پێشبینییەکانی ئۆجالان لەسەر وێرانکاریی سەرمایەداریی و چارەسەرەکانی-١

بە هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر کەس دەستیان کردووە بە باسکردن لەسەر سیستمی سەرمایەداریی و لەناوبردنی ژینگە، بەڵام عەبدوڵا ئۆجلان ڕیبەری گەلی کورد چەندین ساڵ لەمەوبەر سەرنجی خستووەتە سەر تاڵانکاریی و وێرانکارییەکانی سیستمی سەرمایەداریی و هۆشداریی بۆ دروستبوونی قەیرانێکی گەورە کردووە و ڕێگاچارەکانیشی پێشکەش کردووە، بە تایبەت لەسەر ژینگە، پیشەسازی و شارەوانی و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگا کە ئەمڕۆ دێتەدی.


ڤایرۆسی کۆرۆنا "کۆڤید-١٩" کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩ لە چین بڵاوبووەوە و تا ئێستا بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی هەزاران مرۆڤ، کە لەگەڵ خۆشیدا باسی دەوڵەت، دەسەڵات و سەرمایەداریی پێشخستووە، لە زۆربەی ئەو نرخاندنانەی دەکرێت، سیستمی سەرمایەداریی و ئەو وێرانکارییانەی بەسەر کۆمەڵگا و ژینگە هێناوە، وەک هۆکاری ڤایرۆسەکە نیشان دەدرێت، بە واتایەکی دیکە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک ئەنجامێکی سیستمی کاپیتالیزم پێناسە دەکرێت، لەلایەکی دیکەشەوە تێکۆشان بۆ دیموکراسی، یەکسانی و ئازادیی باسیان لەسەر دەکرێت، لە زۆربەی ئەو باسانەی دەکرێت سەرنج دەخرێتەسەر ئەم قۆناغە کە لەگەڵ خۆیدا گۆرانکاریی زۆر دێنێت و سیستمەکە دەهەژێنێت.

یەکێک لەو بابەتانەی زۆرترین باسی لەسەر دەکرێت ژینگەیە، زۆرێک لە پسپۆرەکانی بواری ژینگە باوەڕیان وایە کە سروشت لە بەرامبەر سیستمی سەرمایەداریی کە سروشتی تاڵان کردووە سەریهەڵداوە و کاردانەوەکەشی بەم شێوەیە نیشانداوە.

ئۆجالان چەندین ساڵ لەمەوبەر سەرنجی خستووەتەسەر

لە کاتێکدا بە تەشەنەسەندنی کۆرۆنا باسەکانیش زۆربوون، بەڵام عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد لە پارێزنامەکانی خۆیدا کە لە زیندانی ئیمرالی نووسیویەتی، چەندین ساڵ لەمەوبەر سەرنجی خستووەتەسەر گرنگی سروشت و جێگەیەکی بەرفراوانی پێداوە.

عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد ڕێگەچارەکان لەژێر ناوی "ژینگە، پیشەسازی، شارەوانی و بزوتنەوەی ژینگەیی و دیموکراتی دژی سیستم" باس کردووە، ئێمەش ویستمان ئەو نرخاندنانە بەش بەش بە خوێنەرانمان پێشکەش بکەین.

کێشەی ژینگە و چارەسەری

ڕێبەری گەلی کورد لە پارێزنامەکانیدا هەم سیستمی سەرمایەداریی و کۆمەڵگایەک کە لە ژینگەی خۆیدا بڕاوە دەنرخێنێت، هەمیش چارەسەری چوونەدەرەوە لە قەیرانەکانی دەخاتەڕوو. 

ئۆجالان تێکچوونی هاوسەنگیی سروشت و ڕوودانی کارەساتەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو قازاشتە فراوانەی دەست سیستمی سەرمایەداریی دەکەوێت، لە زۆربەی بەشەکاندا هۆشداریی جددی دەدات، کە ئەگەر کۆمەڵگا نەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگەی ژینگەیی و دەسەلاتدارەکان دەست لە قازانجە فراوانەکانیان هەڵنەگرن، ئەوە ڕووبەڕووی کارەساتە گەورەکان دەبنەوە.

