بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، شەپۆلێکی سکچوون و ڕشانەوە بڵاوبۆتەوە لە منداڵاندا و زیاتر لە ٤٠٪ نەخۆشەکان بەو هۆیەوە داخڵی نەخۆشخانە دەکرێن و هەندێك جار دەبیچتە هۆی گیان لەدەستدان و داوا دەكات، ڕێنماییە تەندروستییەكان پەیڕەوبكرێت بۆ ڕێگریی لە پەتاكە.
دكتۆر پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دكتۆر جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسییدا وتی: شەپۆلێکی سکچوون و ڕشانەوە بڵاوبووەتەوە لەناو منداڵاندا و زیاتر لە ٤٠٪ نەخۆشەکان بەو هۆیەوە داخڵی نەخۆشخانە دەکرێن.
ئاماژەی بە هۆکارەکان کرد و وتی: هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا سکچوون و ڕشانەوە زۆر زیاد دەکات لەناو منداڵاندا، ئەویش بەهۆی کاریگەریی بەرزیی پلەی گەرمایە، کە لەوانەیە بەهۆی پیسبوونی سەرچاوەی ئاو و خراپ هەڵگرتنی خۆراک لەناو پلەی گەرمی بەرزدا و گەشەکردنی هەندێک بەکتریا لەو پلە گەرمیەدا ڕووبدات، لەگەڵ ووشک بوونەوەی منداڵ لە پلەی گەرمی بەرزدا و کەمتر بەرگەگرتنی سکچوون و ڕشانەوە.
وتیشی: هۆکارەکانی سکچوون و ڕشانەوە زۆرن و جیاوازە، كەواتە چارەسەرەكانیش جیاوازە و نابێت لەخۆوە چارەسەر بەكاربهێنرێت، لەوانەیە هۆکارەکە ڤایرۆس یان بەکتریا یان پاڕاسایت یان خواردنی شیرینی یان هەستیاری بە پڕۆتین،یان نەخۆشی گەنم و جۆ یان ژەهراوی بوون یان هەستیاری بەجۆرە خواردنێک یان کۆڕۆنا یان چەندین هۆکاری تر بێت.
د.پشتیوان بە پێویستی دەزانێت، بۆ ڕێگەگرتن لە تووشبوون بە سکچوون و ڕشانەوە، چەند ڕێكارێك بگیرێتەبەر لەوانە:هەموو ئاوێک بکوڵێندرێت ئینجا ساردبکرێتەوە بۆ خواردنەوە، خواردن لەناو سەلاجە هەڵبگیرێت، سەورزە میوە پێش خواردنی جوان بشۆردرێتەوە.
هەروەها، زوو زوو دەستی منداڵ بشۆردرێت بەتایبەت دوای تەوالێت کردن، پاک و خاوێنی تەوالێت و حەمام زۆر گرنگە و لەگەڵدوورکەوتنەوە لەخواردنی دەرەوە بەتایبەت ئەوانەی سەر عەرەبانەکان.
لەبارەی مامەڵەكردن لەگەڵ منداڵی توشبوودا دەڵێت: قورسترین شت وشكبونەوەیە لە منداڵدا و ئەگەر بە دروستی مامەڵەی لەگەڵدا نەكرێت، ڕەنگە وشكبونەوەی زیاتری تێدا ڕووبدات و ببێتەهۆی سستبوونی گورچیلەیی و گیان لەدەستبدات.
س.س