پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارێکی هەڵاتووی دەستگیر کرد کە ساڵی ڕابردوو منداڵێکی کوشتبوو

مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرا تۆمەتبارێكی هەڵاتوویان دەستگیركرد، كە ساڵی ڕابردوو بە ئۆتۆمبێل منداڵێكی شێلابوو ببووە هۆی گیانلەدەستدانی.


ئەمڕۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، ڕۆژی ١٢ی مانگی ٥ی ساڵی ڕابردوو، ئۆتۆمبێلێک لە شارۆچکەی چەمچەماڵ منداڵێكی تەمەن چوار ساڵان دەشێلێت و دواتر شۆفێرەکە هەڵدێت، دوای گەیشتنی مەفرەزەكانی پۆلیس و تیمە فریاگوزارییەكانیش، منداڵەكە ڕەوانەی نەخۆشخانە دەكرێت، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانلەدەستدەدات.

پۆلیس دەڵێت: دادوەر بڕیاری دەستگیركردنی بۆ تۆمەتبار دەركرد، بەڵام لەبەر نادیاری شوێنی نیشتەجێبونەکەی، تۆمەتبار لەوماوەیەدا نەدۆزرایەوە، بەڵام پاش كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونەكان لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەراوە، دەركەوت كە تۆمەتبار هاتووچۆی شاری سلێمانی دەكات.

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، شەوی ڕابردوو توانرا لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەراوە تۆمەتبارەکە دەستگیر بكرێت و لەكاتی دەستگیركردنیشیدا دەستگیرا بەسەر چەكێكی جۆری دەمانچەدا، لەئێستاشدا تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٢٤ی هاتووچۆ بەندە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

س.ح