مرۆڤ بەشی پێشکەوتووی سروشتە

ئۆجالان پەیوەندیی سەرەتایی لەگەڵ سروشت وەکو پەیوەندیی منداڵ و دایک ناو دەنێت و وەها پێناسەی بۆ دەکات؛ "لە کۆمەڵگای سەرەتایی کۆمینەکاندا، پەیوەندیی کۆمەڵگا لەگەڵ سروشت وەکو پەیوەندیی منداڵ و دایکە، کۆمەڵگا سروشت بە زیندوو دەبینێت، وەک پێوەرێکی بنەمایی دینی، بۆ ئەوەی دژی نەوەستێتەوە و لە بەرامبەریدا خەتا نەکات، مرۆڤ لە جەوهەری خۆیدا بەشی پێشکەوتووی سروشتە، کۆمەڵگای مرۆیی بە گوێرەی گیانلەبەرەکانی دیکە وەک سروشتێکی هۆشمەند و نەرم دەناسرێت، کۆمەڵگای مرۆییش هەبوونێکی زیندووی جیهانە، بەرهەمی کەشوهەوایەکە کە بە نەرمونیانی دروست کراوە، بەرهەمی جیهانی ڕوەک و گیاندارەکانە، کەشوهەوای جیهانی ئێمە و ڕوەک و گیاندارەکان گرێدراوی یەکن و شتێکی گشتییە کە کۆمەڵگای مرۆییش دەگرێتەوە، ئەو سیستمانەی باسیان لێوە دەکەین زۆر نازکن و بە توندی پێکەوە گرێدراون، وەک ئەوەی زنجیرەیەکیان دروست کردبێت، کە ئەگەر عەڵقەیەکی بپچڕێت هەموو زنجیرەکە تێکدەچێت و کاریگەری لەسەر ئەوانی دیکە دادەنێت. 

تەماح بۆ قازشتی زیاتر ڕێگە بۆ تێکچوونی ژینگە دەکاتەوە

عەبەدۆڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، هۆکاری تێکچوونی ژینگە دەگەڕێنێتەوە بۆ تەماحی قازاشتی زیاتر لەلایەن هێزی سەرمایەدار و دەوڵەتدارەکان، وەها شرۆڤەی دەکات: بەو زیهنییەتەی لە هەندێک گروپی ناو کۆمەڵگا دەرکەوتووە و لەسەر ئەمە بە یەکدەستکردنی کار-سەرمایە، خۆیان بە ڕێکخستن دەکەن، دەبنە هۆکار بۆ ئەوەی عەڵقەیەکی سەرەکی لە زنجیرەی ژینگە بپچرێت و کارەساتە زنجیرەییکان ڕووبدەن و دەتوانن بەرهەمەکانی ژینگە ڕووبەڕووی قیامەت بکەنەوە.

زاڵبوون بەسەر مرۆڤەکان، زاڵبوونەوە بەسەر سروشت لەگەڵ خۆی دێنێت

ئۆجالان دەستپێکردنەوەی بیانیبوون لەگەڵ سروشت و زاڵبوونەوە بەسەر ژینگە دەگەڕێنێتەوە بۆ دستپێکردنەوەی شارستانییەت و دروستبوونی دەوڵەتەکان و دەڵێت: دوای ئەوەی کۆمەڵگای دەوڵەتپارێز بە فراوانی و بە قووڵی گەورە دەبێت، کۆمەڵگای ژینگەیی هەنگاو بە هەنگاو پشتگوێ دەخرێت، ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگا چەندە گەورە دەبێت، ئەوەندەش ناکۆکییەکانی لەگەڵ کەشوهەوا زیاد دەبێت، زاڵبوون بەسەر مرۆڤەکان، زاڵبوونەوە بەسەر سروشت لەگەڵ خۆیدا دێنێت، باسی وەحشی بوونی سروشت دەکرێت، کە سەتاسەت ڕاست نییە، مرۆڤ دژی هاوڕەگەزی خۆی وەحشی بووە، لەدژی سروشتیش بە شێوەیەکی مەترسیدار وەحشی بووە، ئەمەش لە کێشەکانی ژینگەدا بە شێوەیەکی ئاشکرا دەبینرێت، هیچ گیانلەبەرێک ئەوەندەی مرۆڤ ڕۆەک و گیاندارەکانی لەناو نەبردووە، ڕوون و ئاشکرایە، سیستمێک کە دڵی بۆ مرۆڤ نەسووتێ، هەر خراپەیەک بەرامبەر سروشت دەکات. 

سروشتیش وەڵامی دەبێت

ئۆجالان ئاماژە بەوە دەکات ک بە قووڵبوونەوە قەیرانەکانی سیستمی کۆمەڵگا، قەیرانە ژینگەییەکان دروست دەبن و وەها دەڵێت: "لەگەڵ قەیرانی سیستمی کۆمەڵگا، قەیرانی ژینگەیی قووڵ دەبێت، پێویستە مرۆڤ لەبیری نەکات کە عەڵقەکانی ژینگە بەرهەمی ملیۆنان ساڵن، زیانەکانی پێنج هەزار ساڵی ڕابردوو و بە تایبەتی لە ٢٠٠ ساڵی ڕابردوودا، وەک پچڕاندنی هەزاران عەڵقەیە کە بە درێژایی ملیۆنان ساڵ دروست بوون، کە ئەمە لە ماوەیەکی زۆر کورت ڕوویداوە و کاردانەوەی شکانی دەستپێکە.

