پۆلیسی سلێمانی: تۆمەتباری ڕووداوی تەقەکردن لە پزیشکەکە دەستگیرکرا

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، کەسێکیان بە تۆمەتی تەقەکردن لە پزیشکەکەی شاری سلێمانی دەستگیرکردووە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، جەختیش دەکەنەوە کە ئەو کەسە بە تەنها تاوانەکەی ئەنجام داوە.


ئەمڕۆ عه‌مید ئاسۆ ته‌ها، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ سلێمانی‌ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەستگیرکردنی تۆمەتباری تەقەکردنی لە د. کەمال ئەحمەد ڕاگەیاند، کە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لەناو نۆرینگەکەی خۆیدا لە شەقامی ئۆرزی تەقەی لێکرا و بەسەختی بریندراکرا.

لەبارەی وردەکاریی تۆمەتبارەکەش، عەمید ئاسۆ ڕایگەیاند ئەو کەسە لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٢ـە و دانیشتووی دەرەوەی شاری سلێمانییە، بەڵام ئامادەنەبوو هۆکاری پشت ئەو ڕووداوە ئاشکرا بکات، "بۆ ئەوەی کاریگەریی لەسەر کارەکانی دادگا نەبێت".

لە ئێستادا د. کەمال لە نەخۆشخانەیە و بەوتەی خانەوادەکەی، بە نەشتەرگەریی فیشەکەکانیان لە لەشی دەرهێناوە و لە ئێستادا باری تەندروستیی جێگیرە.

د.ع