"پیلانگێری لەسەر کوردان بەردەوامە"

لە ناوچەی مارادوی بناری قەندیل، سمینارێک سەبارەت بە ساڵڕۆژی دەستپێکردنی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی سەر ئۆجالان بەڕێوەچوو.


ئێوارەی ئەمرۆ کاتژمێر ٨ لە گوندی سپێرۆی ناوچەی مارادوی بناری قەندیل سمینارێک لە سەر پیلانگێری نێودەوڵەتی لە سەر عبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان ساز درا.

دوای وەستانی خولەکێک رێزگرتن بۆ گیانی پاکی شەهیدان، شێخ محەمەدی بەستێ ئەندامی ئەنجوومەنی گەلی بناری قەندیل قسەی کردو وتی: ئەگەر سەرنج بدەین لە ڕۆژێکی وەک ئەمرۆدا پیلانگێری دژی ڕێبەر ئاپۆ لە لایەن زلهێزەکانی جیهانەوە بەرێوە چوو ئێستاش لە هەمان ڕۆژ هێرشی ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکرد، ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە کە پیلانگێری لە سەر کوردان بەردەوامە.

شێخ محەمەد ڕێگای یەکگرتن و یەکێتی نەتەوەیی بە چارەسەر دەزانێت و دەڵێت: ئەگەر دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەبار بچن بێگومان سبەی سەڕەی باشوری کوردستان دێت چونکە دوژمنان قبوڵی ناکەن کورد لە هیچ شوێنێک دەستکەوتی هەبێ.

لە ساڵڕۆژی دەستپێکردنی پیلانگێڕی نێودەوڵەتیدا، ئامادەبوانی سمینارەکە بانگەوازییەکیان ئاراستەی سەرجەم کوردانی وڵاتپارێز کرد کە بەهەموو شێوەیەک خاوەنداری لە دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن.

ب.ش