چوؤرشەممە, 29 أبر 2020 – 12:51 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
https://youtu.be/rj6GW2bCcAk?t=16″>
دوابەدوای ڕەوانەکردنی هێز لەلایەن پارتییەوە بۆ زینی وەرتێ و سەرەڕای ئەوەی هاوڵاتیانی ناوچەکە و گەلی کورد داوای کشانەوەی ئەو هێزانەی کرد، بەڵام نەکشاونەتەوە، ئەمە لەلای خەڵکی ناوچەکە نیگەرانیی دروست کردووە، وەک ڕۆژنیوز لەم ماوەیەدا هەوڵماندا ڕا و بۆچوونی خەڵک لەو بوارەوە وەرگرین کە ئایا وەک ئەوەی پارتی بانگەشەی بۆ دەکات، جێگیربوونی هێزێکی پێشمەرگە لەو ناوچەیە پێویستە یان نا؟ چارەسەر چییە و خەڵک چون بیر دەکەنەوە و داواکارییان لە هێزە کوردییەکان چییە؟.
پێشمەرگەی دێرین عەبدوڵا مەجید ئیبراهیم کە خەڵکی گوندی دۆڵە ڕەقەیە و لە کەرکوک شانبەشانی گەریلا دژی چەتەکانی داعش شەڕی کردووە لەسەر ئەو بابەتە بۆمان دەدوێت.
عەبدوڵا مەجید بە حوکمی ئەوەی پێشمەرگەیە و شارەزای جوگرافیای ناوچەکەیە، باوەڕی وایە کە ناوچەکە بۆشایی ئەمنیی تێدا نییە و پێویستییان بە ئەو هێزەی هاتووەتە زینی ئەستێرۆکان نییە و دەڵێت: بە ڕای من هێنانی هێز بۆ زینی ئەستێرۆکان شتێکی خراپە و ڕێگە بۆ شەڕی ناوخۆیی دەکاتەوە، داوا لە یەکێتی، پەکەکە و پارتی دەکەم دانوستان بکەن و ڕێگە نەدەن شەڕی ناوخۆیی کە لە بەرژەوەندیی دوژمن دایە دووبارە ببێتەوە.
عەبدوڵا مەجید بەبیری دەهێنێتەوە کە ڕۆژێکیان پێشمەرگەیەک لە مەکتەب خالد دەکەوێتە دەستی چەتەکانی داعش و سەرەڕای مەترسییەکان گەریلا ڕزگاری دەکات، هەروەها بە دڵخۆشییەوە ئاماژەش بە چوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ دەکات و ئاواش باسی بەشداری گەریلا لە شەڕی دژی داعش لە کەرکوک دەکات و دەڵێت: ساڵی ٢٠١٤ گەریلا جەماوەرانە ڕوویان لە کەرکوک کرد و پێکەوە شەڕی دژی چەتەکانی داعشمان کرد، لەوێ دژی دوژمن شەڕمان کرد نەک دژی یەک، داوا لە کاک لاهور شێخ جەنگی، کاک نێچیرڤان بارزانی و هەڤاڵانی پەکەکە دەکەم لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشن، چونکە ئەرگەر کەسێک لێرە بە دەستی هێزێکی کوردی بکوژرێت، شکست دروست دەبێت.
عەبدوڵا مەجید لەسەر ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکە دەڵێت: پیرۆزبایی لە ڕاگەیەندراوەکەی پەکەکە دەکەم و بە گرنگی دەبینم، داوا لە شێخ لاهوڕ، نێچیرڤان بارزانی و کاک بافێڵ دەکەم گوێ لەو بانگەوازییەی پەکەکە بگرن و پشتیوانیی لێبکەن، پەیامەکەی پەکەکە لەجێیەی و باشە.
ئەو پێشمەرگە دێرینە لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیش دەلێت: ئەگەر کورد یەکبگرنەوە، نە ئەمریکا، نە ئێران، نەش تورکیا ناتوانن دەستێوەردان بکەن، کێ تا ئێستا لە شەڕی ناوخۆیی قازانجی کردووە تەنها دوژمنانی کورد نەبێت، لە کۆتاییدا هەر خۆمان بۆ خۆمان دەمێنینەوە، بۆ ئەوەی دوژمن نەیەتە ئێرە و برای من و یەكێک دیکە نەکوژێت، مەرج ئەوەیە یەکێتی نەتەوەیی دروست ببێت.
لەسەر ئەوەش کە سەرۆکی هەرێم وتبووی؛ “هەوبوونی پەکەکە لە ناوچەکە ناڕەوایە” عەبدوڵا مەجید وتی: ڕێزی زۆرم بۆ کاک نێچیرڤان بارزانی هەیە، چونکە کوردە و سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئەو لێدوانەی هیچ باش نەبوو، چونکە پەکەکە لێرە میوان نییە، جەرگ و دڵی ئێمەیە، ڕۆحی منە، بۆ ئەو کاتەی هەڤاڵ لە قەندیلەوە بۆ شەڕی داعش هاتن و هاوکاریی ئێمەیان کرد، جۆرێک بیریان دەکردەوە و ئێستا بە جۆرێکی دیکە؟.
س.ح