لەگەڵ بەرەوپێشچوونی هێڵێکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەر، کە لەپێناو ئازادیی و دۆزی ڕەوای گەلی کورد-دا بێوچان لە ناو تێکۆشاندا بووە و قوربانیی گەورەی بۆ داوە، هێڵی خیانەت و دەستکەلای دوژمن و داگیرکەران، کە هەمیشە ڕوو لە دوژمن و پشتیان لە گەلی خۆیان بووە و لە سەنگەردابوون دژی هێڵە نەتەوەییەکە، پەدەكە پێشڕەویی ئەم هێڵە پڕ لە خیانەتە بووە.
لە چەند دەیەی ڕابردوودا، پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق (پەدەکە) لە هەرچوار پارچەی کوردستان سەرمەشقی هێڵی خیانەت بووە و هیچ هێزێکی شۆڕشگێڕیی و ئازادییخوازیی کوردیی نەماوە، کە شەڕی لەدژ نەکردبێت، هاوکات هیچ ڕژێم و دەوڵەتێکی داگیرکەر و دووژمنی کوردیش نەماوە، کە لە گەڵیدا هاوپەیمان نەبووبێت.
دەستی تیرۆری پەدەكە لە باكووری كوردستان:
مێژووی پەدەكە سخناخە بە خیانەت و تیرۆركردنی ڕۆڵەكانی گەلی كورد، ئەوانەی جێگەی ئومێد و تروسكایی و هیوای ڕزگاریی بوون بۆ گەلەكەیان، لە فیتی دوژمن و بە دەستی پەدەكە و هاوكارانی تیرۆر دەكران.
لە ساڵی ١٩٧١ بە فەرمانی مەلا مستەفا بارزانی لەلایەن چەکدارەکانییەوە، هەریەک لە سەعید یاڵچی، سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان- باکوور و هەر یەک لە هاوڕێکانی محەمەد بێگی، دکتۆر شڤان، حەکۆ و بروسک، تیرۆرکران و کەیسەکەشیان دیزبەدەرخۆنەکرا.
لە ساڵی ١٩٧٧ دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتی تورک (میت)، گروپێکی سیخوڕیی بەناوی ڕێکخراوێکی کوردییەوە دروستکرد (ستێرکا سۆر)، ئەندامانی ئەو گروپە بەشێکیان پێشتر ئەندامی پ د ک-T پەدەکەی تورکیا بوون، کە لە ١٨ی گوڵانی ١٩٧٧ لە شاری عەنتاب (حەقی قەرار) یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکەیان شەهیدکرد، لەگەڵ چەند ئەندامی دیکەی پەکەکە.
دەستی تیرۆری پەدەكە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان:
جیاواز لە بەشەكانی تری كوردستان پەدەكە نۆكەرایەتی بۆ ڕێژمی شای ئێران و كۆماری ئیسلامی ئێران كردووە، لە هیچ یەكێك لەو سەردەمانەدا نەیهێشت ئەوانەی سەرمەشقی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردبوون، پەرە بە خەباتیان بدەن و بە دڕندانەترین و ناشیرینترین شێوە، كە دوژمینش بوێری ئەوەی نەبووە بەوشێوەیە تیرۆریان بكات، تیرۆری دەكردن.
بە پشتبەستن بە کتێبی “خیانەتەکانی قیادە موەقەتە، بە نەتەوەی کورد” دیارترین تیرۆری چەکدارانی پەدەکە، بە فەرمانی مەلا مستەفا بارزانی دەخەینەڕوو، لە دژی سەرکردە و پێشەنگە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەپێناو ڕازییکردنی شای ئێران.
ساڵی ١٩٦٧ برایمە سوری محەمەد دەلاوەیی خەڵکی ناوچەی خانێ لە گوندی ئالانە، لەگەڵ ژمارەیەک پێشمەرگەی دیموکرات شەهیدکران و تەرمەکەیان درایەوە بە ڕژێمی ئێران.
لە کۆتاییەکانی هەمان ساڵدا، مەلا ڕەحیمی وەرتێ، ناسراو بە میرزا ئەحمەد ئەندامی کومیتەی ناوەندی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە لایەن مەلا مستەفاوە دەستگیردەکرێت و دەیانەوێت بە زیندویی تەسلیمی بکەنەوە بە ساواک، ئەویش ناڕەزایەتییەکی زۆر دەردەبڕێت و هەر لەوێدا گولـلەبارانی دەکەن.
هەر لە هەمان مانگدا، سوارەی سەکری، ئەسکەندەر عەلی، محەمەد موئمینی، حەبیب ئەبابەکر، جەعفەر ئەبابەکر، مونتەقیمی قازی، لەگەڵ دەیان پێشمەرگەی تر، دوای قۆڵبەستکردنیان درانەوە بە ئێران.
مانگی ئایاری ساڵی ١٩٦٨، هەردوو سەرکردەی شۆڕشگێڕ سلێمان موعینی و خەلیل شەوباش، لەنزیک شاری سلێمانی بە فەرمانی مەلا مستەفا لەلایەن چەکدارانی پەدەکەوە شەهیدکران و تەرمەکانیان درایەوە بە ساواکی ئێران.
دڵشاد ڕەسوڵ و مەلا ئاوارە دوو شۆڕشگێڕی پێشەنگ بە فەرمانی مەلا مستەفا شەهیدکران و تەرمەکانیان درایەوە بە ڕژێمی ئێران.
