تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، ساڵی ڕابردوو ٢٠٢ چالاکوان و گەنج و ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆکاری سیاسیی، ئەمنیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیی لە ڕێگەى لەسێدارەدان، تیرۆرکردن، تەقینەوە و ئەشکەنجەدان لەلایەن ڕژێمی ئێران و کەسوکاریانەوە کوژراون و بە هەمان هۆکاریش ٢٠٨ کەس بریندار بوون.
ئەمڕۆ تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان (KHRN) ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی ئێرانی بەرامبەر مافەکانى مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢١دا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە.
لە بارەى کۆڵبەرانەوە لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٤١ کۆڵبەری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقە و دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانى ئێران و ڕووداوی سروشتیی گیانیان لەدەستداوە، بەجۆرێک ٢١ لەوانە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێران، یەک کۆڵبەر بە دەستی هێزەکانى تورکیا و دوو کۆڵبەریش بە بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە ناوچە سنوورییەکاندا کوژراون و منداڵێکیش پاش دەستگرتن بەسەر ئەسپەکەیدا خۆى کوشتووە و تا ئێستاش چوار کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی شارەکانی ورمێ و بانە بێسەروشوێن بوون.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، لەوساڵەدا ١٣٠ کۆڵبەریش برینداربوون بەجۆرێک، ٨٠ لەوانە بە دەستڕێژى گوللـەى هێزە چەکدارەکان و نۆ بەهۆى ئەشکەنجەى هەمان هێز و نۆ کۆڵبەریش بەهۆى بەربوونەوە لە بەرزاییەوە و دوو کۆڵبەریش بەهۆى دەستڕێژى گوللـەى هێزەکانى عێراق و تورکیا و نۆ کەسیش بەهۆى تەقینەوەى مین و ١٩ کۆڵبەریش بەهۆى ڕووداوى هاتوچۆ و دوو کۆڵبەریش بەهۆى ڕووداوى سروشتیەوە برینداربوون.
سەبارەت بە سزاى لەسێدارەدان لەو ڕاپۆرتەدا ئەوە خراوەتەڕوو، لە ساڵى ڕابردوودا لانیکەم ٤٥ زیندانیی کورد لە زیندانە جیاوازەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون بەجۆرێک ٢٨ لەوانە تۆمەتى کوشتنی بەئەنقەست و ١٦ کەسی دیکەش بە تۆمەتى بەکارهێنانى ماددە هۆشبەرەکان دراوەتە پاڵیان.
ڕێکخراوى مافى مرۆڤى کوردستان باسی لەوەشکردووە، لە ساڵى ڕابردوودا لانیکەم پێنج زیندانیی کورد لە زیندانەکانى مەهاباد، بۆکان، ورمێ، تاران و سنە بەهۆى ئەشکەنجەدانیان لەناو زیندان گیانیان لەدەستداوە و کوژراون و چوار هاوڵاتیش لە ماکۆ، پیرانشار و نەغەدە بەهۆى دەستڕێژى هێزەکانى ئیتڵاعاتەوە بریندارکراون و دواى دەستگیرکردنیان تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
دەشڵێن: چوار زیندانیی دیکەى کورد لە زیندانی شەهابات، خۆی، ورمێ و ئیلام، بەهۆی بێبەشکردنیان لە خزمەتگوزاریی تەندروستی یاخود کەمتەرخەمیی پزیشکیی گیانیان لەدەستداوە و لە هەمان ساڵیشدا دوو چالاکی سیاسیی ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) و حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) لە شارەکانی سلێمانی و هەولێری هەرێمی کوردستان بە دەستی هێزەکانى ئێران تیرۆر کراون.
لە بەشێکى دیکەى ڕاپۆرتەکەدا سەبارەت بە کوشتنى ژنان باس لەوەکراوە، لە ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٣٤ حاڵەتی ژن کوشتن لە شارەکان و ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا بە تۆمەتى، کێشەی خێزانیى، کێشەی بنەماڵەیی، بەبیانووی شەرەف و ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیریی تۆمارکراون.
لەبارەى ئەو ناوچانەى ژنەکانى تێدا کوژراوە هاتووە: ١٤ لەو ژنانە لە ناوچەکانى هەرسین، سونقوڕ و ڕوانسەر لە سنوورى کرماشان، چوار لە ئیلام و دەڕەشار، نۆ لە سنە، سەقز و مەریوان، پێنج لە پیرانشار، سەردەشت و تیکاب، لە ئازەرباینجانى ڕۆژئاوا، یەک کەسیش، کە خەڵکی کرماشان بووە و لە شاری ساری و کەسێکیش کە خەڵکی سنە بووە و دانیشتووی هەمەدان بوون.
ڕێکخراوى مافى مرۆڤى کوردستان ڕاشیگەیاندووە، ١٧ لەو ژنانە بە دەستی هاوسەر، دوو کەسى دیکەیان بە دەستی هاوسەری پێشووییان، دوو بە دەستی باوک، پێنج بە دەستی زاوا، سێ بە دەستی ئەو داخوازیکەرانەی داواکارییەکەیان بۆ هاوسەرگیری ڕەت کراوەتەوە، یەک بە دەستی برا، یەک کەس بە دەستی هاوسەری هاوڕێکەی، یەک بە دەستی کوڕەکەی، یەک کەس بە دەستی خەزووری و یەک کەسیش بە دەستی پیاوێک، کە هیچ پەیوەندییەکی خزمایەتیی لەگەڵیدا نەبووە، کوژراون.
لە ساڵى ڕابردوودا، لانیکەم ٧٨ ژن و منداڵی کچ لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی ئێران خۆیان کوشتووە و گیانیان لەدەستداوە و١٥ لەوانە لەژێر ١٨ ساڵ بوون هۆکاری خۆکوشتنەکانیش بریتیبوون لە کێشەی خێزانی، هەژاری، ئامادەنەبوون بۆ هاوسەرگیریی زۆرەملێ، خەمۆکی و ڕێگریکردن لە درێژەدان بە خوێندن.
لە ساڵى ٢٠٢١ دا لانیکەم ٣٧٤ هاوڵاتی و چالاکوانی کورد بە هۆکاری سیاسی لەلایەن دامودەزگا ئەمنیەکانى ئێرانەوە، دەستبەسەر کراون، کە ٢٧٤ لەوانە هاووڵاتیی مەدەنی بوون و لە هەمان ساڵیشدا دادگاکانی گشتی و شۆڕشی ئیسلامی ئێران، لانیکەم ٦٢ هاوڵاتی و چالاکی کورد بە تۆمەتی سیاسی بریارى دەستگیرکردن یان دوورخستنەوە و لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.
لە ساڵی ٢٠٢١ دا لانیکەم ٥٠ کرێکاری کورد بە ڕووداوی کار گیانیان لەدەستداوە و زۆرترین هۆکاری ئەو ڕووداوانەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی مەرجەکانى خۆپاراستن.
ئ.م