پێكهاتەكانی كەركوك نیگەرانی دۆخی شارەكەن

پێكهاتەكانی كەركوك داوای چارەسەری كێشە سەرەكییەكانی شارەكەیان دەكەن، دەڵێن گرفتی ئەمنی و ئیداری و سیاسی لە سەرەكییترین گرفتەكانیانن، بەرپرسێكی یەكێتیش ڕایدەگەێنێت، قوڵیی كێشەكان و نەگەڕانەوەی پارتی بۆ كەركوك، چارەسەری كێشەكانی دواخستووە.


لە دوای ڕووداوەكانی ١٦-ی ئۆكتۆبەرەوە كەركوك بە دۆخێكی ناسەقامگیری ئیداری و سیاسی و ئەمنیدا تێپەڕدەبێت، پێكهاتە و هاوڵاتیانی شارەكە گیرۆدەی ئەو دۆخە ناجۆرەی كەركوكن و داوای چارەسەركردنی كێشە سەرەكییەكان دەكەن، دەشیانەوێت چیتر هاوڵاتیان نەكرێنە قوربانیی ململانێی نیوان لایەنە سیاسیەكان.

عەلی محەمەد، هاوڵاتیەكی شاری كەركوكە لە پێكهاتەی عەرەب، لەبارەی كێشە سەرەكییەكانی شارەكەی بۆ ڕۆژنیوز قسەیكرد، وتی:"كێشەی زۆر لە شارەكە بوونی هەیە، بەڵام كێشە ئەمنی و سیاسی و ئیدارییەكان گەورەترین كێشەكانی شاری كەركوك-ن، كە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە گوزەرانی هاوڵاتیانەوە هەیە بەسەرجەم نەتەوەكانەوە، ئێمە هەمووان لە شارەكە بە برایەتی دەژین و تا ئێستا ئەو برایەتییە بەشێوەیەكی جوان لەناو نەتەوەكانی شارەكە ڕەنگیداوەتەوە".

دەشڵێت:"كێشەی سیاسی بریتیە لە ناتەبایی نێوان لایەكانی كەركوك لە عەرەب و كورد و توركمان، هەروەها نەبوونی ئەنجومەنێكی كارا لە شارەكە كێشەكانی بەقووڵی هێشتۆتەوە، دەمانەوێت ئەنجومەنێك هەبێت هەڵقوڵاوی نێو گەل و ئێرادەی خەڵك بێت، پارێزگارێكیش هەبێت جیاوازی لەنێوان نەتەوەكانی شارەكە نەكات، جیاوازی نەتەوەیی و مەزهەبی و تایفی، بۆیە دەبێت چارەسەركردنی كێشەكانی شارەكە لەپێش هەموو پرسێكی دیكەوە بێت".

دڵشاد ئەحمەد، خوێندكاری زانكۆیە و لە نەتەوەی كوردە، دەڵێت:" لە دوای ڕووداوەكانی ١٦-ی ئۆكتۆبەرەوە كێشەی گەورە ڕووی لە هاوڵاتیان كردووە، بەتایبەت ڕووداوە ئەمنیەكان، كە شەوانە دەیان حاڵەتی جۆراوجۆری ئەمنی ڕودەدەن، ئەمەش وای لە هاوڵاتیانی شارەكە كردووە لە ژیان و سەروماڵی خۆیان دڵنیا نەبن.

دڵشاد بە جۆرێك لە نیگەرانییەوە باسی دۆخی كوردی كرد لە كەركوك، وتی:"لە ١٦-ی ئۆكتۆبەرەوە بۆنی كوردایەتی لەم شارە نەماوە، ئازادی ڕادەبرین بۆ نەتەوەی كورد نەماوە، دەیان بەڕێوەبەری كورد لە كارەكانیان دوورخراونەتەوە، ئەم حاڵەتانەی كە لە كەركوك هەن بۆ ئێمەی هاوڵاتی جێگای ترس و نیگەرانیە، بۆیە داوا لە حزبی باڵادەستی شارەكە دەكەین، كە یەكێتییە، چارەسەرێك بۆ دۆخی كەركوك بدۆزێتەوە".

ئەو خوێندكارەی زانكۆ داواشیكرد ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ڕۆڵی پێشووی بۆ بگەڕێنرێتەوە لە یەكلاكردنەوەی كێشەكان.

دڵشاد، دانانی خاڵە گومرگییەكانی نێوان كەركوك و شارەكانی هەرێمی كوردستانی بە دروستكردنی گرفت بۆ هاوڵاتیان وەسفكرد، بەوپێیەی ڕاستەخۆ پەیوەندیی بە ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیانەوە هەیە، گلەییشی لە بێدەنگیی حكومەتی هەرێم و لایەنە كوردییەكان كرد بەرامبەر بە دۆخی كەركوك.

لە بەرامبەر داوكاریی هاوڵاتیان و پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك، عەلی محەمەد، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كەركوك، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:"لە چەند هەفتەی ڕابردوو وەفدێكی یەكێتی سەردانی شاری بەغدایان كرد، وەفدەكە كۆبونەوەی بەرفراونیان لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان ئەنجامدا، كۆبونەوەكان لە چوارچێوەی دۆزینەوەی چارسەرێك بوون بۆ دۆخی كەركوك، لەگەڵ نوێنەری پێكهاتەكانی شاری كەركوكیش كۆبونەوە ئەنجامدراوە، تا بگەینە ڕێككەوتن بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكە، بەگشتی لە كۆبوونەوەكان لێكتێگەیشتنی باش هەبوون".

عەلی محەمەد، وتیشی:"لایەنی عەرەبی و توركمانیش بەهەمانشێوە لە كۆبونەوەكاندا باسیان لەوەكردووە كە كەركوك دۆخێكی نالەباری هەیە و دەبێت چارەسەری بۆ بدرۆزیتەوە، دەشیانەوێت هاوسەنگی هەبێت لە دابەشكردنی پۆستەكانی شارەكە و یەكلاكردنەوەی كێشەكان."

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەكێتی پێشی وایە، بەهۆی قوڵیی كێشەكان و نەگەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق بۆ كەركوك و بەشدارینەكردنی ئەندامەكانیان لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا، نەتوانراوە كێشەكان بەزوویی چارەسەر بكرێن.

د.ع