خۆسەپێنەر (قەیوم)ی دانا.

ش.ف