چوؤرشەممە, 1 أغس 2018 – 12:04 ڕۆژنیوز – هاوکار مستەفا
شارۆچکەی پێنجوێن سەر بە پارێزگای سلێمانییە، مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ و مەرزی نیمچە فەرمیی سەیرانبەن-ی تیدایە، کە هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەیەکەوە دەبەستنەوە و ئاڵوگۆڕی بازرگانییان تێدا دەکرێت، بەوهۆیەشەوە پێنجوێن بە یەکێک لە شادەمارە ئابوورییە گرنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، ئەمە جگە لە هاتووچۆی گەشتیاریی، کە لەبەرامبەر هاتنی هەر گەشتیارێکدا ٢٥ هەزار دینار وەردەگیرێت.
ڕۆژنیوز هەوڵیدا داهاتی ئەمساڵی مەرزی باشماخ و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەنێوان هەرێم و ئێران لەڕێگای مەرزەكانی سنوری پێنجوێنەوە وەربگرێت، بەڵام بەرپرسانی مەرزەکان ئامادە نەبوون هیچ زانیارییەك بخەنەڕوو و ڕایانگەیاند لەکاتی تردا لە کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیدا ئاشکرای دەکەین.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، ساڵی ڕابردوو تەنیا مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ نزیکەی ٢٠٠ ملیارد دینار داهاتی هەبووە.
سەرەڕای هەبوونی ئەو داهاتە زۆرە، بەپێی لێدوانێکی زانا ڕەحمان، قایمقامی شارۆچكەی پێنجوێن بۆ ڕۆژنیوز، بە بیانووی قەیرانی داراییەوە سەرجەمی ئەو پرۆژانەی دەكەونە سنووری شارۆچكەی پێنجوێن و هەردوو شارەدێی گەرمك و ناڵپارێز كاركردن تیایاندا ڕاگیراوە، کە ك خۆیان دەبیننەوە لە ڕاكێشانی كارەبای نشتیمانی بۆ ٢٢ گوند و قیرتاوكردنی ڕێگای سەرەكیی گوندەكانی وریایاوا تا دەگاتەوە سەیرانگای گۆڵێ، هەروەها پرۆژەی قیرتاوكردنی ڕێگای سەرەكی مەرزی باشماخ، لەناو پێنجوێنیش پرۆژەی پاركی نمونەیی و یارگای داخراو شۆستەی زۆربەی گەڕەكەكان كاركردن تیایاندا ڕاگیراوە.
زانا ڕەحمان
هەر بەگوێرەی وتەکانی قائیمقامی پێنجوێن، بڕی ئەو بودجانەی، كە بۆ تەواوكردنی ئەو پرۆژانە دیارییكراوە خۆی دەبینێتەوە لە بڕی ١٥ ملیارد دینار، هەروەها ڕێگای باشماخ پێنجوێن ٣٢ ملیار دیناری بۆ دیارییكراوە، کە اموەی ساڵێکە کارکردن تیایدا وەستاوە، ماوەی چوار ساڵیشە هیچ پرۆژەیەكی نوێ لە سنورەكەدا جێبەجێ نەكراوە.
هاوڵاتیانی پێنجوێن نیگەرانیی نیشان دەدەن، کە شارۆچکەکەیان داهاتێکی زۆری هەیە، بەڵام لەلایەن حکومەتەوە فەرامۆشکراوە، پێشیانوایە، کە مەرزەکان لەجیاتی سود، هەندێک جار زیان بە هاوڵاتیان دەگەیەنێت.
ڕێبین حەسەن، یەکێک لەو هاوڵاتیانەیە و بە ڕۆژنیوزی وت: داهاتی مەرزەکان بۆ خەڵکی پینجوێن خەرج ناکرێت، لەوەش كارەستتر ئەوەیە كە لە ڕووی كەرتی كشتوكاڵیشەوە پێنجوێن پشتگوێخراوە لەكاتی وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمە كشتوكاڵیەكاندا دەروازە سنورییەكان داناخرێن و بەوجۆرەش ڕەنجی جوتیارانیش بەفیڕۆ دەڕوات.
ڕێبین حەسەن
سەبارەت بە هەوڵەکانی بەرپرسانی ئیداریی پێنجوێن، بۆ خزمەتکردنی شارۆچکەکە لەلایەن حکومەتەوە، زانا ڕەحمان، قائیمقامی شارۆچکەکە وتی: ساڵانە بەدەیان نووسراو ئاڕاستەی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان دەکەین و كۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حكومەت دەكەین بۆ تەواوكردنی ئەو پرۆژانە و جیبەجێكردنی پرۆژی نوێ، بەڵام بیانووی ئەوان ئەوەیە، كە حكومەت لە قەیراندایە و تەنها پارەی موچەی پێدابین دەكرێت.