بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی پەیوەندیی بە خانەوادەی حەسەن کاچارەوە کردووە و پێی ڕاگەیاندوون، کاچار لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکراوە و ‘سبەینێ ئازاد دەکرێت’.
دوای ئەوەی لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە حەسەن کاچار، ئەو هاوڵاتییەی هەفتەی ڕابردوو لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە لە هەولێر شاربەدەرکرا، بێسەروشوێن بوو، کەمێک پێش ئێستا خانەوادەکەی زانیاریی نوێیان بە ڕۆژنیوزدا لەبارەی چارەنووسی کاچارەوە.
بەوتەی خانەوادەکەی، بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی پەیوەندیی پێوەکردوون و پێی ڕاگەیاند، حەسەن کاچار لای ئەوان دەستبەسەرکراوە و دواتریش کاچار بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا کردووە.
بەوتەی کەسوکارەکەی، ‘ئەوانەی لە بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی پەیوەندییان پێوەکردوون، پێیان وتوون دەستبەسەرکردنی کاچار لەبەر ڕێکاری ئەمنیی بووە و سبەینێ ئازاد دەکرێت’.
بەیانی ئەمڕۆ حەسەن کاچار بەمەبەستی بەدەمەوەهاتنی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەیسەکەی، لەبەردەم نوێنەرایەتیی ئەو ڕێکخراوە لە سلێمانی چادری هەڵدا و مانگرتنی ڕاگەیاند.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، بەرلەوەی حەسەن کاچار چادر هەڵبدات، ئاسایشی سلێمانی پێیان وتووە ‘ئەگەر چادر لەمشوێنە هەڵبدەیت، ڕەنگە نوێنەرایەتیی یوئێن ڕێکاربگرنەبەر و پۆلیس ئاگاداربکەنەوە’.
هاوسەری حەسەن کاچار لەڕێگەی ڕۆژنیوزەوە داوا لە نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، هاوسەرەکەی ئازادبکرێت و بە سەلامەتیی بگەڕێتەوە بۆناو ماڵەکەی و مافە یاساییەکانیشی بپارێزرێن.
ب.ل