پێشمەرگە لە سنوری خانەقین سەنگەری بەرگریی بەهێز دەکات

دوای زیادبوونی جموجوڵی چەتەکانی داعش لە سنوری خانەقین، هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچەیە سەنگەرەکانی بەرگییان بەهێز کردووە و فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دووپاتیدەکاتەوە، داعش دزەی نەکردوەتە سنورەکانی ئەوانەوە.  


لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، لە سنوری شارۆچکەی خانەقینی سەر بە پارێزگای دیالە، چەند جارێک چەتەکانی داعش پەلاماری خاڵە سەربازیی و گوندەکانی ئەو سنورەیان داوە، هێزەکانی پێشمەرگەی نزیک لەو سنورەش بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی داعش لە سنورەکەدا، ئامادەکاریی تەواویان کردووە.

عەمیدی یاسایی دلێر شکور، فەرماندەی لیوای ٣ی پیادەی هێزەی پێشمەرگە، بۆ ڕۆژنیوز باسی لەوە کرد، پاش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر هێزەکانی پێشمەرگە لە هێڵی بەرگریدایە لەو ناوچانەی کە ئەرکیان پێ سپێدراوە و ئەو هێڵەی پاراستووە.

هەروەها عەمید دلێر وتیشی: "لەو ناوچانەی کە هێزی پێشمەرگە تێیدا جێگیر بووە، تیرۆرستانی داعش و گروپە تیرۆرستییەکانی تر دزەیان نەکردووە، بەڵکو سەرجەم کردوە تیرۆرستیەکان لەو ناوچانە ئەنجام دەدرێن کە لەژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەکانی عێراقدایە".

لەبارەی زیادبوونی جموجۆڵی داعش لە خانەقین، ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە باسی لەوە کرد، ئەو جموجۆڵانە نەبوونەتە جێگای مەترسی ئەوتۆ بۆ سەر ناوچەکە، هۆکاری زیادبوونی جموجۆڵەکانیش دەگەڕێنێتەوە بۆ دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانەی کە هێزەکانی پێشمەرگە پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر تێدا جێگیربوون، بە وتەی ئەو، لە ئێستادا هێزە عێراقییەکان نەیانتوانیوە ئەو بۆشاییە ئەمنیە پڕبکەنەوە، هەروەها هۆکارێکی دیکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی ناوچەکە ڕووبەرێکی بەرفراوانی و باخ و دارستانی زۆرە، بۆیە تیرۆرستان بە ئاسانی دەتوانن خۆیان حەشار بدەن.

عەمید دلێر ئامادەیی هێزەکانی پێشمەرگەش پیشاندەدات بۆ هاوکاریکردن و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییە عێراقییەکان، بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەش بۆ لە ناوبردنی داعش لە ناوچەکانی دەوروبەری خانەقین.


 
ک.ک