پۆلیسی ڕاپەڕین: لە ساڵی ٢٠١٩دا ٤۱۸٦ ڕووداو ڕوویانداوە

پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماری ڕووداوە جۆراوجۆرەکانی ساڵی ڕابردووی خستەڕوو، ڕایگەیاند لە ساڵی ۲۰۱۹دا ٤۱۸٦ ڕووداوی جۆراوجۆر ڕوویانداوە و لەناویاندا ۳٦ کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لە دەستداوە و شەش ژنیش خۆیان سوتاندووە.


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماری سەرجەم ڕووداوەکانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕینی سەر بە پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند.

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، لە کۆنگرەکەدا، ڕایگەیاند، لە ساڵی ۲۰۱٨ (٤۳۱٥) ڕووداوی جۆراوجۆر ڕوویانداوە، بەڵام لە ساڵی ۲۰۱۹دا (٤۱۸٦) ڕووداو ڕوویانداوە و بەراورد بە ساڵی ۲۰۱٨ ڕووداوەکان کەمیانکردووە.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە لەناو ڕووداوەکاندا ۳٦ کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لە دەستداوە، ۱۰ کەس بە ڕووداوی سووتان گیانیان لە دەستداوە ۲ پیاو و ٨ ژن، خۆسووتاندن ۷ کەس ۱ پیاو و ٦ ژن، خنکان لە ئاودا ۹ کەس، تەزووی کارەبا ۷ کەس، کوشتن بە ئەنقەست ۱٨ کەس، ڕووداوی خۆکوشتن ٥ کەس و هۆکاری جیا جیا ۳٥ کەس.

پۆلیسی ڕاپەڕین، وتیشی: ئەو دۆسیانەی پەیوەندییان بە کوشتن و خۆسووتاندن و هەڕەشە لە سەر ژنان کە کەوتۆتە لای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بەمجۆرەیە: کوشتن ٤ کەس، سووتان و خۆسووتاندن ۱٦ کەس، لێدان ۲٨، هەوڵی خۆکوشتن ۱، هەڕەشە ٤۳، بەدڕەوشتی ۱۳، دەرمان خواردن ۲ و ڕووداوی جۆربەجۆر ۱٥.

ک.س