کاتێک سروشت سەبری نەما، سەیری فرمێسکی مرۆڤ ناکات

لە بەردەوامیدا ئۆجالان دەڵێت: نازاندرێت کە ئەمە چون دەوەستێندرێت، لە سەرویانەوە ڕێژەی دانۆکسیدی کاربۆن (CO2) و گازەکانی دیکە لە بەرگەهەوا (ئاتمۆسفەر)، ڕێگە بۆ پیسبوونی دەکاتەوە، پێشبینی دەکرێت کە ئەم پیسبوونەی بەرگەهەوا، لە ئێستادا تا ١٠٠ ساڵ و لەوانەشە تا هەزار ساڵی دیکە پاک نەبێتەوە، ئەنجامی زیانەکانی سەر ڕوەک و گیانلەبەرەکان بە تەواوەتی ڕوون نەبوونەتەوە، بەڵام لە هێماکانی بەرگەهەوا S.O.S ئاشکرایە، پیسبوونی دەریا و ڕووبارەکان و گەشەسەندنی بیبانەکان گەیشتووەتە سنووری کارەسات، نیشانەکان بە تەواوەتی هێمایە بۆ قیامەتێک لە سروشت، کە بە دەستی هەندێک گروپ کە خۆیان لە تۆڕێکدا بەڕێکخستن کردووە بەسەر کۆمەڵگادا دێت، بێگۆمان سروشتیش وەڵامی دەبێت بۆ ئەم دۆخە، چونکە ئەویش زیندووە و مێشکی هەیە، سنووری هەیە، سەبریشی تا شوێنێکە، خۆڕاگرییشی سنوورێکی هەیە، لە شوێن و کاتی خۆیدا وەڵامی دەبێت، ئەو کاتەش سەیری فرمێسکی مرۆڤەکان ناکات، بۆ ئەوەیکە، هەمووان لەو هەموو خیانەتە بە تواناکانی و بەها دیارییەکانی کراوە، بەرپرسیارییان هەبێت، قیامەت دەکات، بەڵام کاتەکەی دیار نییە. 

ئەو وانانەی پێویستە وەربگیرێن چیین؟

عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، لە پارێزنامەی "بەرگری لە گەلێک" کە ساڵی ٢٠٠٤ لە چاپ دراوە دەڵێت: ئەگەر مرۆڤ بە گوێرەی سروشت و ژینگە بژیت، دەتوانێت ژیانی ژینگەیی خۆی بەردەوام بکات، لەسەر ئەو وانانەی پێویستە وەربگیرێن دەڵێت: وانە و ئەنجامێک کە ئێمە دەتوانین لێوەرگرین ئەمەیە؛ جۆری مرۆڤ ئەگەر بە گوێرەی عەڵقەکانی پێگەیشتن (تەکامول) و پاڵاوتن بجوڵێتەوە دەتوانێت هەبوونی خۆی بەردەوام بکات، ئەگەریش بە پێچەوانە بجوڵێتەوە، هەبوونی ژینگەیی خۆی لەناو دەبات، دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ نەتوانێت هەبوونی خۆی بەردەوام بکات، ئەگەر پەیوەندیی نێوان جۆرەکان بپچڕێت، لە عەڵقەی پێگەیشتن بڕانەوەی گەورە ڕوودەدات و ئەمەش دەبێتە هۆی کێشەی مانەوە و درێژەدان بە هەبوونی زۆرێک لە جۆرەکان و لەناوچوونیان.

ئەم ڕووداوە نەرێنییانە چارەسەر نیین

سەرەڕای هەموو ڕووداوە نەرێنی و کارەساتەکان، ئۆجالان ڕەشبینانە سەیری ڕووداوەکان ناکات و سەرنج ڕادەکێشێتە سەر ئەم بابەتانە؛ "ناوەڕۆکی سیستم قەیرانی کۆمەڵایەتیی گەیاندووەتە لێواری کابوس، کارەساتەکانی ژینگەش لە ئارادان، دەستیان پێکردووە و هێماکانی S.O.S نیشان دەدەن، شارەکان وەک شێرپەنجە گەورە دەبن، هەوا پیس دەبێت، کونی لایەی ئۆزۆن قووڵدەبێت، جۆرەکانی ڕوەک و گیانلەبەر قۆناغ بە قۆناغ کەمدەبن، تاڵانکردنی دارستانەکان، پیسبوونی ڕووبارەکان، لەهەر ناوچەیەکدا گردەکانی خوڵ بەرزدەبن، کەمبوونەوەی لەناکاوی ئاوەکان، زۆربوونی بێ کۆنترۆڵی دانیشتووان، ئیدی سروشتیش سەرهەڵدەدات، بەهۆی داوای قازاشتی زیاتر، بیر لەوە ناکرێتەوە کە جیهانی ئێمە چەندە شار، مرۆڤ، کارگە، ئۆتۆمبێلی بانگەشە، ماددەی هۆشبەر و ئاو و هەوای پیس هەڵدەگرێت، بەڵام ئەم ڕووداوە نەرینییانە چارەسەر نیین.

