پێشمەرگەیەکی ڕۆژهەڵات بەشداری بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بوو

پێشمەرگەیەکی پارتێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ بەشداری لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان دەستی لە ئەندامێتی حیزبەکەی کشایەوە و خۆی گەیاندە بەرەکانی بەرخۆدان، داواش لە هەڤاڵانی دەکات بەشداری بەرخۆدانی شکۆمەندبن لە ڕۆژئاوا.


دوێنێ پێشمەرگەیەکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، کە خەڵکی "قوچان"ە لە پارێزگای خوراسانی باکور لە ئێران، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک، ڕایگەیاند بۆ بەشداری لە بەرخۆدانی شکۆمەند و پاراستنی خاکی کوردستان دەستی لە ئەندامێتی حیزبەکەی کشاوەتەوە و خۆی گەیاندووەتە ڕۆژئاوای کوردستان.

لە ڤیدیۆکەدا کە لە ڕێگەی تێلگرام بڵاوکراوەتەوە، ئەو پێشمەرگەیە دەڵێت: "من 'ئەحمەد وەفایی' خەڵکی 'قوچان' ئەندامی پێشووی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، چیتر پەیوەندیم لەگەڵ حدکا نەماوە و بەشداری شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بووم، داواش لە هەموو هەڤاڵانی هێژام دەکەم کە دەیانەوەێت گیانی خۆیان فیدای گەلەکەیان بکەن ڕوو لە ڕۆژئاوا بکەن، چونکە ئێمە سوێندمان خواردووە گیانمان فیدای گەلەکەمان بکەین".

ئەحمەد وەفایی لە بەردەوامی قسەکانی دەڵێت: "ئێستا داگیرکەران دەیانەوێت ڕۆژئاوا داگیر بکەن، ئەگەر ئەمڕۆ ڕۆژئاوا داگیربکرێت، بەیانی باکور، باشور و ڕۆژهەڵاتیش داگیردەکرێت، ئەمە ئەرکێکە لەسەر شانی هەموو گەلەکەمان و گەنجانمان کە بەشداری ئەم بەرخۆدانە بن".

لە کۆتایی پەیەمەکەیدا ئەحمەد وەفایی دەڵێت: داوا لە هەموو هەڤاڵانم دەکەم کە ئەگەر دەیانەوێت بەشداری بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بن پەیوەندی بە تێلگرامی "انقلاب روژآوا" بکەن.

ک.س