پێشمەرگە دێرینەکان ئامادەن دژی داگیرکاریی بچنەوە سنوور و چیاکان

ئەو پێشمەرگە دێرینانەی ڕۆژانێک ڕەنج و خەباتیان بۆ ڕزگاریی باشوری کوردستان کردووە، ئێستا تووڕەن لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر باشور، ئەوان دەڵێن، کە ئامادەن بۆ وەستانەوە دژ بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، چەک لە شان بکەنەوە و بڕۆنە سەر سنوورەکان، چونکە پێیان وایە، ئەوەی کە دەوڵەتی تورک دەیکات، ئامانج لێی گەلی کوردە نەک پەکەکە.


هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان ڕۆژ بەڕۆژ پەرەدەسێنێت، پێشمەرگە دێرینەکانیش هاوشێوەی پێکهاتەکان جیاجیاکانی دیکەی باشوری کوردستان، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن و تووڕەیی خۆیان بەرامبەر ئەو داگیرکارییانە و بێدەنگیی حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەهێننە زمان.

هاوڕێ دەریا، پێشمەرگەیەکی دێرینە و خەڵکی شاری سلێمانییە، داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێکنەخستنەوەی ناوماڵی کورد و هێزە سیاسییەکان دەگێڕێتەوە، پێیوایە ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان بووەتە خاڵی لاوازی کورد، دەشڵێت: دوژمنیش درکی بەو لاوازییەی ئێمە کردووە و بەپێی ئەوە سیاسەتە داگیرکارییەکانی خۆی لەسەر کوردستان بەڕێوەدەبات.

هاوڕێ دەریا ئاماژە بە ڕاپەڕینی خەڵکی شیلادزێ دەکات دژ بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، کە گوزارشتبووە لە هەڵوێستی باشوری کوردستان و دەشڵێت: خەڵکی داخ لەدڵی شیلادزێ لە ڕابردوودا لەدژی داگیرکاریی و سەرکووتکارییەکانی دەوڵەتی تورک ڕاپەڕین و شەهیدیشیاندا، ئێمە لەوکاتەشدا پشتیوانیی خۆمان بۆ ئەو ڕاپەڕینە دووپاتکردەوە، ئامادەشین وەک پێشمەرگە دێرینەکان بچینە سەر سنوورەکان و بەرگریی لە خاک و نیشتمانەکەی خۆمان بکەین.

هاوڕێ دەریا، داواش دەکات، کە "چیتر ڕێگا بە ڕژێمی داگیرکەری تورکیا نەدرێت سنوورەکانی کوردستان ببەزێنێت و لەسەر چیاکانی ئێمە جێگیرنەبێت، ئەو هێزانەی باشوری کوردستان کە لەو ناوچانەن ڕێنوێنیی هێزەکانی تورکیا نەکەن و مەرامە چەپەڵەکانی ڕژێمی داگیرکەری تورکیا نەیەتە دی، دەبێت خەڵکی نیشتمانپەروەر خۆپیشاندانێکی گەورە دژ بەو داگیرکارییانەی تورکیا ئەنجامبدەن".

خالد کرژەیی، پێشمەرگەیەکی دێرینی دیکەیە و ئیدانەی دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکات بۆ سەر خاکی کوردستان و دەڵێت: ئێمە ڕەنج و خەباتمان بۆ ڕزگاریی و ئازادیی گەلەکەمان بووە، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکەم، سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییانەی دەوڵەتی تورکیا دابنێن، با چیتر ماڵی خەڵک و گوندنشینان وێران نەکەن.

کرژەیی ئاماژە بەوەش دەکات، کە ئامانجی دەوڵەتی تورک گەلی کوردە نەک پەکەکە و دەشڵێت: ئەوان جیاوازیی لە نێوان کورد و پەکەکە ناکەن، ئەوان مەبەستیان لەناوبردن و قڕکردنی گەلی کوردە، لە بۆردوومانەکانیاندا هەندێک شوێنیان بۆردوومان کردووە، کە لە ڕاستیدا نە گەریلا و نە بارەگای پەکەکەی لێ نەبووە، بەڵکو گوندنشینان و هاوڵاتیانی ئەو ناوچانەیان کردووەتە ئامانج.

هەروەها پێشمەرگەیەکی دێرینی دیکە بەناوی هێرش خدر، باسی لەوە کرد، کە ئەوان وەک پێشمەرگە دێرینەکان دژ بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک یەکهەڵوێستن، وتیشی:"چەندەها ساڵ خەباتمان بۆ ئازادیی ئەم خاکە کردووە خوێنمان بۆ ڕشتووە بەڵام ئیستا لەژێر مەترسیدایە".

ئەو پێشمەرگە دێرنە ئاماژەی بەپیلانی دەوڵەتانی ناوچەکە کرد و، وتی: گەلی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان کە هەنگاو بەرەو ئازادیی بنێن، دەوڵەتانی دەوروبەرمان لەدژی ئەو پارچەیەی کوردستان یەکدەگرن و هێرشی دەکەنە سەر، بۆیە ئێمە ئامادەین بۆ هەر ئەرکێک دژی داگیرکاریی بکەوێتە ئەستۆمان.

س.ح