پێشبینییەکانی ئۆجالان لەسەر وێرانکاریی سەرمایەداریی و چارەسەرەکانی-٣

عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد گەورەبوونی شارەکان و زیادبوونی ڕێژەی دانیشتووان وەک "شێرپەنجە" لە قەڵەم دەدات و پێیوایە "ئەو شارانەی ڕێژەی دانیشتووانیان لە ملیۆن بۆ ٢٥ ملیۆنە، شێتیی و دڕندەییە، ئەو شارانەی وەک شێرپەنجە گەورە دەبن خۆیان و ژینگە و کۆمەڵگەی گوند-یش دەکوژن، ئەو شارانە دەتوانن وڵاتێک بە ژینگەکەشییەوە لەناوببەن".


عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد لە پارێزنامەکانی "سۆسیۆلۆژیای ئازادی" و "کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چارەسەرییەکانی" هەڵسەنگاندنی مێژوویی بۆ بابەتی شار دەکات، کە کێشەی کۆمەڵگەیی و ژینگەیی لێدەکەوێتەوە، ئۆجالان دروستکردنی شار بەشێوەیەک کە زیان بە ژینگە نەگەیەنێت بە ئەرێنیی دەبینێت و دەڵێت: داهێنان و لێهاتوویی مرۆڤ زیاتر لە شارەکاندا دەردەکەوێت، بەڵام هاوشێوەی پیشەسازیی، شاریش لە سەدەی ١٩ـەوە وەک شێرپەنجە گەورە دەبێت، ژینگە و کۆمەڵگەی گوند دەکوژێت و لەناوی دەبات.

لە بەشی سێیەمی "پێشبینییەکانی ئۆجالان لەسەر وێرانکاریی سەرمایەداریی و چارەسەرەکانی"دا تیشک دەخەینە سەر کێشەی شاربوون، بە پشتبەست بە پارێزنامەکانی ڕێبەری گەلی کورد کە لە زیندانی ئیمرالی نووسیویەتی.

ئۆجالان شار وەک یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی کێشەکانی ژینگە بەناو دەکات و دەڵێت: ئەو کێشانەی لە دەرەنجامی شاربوونەوە سەرچاوە دەگرن، نە کەمترن لە کێشە ژینگەییەکان و نە بێ بەهاتریشن، لەمڕۆدا یەکێک لەو سەرچاوە بنەڕەتییانەی کە مەترسیی جددییە بۆ سەر ژیانی کۆمەڵگە، شاربوونە".

"شار ئەو شوێنەی مێشکی کۆمەڵگەی تێدا زیاد دەبێت"

ئۆجالان پێش ئەوەی ئەو کێشانە ڕوونبکاتەوە، کە لە شاربوونەوە سەرچاوە دەگرن، باس لە گرنگیی دروستبوونی شار دەکات بەپێی پرەنسیپە ژینگەیی و کۆمەڵگەییەکان و دەڵێت: مرۆڤایەتیی بەهێندەی دروستکردنی گوند، دروستکردنی شاریشی بەپێی سروشتی کۆمەڵگەیی لەجێدا بینییەوە و دروستیکردووە، شار لە سەرەوەی ئەو شوێنانە دێت کە مێشکی مرۆڤ زیاد دەکات، شاری لێهاتوویی مێشکی مرۆڤ دەردەخات، پێشکەوتنی ئەقڵ بەشی خۆی پەیوەستە بە شارەوە، مرۆڤ لە شاردا درک بە توانای خۆی دەکات کە دەتوانێت چی بکات، شار سەقامگیرییە، مرۆڤ لە سەقامگیرییدا زیاتر دەتوانێت بیربکاتەوە، فکریش ڕێگا لەبەردەم دۆزینەوەی نوێ دەکاتەوە، تەکنیک و ڕێبازی داهێنان بەرەوپێش دەبات، ئەو مرۆڤەشی ئەمەی تاقیکردووەتەوە شاری وەک سەرچاوەی ڕووناکیی بینیوە و هەر ویستوویەتی بەرەو شار ڕابکات، چونکە پەرستگاکان لەکاتی خۆیاندا شوێنی کۆبوونەوەی ئەقڵی پیرۆز و ڕۆحیی بوون، شارەکانیش بەدەوری پەرستگاکاندا فراوانبوون، کۆمەڵگە ئەقڵ و ناسنامەی خۆی لەوێدا زیاتر ئاشکرا دەکات، داهێنان دەکات، ئەم ئەگەرە بەهێزانەی باسیان دەکەین لایەنە باشەکانی شارن".

