ئەبوبەکر هەڵەدنی رایگەیاند، بەداخەوە هەریەک لە وانەی بۆ ماوەی ساڵێک بڕیاری بەند کردنیان بۆ دەرچووە لە وەزیفەکانیان دەردەکرێن، پێویستە ئێمە وەک پەرلەمان كار بکەین بۆ ئهوهی مامۆستا بهدهل و هاوڕێکانی بچنهوه سهر كار و وهزیفهی خۆیان.
ئەمڕۆ پرۆسەی دادگایكردنی پێنج لە دەستگیركراوانی بادینان بەڕێوەچوو، هەریەکە لە سڵێمان کەمال، سڵێمان موسا، فرسەت ئەحمەد، و جەمال خەلیل، بە ساڵێک سزادران، بەڵام پێشتر ساڵەکەیان تەواوکردووە و بەهۆیەوە ئازاد دەکرێن، بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە عامر خالیدش، ئازاد کرا.
شەوی ڕابردوو، مامۆستا بەدەل بەرواری یەكێك لە سزادراوانی بادینان دوای نزیكەی ١٤ مانگ مانەوەی لە زیندان و سزای ساڵێك زیندانیكردنی، ئازادكرا.
بەوتەی ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، هەریەك لەو پێنج چالاكوانەی بادینان كە سزای ساڵێك زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە، لە وەزیفەكانیان فەسڵكراون.
ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی: بەداخەوە هەریەکە لە بەدەل بەرواری، سڵێمان کەمال، سڵێمان موسا، فرسەت ئەحمەد، و جەمال خەلیل، کە بۆ ماوەی ساڵێک بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ دەرچوو لە کارەکانیان دەردەکرێن.
هەڵەدنی بە ڕۆژنیوزی وت: بەپێی یاسا هەر تۆمەتبارێک کەمتر لە ساڵێک حوکمدرابێت ،ئەوە دەتوانێت بگەرێتەوە سەر وەزیفەکەی خۆی، بەڵام گەر حوکمەکەی لە ساڵێک زیاتر بێت، ئەوە لە وەزیفەکەی دەر دەکرێت.
وتیشی: دەبێت لەڕێگای پەرلەمانەوە ئەو یاسایە هەموار بکرێتەوە، چونکە گەر تۆمەتبارێک بە ساڵێک حکوم درا، دەرکەوت کە بێتاوانە و سەلمێندرا هیچ تاوانێکی لەسەرنییە، ئەوە ئەو کەسە بگەڕێتەوە سەر کار و وەزیفەی خۆی، چونکە وەزیفە مافێکی تایبەتی کەسی هاوڵاتییە، ناکرێت لەسەر تاوانێک بگیرێت دواتر ئازاد بکرێت یاخود حوکمێکی کەم وەربگریت لە سەر وەزیفەکەت نەمێنیت و دەربکرێیت، بۆیە دەبێت لەڕێگا پەرلەمانەوە هەمواری ئەم یاسایە بکەین و کاری لەسەر بکەین.
ئەو ئەندامەی پەرلەمان، لەبارەی گۆڕینی ماددەی دادگاییکردنەکەی هەریەکە لە سڵێمان کەمال، سڵێمان موسا، فرسەت ئەحمەد، و جەمال خەلیل و عامر خالید، لە فەیسبووکەکەی نووسیویەتی: گۆڕینی ماددەی یاسایی دادگاییکردنی تۆمەتباران لە ماددەی (١) یاسای ژمارە (٢١) ی ساڵی ٢٠٠٣ وە بۆ ماددەی ٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی گۆڕدرا.
ئەبوبەکر هەڵەدنی، لە دریژەی نوسینەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، چیرۆکی ناو دانیشتنەکانی دادگاییکردنی تۆمەتباران بە ئازاربوون بە جۆرێک، بایی چەندین ڕۆمان و کورتە فلم و دراما دیمەنی تێدابوو، چونکە هەیان بوو دەیوت منداڵە نۆساڵەکەم پێی وتم بابە گۆرەوی لەپێ بکە با قاچەکانت سەرمایان نەبێت و دایکی دوان لە تۆمەتباران گیانیان لەدەستدا و بە دیداری کوڕەکانیان شاد نەبوونەوە.
لە بارەی بەشێک لەوتۆمەتانەی دراوەتە پاڵ ئەو چالاکوانانەی بادینانەوە ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: لەناو دەستگیرکراوەکان تیایاندابوو لە ساڵی ١٩٨٢ەوە پێشمەرگە بووە و جارێکیش لە زیندانی بەعس و دوو جاریش لە زیندانی ئێران لەسەر پێشمەرگایەتی دەستگیرکراوە ووەک خۆی ووتی، پاداشتی٢٧ ساڵ خەباتم بەو جۆرە دەدەنەوە.
“دکتۆرعامر تاوانی ئەوەبوو لە پڕۆژەکەی دەیویست هاوکاری کوردانی ئیزدی بکات، کەچی بە ساڵێک و یەک مانگ و ١٧ ڕۆژ زیندانی و جەنگی دەروونی پاداشتیان دایەوە” ئەبوبەکر هەڵەدنی وای وت.
هەروەها، مامۆستا سلێمان موسا، کە ئەو پیشەی مامۆستا و بەڕێوەری قوتابخانە بووە و خۆی وتویەتی، کە من دەستگیر کراوم تەنها سێ هەزار دیناری عێراقی لە گیرفانمدا بووە و ٣٠٠ دۆلاری ئامۆزاکەشم قەرزاربووم.
هەڵەدنی باس لە بەشێكی تر لە دەستگیركراوان دەكات و دەڵێت: عامر خالید تهمهنی ٥١ ساڵە و ههڵگری بڕوانامهی دكتۆرا و مامۆستای زانكۆی دهۆكە، سلێمان كهمال تەمەنی ٥٥ ساڵە و خانهنشینی پێشمەرگەیە، جهمال خەلیل تەمەنی ٤٠ ساڵە و مامۆستای ئامادەییە و خوێندکاری دکتۆرایە، سڵێمان موسا تەمەنی ٤٢ ساڵە و مامۆستای قوتابخانەیە و فرسهت ئەحمەد تەمەنی ٤٧ ساڵە و ئهندازیارە.
جێگەی ئاماژەیە، زیندانیانی بادینان ژمارەیان نزیكەی ١٠٠ کەسە و زیاتر لە ١٤ مانگە دەستگیرکراون پەرلەمانتاران و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانەی بادینان هیچ بەڵگەیەکی تاوانیان لەسەر نییە و ئەوەی هەیە بابەتێکی سیاسییە، ئەو کەسانە دوورن لە کاری سیخوڕیی و دروستکردنی کێشەی ئەمنیی، کە پێی تۆمەتبارکراون.
ئ.م