ڕۆژنیوز- بڕوا ئەسعەد
محەمەد ئەمین پێنجوێنی، هۆشداریی دەدات لە مەترسییداریی هێرشەکەی ئەمجارەی دەوڵەتی تورک و دەڵێت، تورکیا بۆ داگیرکردنئ باشووری کوردستان هاتووە، دەڵێت: با هەموو لایەنەکان بە یەک دەنگ دژی شەڕی نێوان کوردان و هێرشەکانى تورکیا بۆسەر گەلەکەمان بوەستنەوە.
٢٦ی ئازار، کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە ڕاگەیەنەدراوێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، زانیارییان پێگەیشتووە، کە پەدەکە و دەوڵەتی داگیرکەرى تورک، ڕێککەوتوون بەهاوبەشیی، هێرش بکەنە سەر گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، داواش دەکات ڕێگریی لەو پیلانە بکرێت “چونکە ستاتۆ و دەستکەوتەکانی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە”.
سەردانەکەی ١٥ی ئەم مانگەی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ لای ئەردۆغان و هاکان فیدانی سەرۆکی دەزگای سیخوڕیی میتی تورک، زانیارییەکەی کەجەکەی پشتڕاست کردەوە.
لەوبارەیەوە، محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەداری کورد بە ڕۆژنیوزی وت: هەر شەڕێکی کورد و کورد ڕووبدات، ئەوا دۆز و پرسی میللەتی کورد زیان دەکات و زیانى بۆ یەکێتی نەتەوەیش دەبێت.
باسی لەوەش کرد، تورکیا بەرامبەر بە کوردانی باکوور شەڕی ڕایگەیاندووە و چەندین ساڵە هێرش دەکاتە سەر باشوور بەناوی ئەوەی دژی پەکەکە شەڕ دەکات، ئامانجی ئەردۆغانیش لەوە ئەوەیە، کە میلـلەتی تورکیا سەرقاڵ بکات و بڵێت، لەو ڕێگەوە بەرگریی لە ئاسایشی سنوورەکانى تورکیا دەکەین، یان بۆ دامرکاندنەوەی ئەو ناڕەزایەتیانەى، کە لە ناوخۆى ئەو وڵاتەدا هەیە دەیەوێت شەڕى مانەوەى خۆى بکات.
ئەو سیاسەتمەدارە، هۆشداریی دا، “هێنانی ئەو سوپا زۆرە لەلایەن تورکیاوە بۆ باشورى کوردستان، کە هەموو جۆرە چەکێکی پێشکەوتووى سەربازی مۆدێرنیان پێیە، تەنیا بۆ شەڕی پەکەکە نەهاتوون، بەڵکو بۆ داگیرکردنی کوردستان هاتوون، چونکە مەبەستیانە نزیک ببنەوە لەسەرچاوەی غازى سروشتى و نەوت و دەیانەوێت بۆخۆیانى ببەن”.
محەمەد ئەمین پێنجوێنى، داوای لە هەموو هاوڵاتیان و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان کرد، کە دژی دروستبوونى ئەو شەڕە بوەستنەوە، چونکە کورد لە باشوور بە گشتیی و تەنانەت تورکیا و گەلى کوردیش زیان دەکەن، چونکە ژمارەیەکى زۆر هاوڵاتى کورد دەکوژرێن، هەربۆیە هیوادارم هاوڵاتیان هەستنە سەرپێ و داوا بکەن، کە ئەو شەڕە نەکرێت.
جەختیشیکردەوە، ،هەر هێزێکی کوردی یارمەتی دروستبوونى شەڕى نێوان هێزە کوردییەکان بدات، ئەوا کارێکی نەگونجاو دەکات و لەو ڕێگەوە زیانێکى زۆر لە نەتەوەی کورد دەدرێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا محەمەد ئەمین پێنجوێنى دەڵێت: تەنها ڕێگایەک ڕێگریی بکات لە پیلانى تورکیا، بەرامبەر بە نەتەوەی کورد، نزیکبوونەوە، تەبایی و یەکڕیزیی میللەتی کوردە، پێویستە هەموو لایەنەکان بە یەک دەنگ دژی شەڕی نێوان کوردان و هێرشەکانى تورکیا بۆسەر گەلەکەمان بوەستنەوە.
ئ.م