پۆلیسی كەركوك لێكۆڵینەوە لە سووتانی دەغڵی جوتیاران دەکات

وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی كەركوك ڕایدەگەنێت، لێكۆڵینەوە لە لایەن دەزگا ئەمنیەكانەوە دەستیپێكردووە، بۆ ئاشکراکردنی ئەوکەسانەی لە پشت سووتانی بەرهەمی جوتیارانی سنووری كەركوكەوەن.


لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 10 حاڵەتی سوتانی دەغڵ و گەنم و جۆی جوتیاران لە سنووری پارێزگای كەركوك تۆماركراوە، هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردووداشدا لە سنورەكانی داقووق و شارەدێی سەرگەڕان لە سنوری پارێزگای كەركوك ئاگر لە چەندین پارچە دەغڵی جوتیاران بەردراوە، لەم بارەیەوە ئێوارەی ئەمڕۆعەقید ئەفراسیاو كامیل وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەڕێوەبرد.

عەقید ئەفراسیاو، وتی: دۆخی كەركوك بەگشتی لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە، وە هێزە ئەمنیەكانی ناو شاری كەركوك بەسەرپەرشتی ژووری ئۆپراسێۆنەكانی  كەركوك، وە فەرماندەی پۆلیسی كەركوك و لیوای 61 ی سەرۆكایەتی وەزیرانی عێراق، ئەم هێزانە لە گەڕِان و پشكنین و جێبەجێكردنی ئەركەكانیاندان لە شاری كەركوك لەم مانگەدا".

لەسەر سووتانی بەرهەمی جوتیاران، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك وتی:"ئێمە بەدواداچوون دەكەین بۆ سوتانی دەغڵی جوتیاران، وە لێكۆڵینەوەمان دەستپێكردووە، تا ئێستا ڕوون نییە كە كێن ئەوانەی بەرهەمی جوتیاران دەستووتێنن، تەنها دوو حاڵەتی سوتان نەبێت كە داعش بەرپرسیارییەتی گرتووەتە ئەستۆ".

دەربارەی جموجۆڵی داعش لە ناوچاكانی باشوری كەركوك، وتەبێژی پۆلیس ڕایگەیاند:"ناوبەناو چەتەكانی داعش لە باشوری كەركوك پەلەماری هێزە ئەمنییەكان دەدەن، لەبەرامبەردا هێزە ئەمنییەكان ئۆپراسیۆنی فراوان لە باشوری كەركوك بەڕیوە دەبەن".

س.ح