شەممە, 31 مار 2018 – 17:25
ڕۆژنیوز – هاوڕێ کرێکار
لێپرسراوی کۆمیتەی شارەدێی جەبارە-ی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، هێزێکی پۆلیسی فیدراڵی عێراق، هەڵیانکووتاوەتە سەر گوندێکی کوردنشینی سەر بە شارەدێکە و وێڕای سوکایەتیکردن گوندنشینانی گوندەکە، ٨ هاوڵاتی کوردیشیان ڕفاندووە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ، هێزێکی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق، هەڵیانکووتاوەتە سەر گوندی ساری گوێل-ی سەر بە شارەێی جەبارە لە شارۆچکەی خانەقین-ی پارێزگای دیالە، کە گوندێکی کوردنیشینە، بەهۆیەوە گوندە بۆ ماوەیەک چۆڵکراوە.
ئامانج عەبدولڕەزاق، لێپرسراوی کۆمیتەی جەبارەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە ڕۆژنیوزی وت: هێزەکەی پۆلیسی فیدراڵیی زۆربوون و سوکایەتییان بە خەڵکی گوندەکە کردووە و بە شەق لە هاوڵاتیانیان داوە و تەقەیان بەنێو گوندەکەدا کردووە.
ڕاشیگەیاند: ئەو هێزە ٨ هاوڵاتییان ڕفاندووە، دوای ماوەیەکی کەم، ٤ لەو هاوڵاتیانەیان بەهۆی زۆری تەمەنیانەوە ئازادکردووە، بەڵام چوارەکەی دیکە کە گەنجن پیشەیان خوێندکار و شوانکارەیە، هێشتا ئازادنەکراون.
بە وتەی لێپرسراوی کۆمیتەی جەبارەی یەکێتی، پاساوی پۆلیسیی فیدراڵی عێراق بۆ هەڵکوتانە سەر ئەو گوندە کوردنشینە و ڕفاندنی ئەو هاوڵاتیانە، ئەوەیە کە گوایە دانیشتووانی ئەو گوندە بەهۆی نزیکیی چەتەکانی داعش لە گوندەکەیانەوە، هاوکاری چەتەکان دەکەن.
ئامانج عەبدوڵڕەزاق، ئەوەشی خستەڕوو: دوێنی بەهەمان شێوە پۆلیسی فیدراڵی هەڵیانکووتاوەتەوە سەر ئەو گوندە و سێ هاوڵاتییان دەستگیرکردوە و دواتر دووانیان کە عەرەب بوون ئازادکراون، بەڵام هاوڵاتییەکەی دیکە، کە کورد بووە، تا ئێستا ئازادنەکراوە، بۆیە ئەمڕۆ دانیشتووانی گوندەکە لە کاتی چوونی ئەو هێزەدا ماڵەکانیان جێهێشتووە، بەڵام ئێستا هێزەکە لە گوندەکە نەماون و گوندنشینان دەگەڕێنەوە گوندەکەیان.
شارەدێی جەبارە لە ڕووی ئیدارەییەوە سەر بە شارۆچکەی خانەقین-ە و لە ڕووی جوگرافیشیەوە دەکەوێتە باشوری شارۆچکەی کفری-ی سەر بە ئیدارەی گەرمیان، دانیشتووانی شارەدێکە و گوندەکانی دەوروبەری لە هەرسێ نەتەوەی کورد، عەرەب و تورکمان پێکدێن.
ب.ل