پێشبڕکێی پێکهێنانی حکومەت لە هەرێم دەستپێدەکات

لەدوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە، هەنگاوی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.


ڕۆژی ٣٠ی ئەیلول هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان  بەڕێوەچوو، بەگوێرەی یاسا  لەدوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنەوە، هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم دەستپێدەکات.

بەگوێرەی ڕێژەی کورسییەکانی پەرلەمان، ئەگەر هەر حزبێک لە هەڵبژاردندا توانی ٥٦ کورسی پەرلەمانیی بەدەستبهێنێت، ئەوا دەتوانێت بەتەنیا کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام دەبێت متمانەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، ئەگەر هیچ حزبێکیش ئەو ڕێژەیەی بەدەستنەهێنا، ئەوا چەند لایەنێک دەچنە پاڵ یەک و گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیی پێکدێنن.

بەپێی بڕگەی سێیەمی ماددەی ١٠ لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە، سەرۆکی هەرێم  بانگهێشتی پەرلەمان دەکات بۆ ئەنجامدانی یەکەمین کۆبوونەوەی خولی نوێ، بەڵام دوای دەستلەکارکێشانەوەی  مەسعود بارزانی و نەمانی سەرۆکی هەرێم لە ڕۆژی ٢٩ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی دابەشکرد بەسەر پەرلەمان و حکومەت و ئەنجومەنی دادوەریی، ئەرکی بانگهێشتکردنی دانیشتنی یەکەمی خولی نوێی پەرلەمان، سپێردراوەتە ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان.

هەر بەگوێرەی بڕگەی سێیەمی ماددەی ١٠، لە حاڵێکدا ئەگەر بانگهێشت بۆ یەکەمین دانیشتنی پەرلەمان نەکرا لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێم یان ئەنجومەنی دادوەریی، ئەوە پەرلەمان دەتوانێت بەبێ بانگهێشت لە ڕۆژی دوای ئەو وادەیەی، کە دیارییکراوە دانیشتنی خۆی پێکبهێنێت.

لە یەکەمین دانیشتنی خولی نوێی پەرلەماندا، کە بەسەرۆکایەتیی بەتەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێوەدەچێت، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت و لەلایەن سەرۆکی دانیشتنەکەوە داوا لە دەستەی سەرۆکایەتیی دەکرێت، کە بچنە شوێنی دیایکراوی خۆیان.

دواتر لە دانیشتنێکی دیکەدا پەرلەمان ناوی کاندیدەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت وەردەگرێت، هەر کاندیدێکی متمانەی زۆرینەی پەرلەمانتارانی بەدەستهێنا، پەرلەمان بەگوێرەی بڕگەی سێیەمی ماددەی ٥٦ یاسای هەڵبژاردن، ناوی سەرۆک وەزیرانی لێدەنات و لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە ڕادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت، مەرجیش نییە ئەو کەسە لە حزبێک بێت، کە زۆرترین کورسی پەرلەمانیی بەدەستهێنابێت، بەڵام دەبێت متمانەی لەسەدا ٥٠+١ی ئەندامانی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.

دوای ڕاسپاردنی کەسەکە، ئەنجومەنی دادوەریی، ماوەی ٣٠ی ڕۆژی بۆ دادەنێت تاوەکو کابینەی حکومەتەکەی دروستبکات.

ئەگەر لایەنێک زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەستهێنا، ئەوا هەر خۆی دەتوانێت حکومەت پێکبهێنن، بەڵام  ئەگەر هیچ لایەنێک ئەو ڕێژەیەی بەدەستنەهێنا، ئەوان گەڕی ڕێککەوتن و دانووستانی نێوان حزب و لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردن دەستپێدەکات، بەشێوەیەک، حزب و لایەنە سیاسییەکان لەناو خۆیاندا ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان بەگوێرەی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن دەکەن، واتە جێبەجێکردنی هەنگاوە یاساییەکانیش بەگوێرەی دەرەنجامی ڕێککەوتنە سیاسییەکان دەبن.

لەدوای ئەو ٣٠ ڕۆژەی کە بۆی دیارییکراوە، ئەگەر کابینەکەی پێکهێنا، ئەوا دەبێت بەرنامەکانی کابینەکە بباتە پەرلەمان و پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات و پەسەندی بکات، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر بەرنامەی کابینەکەی لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند نەکرا یان ئەو کەسە نەیتوانی لەو وادەیەی کە بۆی دیاریکراوە کابینەکە پێکبهێنێت، ئەوا پەرلەمان کەسێکی دیکە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ڕادەسپێردرێت.

ش.ف