توێژە جیاوازەکانی کوردستان داوادەکەن هەر پرۆژە و یاسایەک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەردەکرێت دژ بە داگیرکەرانبێت نەک شۆڕشگێڕانی کورد، لەو چوارچێوەیەشدا مامۆستایەکی زانکۆ دەڵیت: پێویستە پەرلەمان پرۆژە دژی ئەو هێزە بێگانانە ئامادە بکات خاکی باشوری کوردستانیان داگیر کردووە نەک شۆڕشگێرانی کورد، ئەوەش بەبیردێنێتەوە پێویستە حزبە سیاسیەکانی باشوری کوردستان ئاوڕێک لە ڕابردووی خۆیان بدەنەوە پێش ڕاپەڕین لە کوێ بوون.
ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕابردوو پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆبووە و تێیدا ڕاپۆرتی لیژنەکانی پەرلەمان، تایبەت بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و تۆپبارانکردنەکانی ئێران، بە ئامادەبوونی وەزیرانی ناوخۆ و پێشمەرگە خوێندنەوەی بۆ کرا، لە کۆتایشدا سهرۆكی پهرلهمانی هەرێمی كوردستان لیژنهی تایبهتمهندی ڕاسپارد، بهڕهچاوكردنی سهرنج و تێبینی و پێشنیازهكانی ئهندامانی پهرلهمان و وهڵامی نوێنهرانی حكومهت، ڕاپۆرتەکە دهوڵهمهند بكهن، هەندێک دەنگۆش باس لەوەدەکەن ڕاپۆرتەکە بە ئاراستەی بەرژەوەندی دەوڵەتی تورک و لە دژی پەکەکە دەستکاری بکرێت.
کۆسرەت خدر، مامۆستای زانکۆ لە بەشەكانی یاسا و فەلسەفە لە زانکۆی ڕاپەڕین، سەبارەت لەو بارەیەوە قسەی بۆڕۆژنیوز کرد.
لە سەرەتای قسەکانیدا ئەو مامۆستایە وتی: ئێستا پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نیازی هەیە پرۆژە یاسایەک ئامادە بکات لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە یا خود هێزە شۆڕشگێڕەکان کە شەڕ دەکەن دژی داگیرکردنی کوردستان، بە پێچەوانەوە دەبێ ئەو پرۆژە یاسایە دژی ئەو هێزە بێگانانە ئامادە بکات کە خاکی باشوری کوردستانیان داگیر کردووە، دەبێ خەڵک هۆشیار بێت کە بەڵێ تورکیا دەوڵەتێکی داگیرکەرە لە ڕووی فکری و پەروەرەدە و ئابووریشەوە، پێویستە پەرلەمانی عێراق کاری زیاترلە سەر دەرکردنی سوپای تورکیا بکات، پەرلەمانی عێراق لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە سەروەریی خاکەکەی بکات و ڕێگا بە بەزاندنی سنوورەکانی نەدات.
مامۆستا کۆسرەت لە درێژەی قسەکانیدا وتی: حزبە سیاسیەکانی باشوری کوردستان دەبێ ئاوڕێک لە ڕابردووی خۆیان بدەنەوە پێش ڕاپەڕین لە کوێ بوون، هەموومان دەزانین بەشێک لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و تەنانەت لە وڵاتێکی وەک ڕوسیا بوون، لەو شوێنەوە درێژەیان بە خەبات داوە، بۆیە ئەمڕۆ بە هیچ شێوەیەک ڕەوانییە حزبە سیاسیەکان و سەرکردەکانی باشوری کوردستان و بە تایبەت پەرلەمانی هەرێم بڕیارێکی لەم چەشنە بدەن، چونکە شەرمێکی گەورەیە دەست بۆ بابەتێکی لەوشێوەیە ببەن دژی پارتی کرێکارانی کوردستان یان هەر هێزێکی شۆڕشگێڕی کوردی بە میوان بزانن لە سەر خاکی کوردستان بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا خاکی کوردستان بەجێ بهێڵێت.
ئەو مامۆستایە ئاماژەشی بە بەرخۆدانی هەفتانین کرد، “لە هەر شوێنێک بەرخۆدان و خۆڕاگری دژی داگیرکاری هەبوو ئەوا بێگومان لەو شوێنە ئاستی هۆشیاری نەتەوەیی و مرۆڤایەتی بوون لە لوتکەدایە، ئەو بەرخۆدانەی هەفتانین و سەرجەم ئەو شوێنانەی لە لایەن هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و ئەو شۆڕشگێڕانە بەرەنگاری داگیرکاریی تورکیا وەستاونەتەوە پێویستە لای هەموومان جێگای ڕێز و پێزانینن بێت و دەست خۆشیان لێ بکەین چونکە ئەو شۆڕشگێرانە لە جێگای هاوڵاتیان گیانی خۆیان کردووەتە قەڵغان لە دژی داگیرکاریی”
لە کۆتایشدا وتی: شەرت نییە هەموومان بچینە سەر چیا بۆ شەڕکردن بەڵام میکانیزمی جیاواز هەیە بۆ پشتگیریکردن لە خەبات و تێکۆشانی شۆڕشگێرانی کوردستان کە بەرامبەر داگیرکاریی تورکیا و هەر هێزێکی دیکە دەکرێت، بۆیە پێویستە هەموومان پشتیوانی لەو بەرخۆدانە بکەین.
ک.س