لەلایەن ناوەندنی نیشتیمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ڕاپۆرتێکدا ئەو پیشێلکار یاساییانە خرانە ڕوو، کە وەزارەت و دەسەڵاتەکانی دیکە ئەنجامیان داوە، لە بەرامبەردا دەسەڵاتی یاسادانان نەیتوانیووە هیچ بڕیارێک دەربکات، یاخود یاسایەک هەموار بکاتەوە، یەکێک لەو دەسەڵاتانەی کە زۆرترین پشێلکاری یاسایی ئەنجامداوە وەزارەتی ناوخۆیە کە لەو ماوەیەدا ٤٢ بڕیاری دەرکردووە.
ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە شاری سلێمانی، ناوەندی نیشتیمانی بۆ مافی مرۆڤ بە هاوکاری سندوقی نیشتیمانی بۆ پاڵپشتی دیموکراسی (NED) ڕاپۆرتێکی دەربارەی پێشێلکارە یاساییەکانی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردووە، کە زۆرینەی وەزارەت و لایەنەکان کۆمەڵێک بڕیاریان دەرکردووە کە پێشلکاری یاساییە و لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.
لە ڕاپۆرتەکەدا کە لەلایەن عیماد حەمە ئەمین بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتیمانی بۆ مافی مرۆڤ خرایەوە ڕوو، لە چەند خاڵێکدا دیارترین ئەو پێشێلکاریانەی لە ماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆدا ئەنجامدراوە باسیان لێوەکراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە وەزارەتی ناوخۆ ٤٢ بڕیاری لە ماوەی کەرەنتینەدا دەرکردووە، کە زیاتر لە ٧ بڕیاری لە دەسەڵاتی ئەودا نییە، بەپێچەوانەی یاسایە، لەوانە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ، سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەسانەی کە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ جێبەجێ ناکەن، ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی دەروازە سنوورییەکان.
هاوکات دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی کورستان چەند پێشێلکارییەکی ئەنجام داوە، وەک درێژکردنەوەی ماوەی تەمەنی خانەنیشینی بۆ چەند دادوەرێک، ڕاگرتنی کارکردن بە یاسا، پێکهێنانی لیژنە بۆ ئەو کەسانەی کە حکوم دراون، بڕیاردان بۆ پشوو لە ڕۆژانی پێنجشەمەدا لە دادگاکانی تێهەڵچوونەوە و سەرجەم دادگاکانی دیکە و ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان.
لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە بڕیاردان بە لێبڕینی ٪٢١ مووچەی مووچەخۆران بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، ئەمانە و چەندین خاڵی دیکەش لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کە لە دەسەڵاتی ئەو لایەنەدا نییە کە بڕیاری لەسەر داوە، زۆرینەیان کاری پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵاتی ناوەندی عێراقە، کە بەبێ گەڕاندنەوە بۆ یاسا جێبەجێکراون، لەو نێوەندەشدا وەزارەتی ناوخۆ وەک “حکومەتێکی بچوک لەناو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بڕیاری دەرکردووە و جێبەجێی کردووە”.
لە کۆی پیشێلکارییەکانی ئەم ڕاپۆرتەدا دەردەکەوێت کە وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی دادوەری زۆرترین پێشێلکارییان ئەنجامداوە، لە بەرامبەریشدا زۆرینەی ئەو پێشێلکارییانە بەرامبەر بە دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی هەریمی کوردستان ئەنجام دراون.
س.ح