پێنجشەممە, 12 يول 2018 – 09:58 ڕۆژنیوز – سلێمانی
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ، داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان فراوانتردەبێتەوە، ژمارەیەک لە پێشمەرگە دێرینەکان لە شاری سلێمانی و گوندەکانی بناری قەندیل، لەبارەی مەترسییەکانی ئەو داگیرکارییانەوە بۆ ڕۆژنیوز دووان.
مەعروف ئەنزەیی خورسان، پێشمەرگەیەکی دێرینی دانیشتووی بناری قەندیلە و لەوبارەیەوە دەڵێت: بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە ناتوانین بە کارەکانی ڕۆژانەمان ڕابگەین، ئەو هێرشانە زیانی زۆر بە ژیانی هاوڵاتیان و ژینگەی قەندیل دەگەیەنن، دەوڵەتی تورک بێدەنگی حکومەتی هەرێم، حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان وەک هەل دەقۆزێتەوە و هێرشەکانی بەرفراوان دەکاتەوە.
ئەو پێشمەرگە دێرینە لە بەردەوامیی قسەکانیدا وتی: سوپای تورک بە بەهانەی پەکەکە خاکی باشوری کوردستان بۆردوومان دەکات، بەڵام ئێستا یەک پێگەی پەکەکەشی نەکردووەتە ئامانج، ئەو شوێنانەی بۆردوومان دەکرێن شوێنی ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی، هاتنی سوپای تورک بۆ قەندلی وەک چوونیان بۆ سلێمانی و هەولێر وایە، بۆیە هەموو گەلی کورد دەبێت لەدژی ئەو داگیرکارییانە بووەستنەوە.
خدر حەسەن عەبدوڵا پێشمەرگەیەکی دێرینی دیکەیە و وتی: لە هیچ گوندێکی قەندیل پەکەکەی لێ نییە، پەکەکە لە چیاکانی برادۆستە کە ڕۆژانە لەدژی سوپای تورک چالاکی ئەنجامدەدەن، دەوڵەتی تورک ناتوانێت بەرگری لە برادۆست بکات، بۆیە گوندەکانی قەندیل دەکاتە ئامانج و خەڵکی مەدەنی دەکوژێت، بۆ دەوڵەتی تورک جیاوازیی نییە هێرش دەکاتە سەر پەکەکە یان هەر کوردێکی دیکە، بەڵام باش بزانن قەندیل بۆ دەڵەتی تورک دەبێتە گۆڕساتن.
پێشمەرگەیەکی دێرینی دیکە بەناوی غەریب ئەحمەد ئەمین، وتی: تورکیا بە خەونی پێکهێنانەوەی ئیمپراتورییەتی عوسمانییەکان خاکی ژێر دەسەڵاتی پارتیی داگیرکردووە، نێچیرڤان بارزانی پشتگیریی تورکیا دەکات و پەکەکە بە داگیرکەر دادەنێت، ئەوە پەکەکە بوو کە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی لە چەتەکانی داعش پاراست و ڕێگری کرد لەوەی کە کۆمەڵکوژییەکی دیکە لەدژی کورد ئەنجامبدرێت، کوردستان چوار پارچە نییە، بەڵکو پارچەیەکە و سنوورەکان لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە دانراون، تەنیاش بە یەکێتی نەتەوە دەتوانێت بەرپرچی هێرشەکانی سەری بداتەوە، هەر لە ڕێگای ئەو سنوورانەوە کورد کۆمەڵکوژکراون، کوردە کۆیلەکانیش گەلەکەیان بە تاوانبار ناودەنێن و ماف دەدەنە دەوڵەتی تورک، هەر کەس خۆی بە کورد بزانێت دەبێت لەدژی ئەو داگیرکارییانە بووەستێت.
https://youtu.be/QOO9FIMaqoo=
ب.ل