"پێشتر دانیشتووانی شار پێنج هەزار بوون"

ئۆجالان باس لە ئەرستۆ دەکات کە ڕێژەی ستانداردی دانیشتووانی شار بە پێنج هەزار کەس دەستنیشان دەکات و لەوبارەیەوە دەڵێت: ئەرستۆ بۆ گەورەبوونێکی ستانداردی شاری بیر لە پێنج هەزار دانیشتوو دەکاتەوە، شارەکانیش لە سەرەتای دامەزراندنیاندا لە زۆرترین حاڵەتدا پێنج هەزار دانیشتوویان هەبووە، مرۆڤی نوێ دێنە لای یەک، مرۆڤیش کۆمەڵگای قەبیلەیی ڕابردوون، ئەو کەسانەی لە تیرە و قەبیلەی جیاوازن لە شاردا بەیەکەوە گرێدەدرێن، "خەڵکی شاری" ، "هاوشاری"، "شاریی" بەمشێوەیە بەدیدێت، ئەم پێشکەوتنە دەوڵەمەندیی شار پیشان دەدات، شار بەم شێوەیە دەبێت میکانیزمی پێشکەوتن، سەرچاوەی کێشەیەکی جددیی نییە، لە هەموو سەردەمەکانی سەرەتادا جگە لە بابل و ڕۆما، کێشەی دانیشتووان لە هیچ شارێک بەدیناکرێت.

"کێشەی شاربوون لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازیدا دەستیپێکرد"

ڕێبەری گەلی کورد دەستپێکردنی کێشەی شاربوون دەگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی ١٩ و سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازیی و بەمشێوەیە باسی دەکات: ئاڵۆزیی بنەڕەتیی شاربوون لە سەدەی ١٩دا وەک بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازیی دەرکەوت، ئەمە شتێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو پەیوەستبوو بە سروشتی دژە کۆمەڵگەیی شۆڕشی پیشەسازییەوە، لایەنێکی گرنگی شار ئەوەبوو کە لەڕووی پیشەسازییەوە دەبێتە کێشە، لایەنێکی دابڕاوی لە ژینگەپارێزیی هەبوو، گوند ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ژینگەپارێزییەوە هەیە، لە هەموو ڕوویەکەوە گرێدراوییان بەیەکەوە هەیە و دەزانێت ئەوە بەرهەمی ئەوە، بە ئاژەڵ و بەنات-ی خۆیەوە درێژە بە ژیان دەدات وەک ئەوەی بە زمانێکی ژینگەپارێزییەوە قسەبات، زمانێکی هاوبەش و جووتیاریی پێکهاتووە، کاریگەرییەکی گەورەی ئەم زمانەش بەسەر دامەزراندنی کۆمەڵگەوە هەیە، بەڵام دۆخەکە لە شاردا پێچەوانەیە، شار هەتا دێت دادەبڕێت لە جووتیاریی و ژینگەپارێزیی.

