پیلانە شاراوەکانی دەوڵەتی تورک لە برادۆست

دەوڵەتی تورک لەگەڵ هێرشە داگیرکەرییەکانی بۆسەر باشوری کوردستان، هەوڵدەدات کە لە ناوچەی برادۆست گروپی چەکدار دروست بکات، ئاشکراش بووە کە دەوڵەتی تورک لەگەڵ هەندێک لایەنی کورد و سەرۆک عەشیرەتەکان کۆبووەتەوە و دەیەوێت لە دژی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد هانیان بدات.


هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر باشوری کوردستان بەردەوامە و هەوڵی پیلانی شارەوە دەدات، سەرچاوە جێی باوەڕەکان کە لە نزیکەوە چاودێری گۆڕانکارییەکان دەکەن و نەیانویستووە ناوەکانیان ئاشکرا بکرێت، زانیاریی گرنگیان بە ڕۆژنیوز داوە.

بەپێی ئەو زانیاریانە، دەوڵەتی تورک جگە لەوەی هێرشەکانی بۆ داگیرکردنی هەرێم هەر ڕۆژ بەردەوام دەکات، هەندێک پیلانی شاراوەشی هەیە.

پێش نەورۆز کۆبوونەوە

کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنی نهێنی بە تایبەت لە ناوچەی برادۆست دژی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد بەڕێوەدەبەن، سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە داوە، کە کاربەدەستانی ڕێکخراوی سیخوڕی نەتەوەیی (میت)ی تورک، پێش نەورۆزی ئەمساڵ لە ناوچەی برادۆست لەگەڵ سەرۆک عەشیرەت، ڕیشسپییەکان و نوێنەری هەندێک لایەن کۆبوونەوەیان کردووە، سەرچاوەکان هەروەها ڕایانگەیاندووە، کە نزیکی ١٠٠ کەس بەشداری ئەو کۆبوونەوانە بوون وهەوڵدراوە دژی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد کوردستان پیلان دابڕیژرێت.

هێزی چەکداری

سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە، کە دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات بە پارە دژی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد گروپی چەکدار دروست بکات و لەو چوارچێوەیەدا زۆر کەسیان پەروەردە کردووە، ئەو هەوڵانە لەژێر ناوی دینداریی دەکرێت و چەکیشیان بە هەندێک کەس داوە.

کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنەکانی باشور و ڕۆژهەڵات

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، کە دەوڵەتی تورک لەم ڕۆژانەدا لە ناوچەی برادۆست لەگەڵ نوێنەری هەندێک لایەنی کوردی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە کۆبوونەوەی کردووە، لەو کۆبوونەوانەدا لەسەر دژایەتی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد قسەکراوە و وتراوە: "ئەگەر لە ئێران شتێک ڕووبدات، ئێمە ڕێگە نادەین گۆڕانکارییەک هاوشێوەی ڕۆژئاوای کوردستان دروست بێت، ئێمە لەوێ هێزێک دروست دەکەین".

جموجوڵەکانی زیادیان کردووە

سەرنجڕاکێشە کە دوای ئەم باسانە لە ناوچەی برادۆست، جموجۆڵی هەندێک لە هێزەکان زیادی کردووە، لە ڕۆژی ١ی ئەم مانگەدا لە نێوان هەردوو باڵی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدک و حەکا) لەلایەکیشەوە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران-دا لە چیای هەڵگورد سەربە پارێزگای هەولێر ئالۆزی ڕوویداوە، هەرچەند ئالۆزییەکە شەڕی چەکداریی لێنەکەوتەوە، بەڵام هێشتا چارەسەر نەبووە و دەوترێت ئەو هەردوو باڵەی دیموکرات داوایان کردووە سازمانی خەبات لە ناوچەکە بکشێتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە ڕاگەیەندراوە، هێزەکانی پارتی ڕۆژی ٣١ی مانگی پێنج لە ناوچەکە دەستیان بە جموجۆڵ کردووە و شەوانە کاروانێکیان کە پێکهاتووە لە ١٥ ئۆتۆمبێل، ڕەوانەی ناوچەی برادۆست کردووە، سەرچاوەکان باسی ئەوەشیان کردووە، کە لەگەڵ ئەو هێزەدا ژمارەیەک حەفارە و ئۆتۆمبێلی دروستکردنی ڕێگاوبان و کۆنتێنەر بۆ مانەوە براوەتە ئەو ناوچەیە.

س.ح