پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات لە سلێمانی شەرمەزارکرا

​​​​​​​پیلانگێڕیی ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ کە تێیدا عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە ڕفێندرا، لە سلێمانی شەرمەزارکرا، تێیدا پەیامی 'گۆشەگیریی تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین، کوردستان ئازاد دەکەین' درا.


بە بۆنەی ٢١مین ساڵیادی پیلانگێڕیی ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩، کە تێیدا عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە ڕفێندرا، هەریەکە لە ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، گردبوونەوەیەکیان بۆ شەرمەزارکردنی ئەو پیلانگێڕییە ئەنجامدا.

شەهێن محەمەد، هاوسەرۆکی هەرێمی سلێمانیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، بەیاننامەی گردبوونەوەکەی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: وەک چۆن ماوەی چەند مانگێکە چالاکییەکانی تەڤگەری ئازادیی قەدەغە دەکرێن، ئێمە سەردانی ئاسایشی سلێمانیمان کرد بۆ ئەنجامدانی چالاکیی بۆ ١٥ی شوبات، بەڵام ڕەتیانکردەوە کە مۆڵەتمان پێ بدەن، لەو چوارچێوەیەدا ئێمە ئەو نزیکایەتییە شەرمەزار دەکەین.

ئەوەش هاتبوو: لە ٢١ەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی ١٥ی شوباتدا، جارێکی دیکە ئەو پیلانگێڕییە شوومە بەر نەفرەت دەدەین، وەک چۆن هەر لە سەرەتاوە بە بەرخۆدانێکی مێژوویی ڕووبەڕووی ئەو پیلانگێڕییە بووینەوە، لەمڕۆشدا بەهەمان ڕۆحی بەرخۆدانەوە بە دروشمی 'گۆشەگیریی تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین، کوردستان ئازاد دەکەین'، ڕووبەڕووی هەموو جۆرە پیلانگێڕییەک دەبینەوە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، ئاماژە بەوەش کرابوو: لە کاتێکدا پێدەنێینە ٢١مین ساڵیادی پیلانگێڕییەوە، ڕێبەر ئاپۆ بە بەرخۆدانێکی بێ هاوتا ڕووبەڕووی گۆشەگیریی بووەتەوە، لە زیندانەکان و لە هەر چوار بەشی وڵات و دەرەوەی وڵات بە پێشەنگایەتیی لەیلا گوڤەن و ناسر یاگز، مانگرتنی سەرتاسەریی بۆ شکاندنی گۆشەگیریی و کردنەوەی ڕێگاچارەی دیموکراتییانە بۆ چارەسەریی دۆزی گەلی کورد بەڕێوەدەچێت.

هەر لەو بەیاننامەدا هاتبوو: پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی بە بەشداریی دەیان دەوڵەت و هێزی بەکرێگیراوی کورد بەڕێوەچوو، ئامانجەکەی ئەوەبوو کە ڕێبەرایەتیی ئازاد و بزووتنەوەی ئازادیخوازی پەکەکە و گەلی ئازادیخواز ڕووبەڕووی یەکتر بکەنەوە و دواتر لەناوببرێن.


ک.ک