"گەورەبوونی شار گەورەبوونێکی شێرپەنجەییە"

بە بڕوای ئۆجالان ئەگەر بەرنەگیرێت لە گەورەبوونی زیاتری شارەکان، ئەوا دەبێت هۆی تێکچوونی وڵات و تیشکدەخاتە سەر ئەو مەترسییانە: ١٠٠ هەزار، ملیۆنێک، پێنج ملیۆن، ١٠ ملیۆن، ١٥ ملیۆن و تا دەگاتە ئەوەی ئامانجەکە شاری ٢٥ ملیۆنییە، بەڕاستیش ئەم فراوانبوونە شێرپەنجە نەبێت چییە؟ تەنها بۆ بەخێوکردنی شارێکی بەمشێوەیە دەکرێت وڵاتێکی مامناوەند سەرباری دەوروبەرەکەشی لە ماوەیەکی کەمدا لەناوبچێت، هیچ لۆژیکێک لەم گەورەبوونەدا نییە، هیچ وڵات و ژینگەیەک ناتوانێت تا ماوەیەکی درێژ شارێکی بەمشێوەیە بهێڵێتەوە، هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی ژینگە ئەم گەورەبوونە شێرپەنجەییەیە، وەک ئەوەیە شارێک وڵاتەکەی خۆی سەرباری گەلەکەشی داگیربکات و بیکاتە مەتینگە.

"شاریش لەڕاستیدا دڕندەیە"

ئۆجالان شار وەک دڕندە ناودەبات و هێما بۆ هەندێک بابەتی سەرنجڕاکێشی ئەخلاقیی و کۆمەڵایەتیی دەکات و دەڵێت: لەڕاستیدا دڕندەیی شار بریتییە لە "فاشیزم، لەناوبردن، لەناوبردنی بێسنووری کەلتووریی و لە کۆتاییشدا لەناوبردنی کۆمەڵگایی"، هەموو جۆر کەس و گروپێک "لە تیمی وەرزشییەوە تا دەگاتە گروپی مۆسیقا کە لە ئاهەنگەکاندا کاری شێتانە دەکەن، لە بیرۆکراسیی لەناوبەرەوە تا تاڵانچیی، لەوانەی کە هیچ پێوانێکی ئەخلاقیی پەیڕەوناکەن تا ئەوانەی بوونەتە ڕۆبۆتی کۆمەڵگەی پڕوپاگەندەچییەوە" لەخۆدەگرێت، من هیچکات باوەڕ ناکەم هۆزە کۆچەرییەکان دڕندە بووبن، چیتر ناوەندی دڕندەیی لە دەرەوەی شارەکان نییە، بەڵکو لە سەنتەری شارەکاندایە، تەنانەت شار خۆی دڕندەیە".

"دەوڵەت و دەسەڵاتداریی لەمە بەرپرسە"

ئۆجالان دەوڵەت و دەسەڵاتداریی لەو لەڕێ دەرچوونەی شار بە بەرپرسیار دەزانێت و بەمشێوەیە ڕەخنەیان لێدەگرێت و دەڵێت: هیچ شک و گومان لەوەدا نییە چینی دەسەڵاتدار و دەوڵەتدار بەرپرسیارن لەو دۆخەی کە ئەمڕۆ شاری تێکەوتووە، ئەوان بەشێوەیەکی دژوار کاریان لەسەر دڕندەیی شار کردووە.

"ئەم دۆخە پێویستی بە چارەسەری واتادار هەیە"

"ئاشکرایە کە مرۆڤ بە تەواوی ناتوانێت بکرێتە بەرپرسیار لەبەرامبەر کۆمەڵگەی شار، بەڵام تەڕ و وشک بەیەکەوە سووتاون، پێویستە مرۆڤ بیر لە نازداریی، ئەخلاق و ئەقڵی سنوورداری شار بکاتەوە، دەبێت ئەوکێشانەی سەرچاوەکەیان شارە بیخەنە پرۆژە کۆمەڵگەییەکانیانەوە "چونکە دەمێکە کەوتوونەتە دۆخێکی نەخۆشەوە"، لەو چوارچێوەیەدا ئێمە دەتوانین بۆ هەموو کێشە کۆمەڵگەیی و ژینگەپارێزییەکان چارەسەری واتادار بدۆزینەوە".

 

س.ح