پێویستە بۆ تێگەیشتن لە ژینگە هەڵمەتێک دەستپێبکرێت

ئۆجالان بۆ پێشگرتن لە کارەساتەکان، ئاماژە بە گرنگی هەڵمەتەکانی پێشخستنی زانستی ژینگەیی (ئیکۆلۆژی) و ڕێکخستنە هەرەوەزی و جیهانییەکان دەکات و بۆ چوونە دەرەوە لە قەیرانەکان ئەم پێشنیارانە دەکات، "پێویستە بۆ وەستاندنی کارەساتە ژینگەییەکان، زۆرێک لەو ڕێکخراوانەی بۆ ئەمە دامەزراون، زیاتر بەهێز بکرێن و ببنە بەشێکی کۆمەڵگەی دیموکراتی، یەکێک لە کارە بنەماییە دیموکراتییەکان تێگەیشتن و ڕێکخستن لە بواری ژینگەیە کە دەبێت بەهێز بکرێت، وەکچون لە کاتی خۆیدا هەڵمەتێک بۆ تێگەیشتن لە چین و نەتەوە ڕێکدەخرا، ئێستاش دەبێت بۆ تێگەیشتن لە ژینگە و دیموکراسی ڕێکبخرێت، لە مافی ئاژەڵەکان بگرە تا پاراستنی دارستانەکان، پێویستە سروشت سەرلەنوێ شین بکەینەوە و ئەمە بکەینە بەشێک لە چلاکییەکانی کۆمەڵگا، لە قۆناغی داهاتوودا پێویستە سروشتی ڕووت ببێتەوە دارستانێکی گەورە و بە ڕۆەکە جۆراوجۆرەکان بڕازێندرێتەوە و گیانلەبەرەکان تێدا بڵاو ببنەوە، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە تێکۆشانێکی گەورە بەڕێوە بچێت، مسۆگەر دروشمی "وڵاتپارێزی گەورە دروستکردنی دارستان و دار چاندنە"، دەبێتە یەکێک لە دروشمە هێژاکان، باش دەزانرێت، ئەو کەسانەی ئاژەڵەکانیان خۆشناوێت و نایانپارێزن، ناتوانن مرۆڤیان خۆشبوێت و بیپارێزن، چەندە بزانرێت گیانلەبەر و ڕۆەک ئەمانەتن لەلای مرۆڤ، قاتێک نرخ و بەهای مرۆڤ زیاد دەبێت.

بۆ چوونەدەرەوە لە قەیران، پێویستە دانوستانی بەهێز بکرێت

عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، باوەڕی وایە کە ئەو ڕێکخراوانەی تا ئێستا بۆ پاراستنی ژینگە لە ئاستی جیهان دامەزراون، توانای چارەسەرکردنی کێشەکانیان نییە، بۆیەش ئاماژە بە دانووستانی جیهانی بۆ پاراستنی ژینگە دەکات و دەڵێت: شێوازی هەرەوەزی و دیموکراتی کە گەلان لە سەرتاسەری مێژوو نیشانیان داوە، پێویستە بۆ ئەوەی کابووسەکان تێپەڕێنێت، خۆی بە نوێکردنەوەی تاکتیک و تیۆری بەهێز بکات، تێگەیشتنی چەپی ڕیال سوسیالیزم "چەپ، ژینگە" و بزوتنەوەی فەمنیست، سەلماندیان کە توانای کۆتاییهێنان و تێپەڕاندنی کابوسەکەیان نییە، سەرەڕای ئەم بزوتنەوانە، پێویستە لەسەر داهاتووی تیۆری گشتی جیهانی وەک؛ 'کۆمەڵگای ژینگەیی و دیموکراتی و ئازادی ڕەگەزی' دانووستان بکرێت، هەروەها لەسەر چونیەتی تاکتیکە ناوچەیی و جیهانییەکان و شێوازی چارەسەری دانووستانێکی بەهێز بکرێت.

د.ع