ساڵح لاجانی و حەوت پێشمەرگەی دیکە، کە لەپاش شەهیدکردنی مەلا ئاوارەوە هاتبوونە ژێر دەسەڵاتی مەلا مستەفا، ئەوانیش گیران و درانەوە بە ئێران و هەرحەوتیان گولـلەباران کران.
دەستی تیرۆری پەدەكە لە باشووری كوردستان:
حزب و ڕێكخراوی سیاسیی لە باشوری كوردستاندا نەماوە، پەدەكە شەڕی گەڵدا نەكردبێت، پەدەكە دەستی سوورە بە خوێنی هەزاران هاوڵاتی و كەسایەتی سیاسیی و ڕۆژنامەنووس و كەسانی ئازادیخواز، لە ئەنجامدانی تیرۆردا سڵی لە هیچ شتێك نەكردووەتەوە.
لە١٤ی شوباتی ١٩٧١دا جەمیل حەمەد ئاغا مێرگەسۆری، بەفەرمانی مەسعود بارزانی لە هەولێر تیرۆر کرا، زۆری نەبرد فاخر مێرگەسۆری برای بکوژەکەی دۆزییەوە و تۆڵەی براکەی کردەوە و نۆکەرەکەی دەزگای پاراستنی کوشت، کە مسعود بارزانی فەرمانی پێ دابوو جەمیل بکوژێ، مەلا مستەفا و مسعود بارزانی کوژرانی نۆکەرەکەیان پێ قبوڵ نەکرا، هەر بۆیە هەموو بنەماڵەی حەمەد ئاغایان دەستگیرکرد و ساڵی ١٩٧٥ کۆمەڵکوژیان کردن.
لە هاوینی ساڵی ١٩٧٨دا، کۆمیتەی سەرکردایەتیی یەنەکە بڕیاردەدات هێزەکانی لە ناوچەکانی ناوزەنگ و بناری قەندیلەوە، بگوازێتەوە بۆ ناوچەی برادۆست و بەدیارییکراویی بۆ سێ کۆچکەی سنووریی ئێران-تورکیا-عێراق، هێزی پەدەکە و بەشێک لە هۆزەکانی شەمزینان دەدەن بەسەر هێزەکەی یەنەکەدا، هەریەکە لە عەلی عەسکەری، فەرماندەی هێزەکە و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، دکتۆر خالید سەعید و شێخ حسێن بابەشێخ ئێزیدی بەدیل دەگرن و عەلی عەسکەری، لەلایەن سەرکردایەتیی پەدەکەوە بە چەکی ئاڕ پی جی شەهید دەکرێت و نزیکەی ٧٠٠پێشمەرگە و فەرماندەی پێشمەرگە لەو ڕووداوەدا شەهید دەکرێن، کە بە کارەساتی هەکاری ناسراوە.
خیانەتەكانی قیادەموەقەتەی پەدەكە بەردەوامی هەبوو، ئامانجیان شكستهێنان بوو بە شۆڕی نوێ، كە یەنەكە سەركردایەتی دەكرد، لە چەندین ناوچە گورزی كوشندەیان لە مەفرەزە سەرەتاییەكان دا و دواتر خۆیان ڕادەستی حكومەتی بەعس دەكردەوە، لەوێ فەوجییان بۆ دروست دەكرا و دووبارە هێرشیان دەكردەوە سەر پێشمەرگە.
لەدوای ڕاپەڕین، یەکەم جوڵەی پەدەکە بۆ سەرکوتکردنی دەنگە ئازادەکان شەهیدکردنی ڕەئوف ئاکرەیی بوو، دوای ئەوەش ساڵی ٢٠٠٨ عەبدولستار تاهیر شەریف لە کەرکوک، ساڵی ٢٠١٠ سەردەشت عوسمان لە هەولێر، ساڵی ٢٠١٦یش شوکری زەینەدین و وەدات حسێن لە دهۆک تیرۆرکراون لەلایەن پەدەکەوە.
ڕۆژی ١٦ی ئایاری ١٩٩٧، هێزەکانی پەدەکە لەیەک کاتتدا هێرشدەکەنە سەر بارەگاکانی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، مەڵبەندی ڕۆشنبیریی میزۆپۆتامیا، یەکێتی ئازادی ژنانی کوردستان، نەخۆشخانەی گەریلا بریندارەکانی مانگی سووری کورد، ڕۆژنامەی وڵات و ڕۆژنامەی وەتەن شەمس.
بەپێی بەڵگەنامەکان، ٨٣ بریندار، ڕۆژنامەنووس، سیاسەتمەدار و هونەرمەند لەو هێرشانەدا بەردەکەون، بەشێکیان شەهید دەکرێن و بەشێکی دیکەشیان بێسەروشوێن دەکرێن، هەتا ئێستاش چارەنووسی بێسەروشوێنکراوەکان نازانرێت، کە ئاخۆ ئەوانیش شەهیدکراون یاخود هێشتا لە ژیاندان و زیندانییکراون.
٢٦ی تەمموزی ٢٠٢١ لەنزیک گوندی بێخمەی شارەدێی خەلیفانی سەر بە پارێزگای هەولێر، لەکاتێکدا سێ گەریلا بەو سنوورەدا تێپەڕدەبوون، لەلایەن هێزێکی پەدەکەوە گەمارۆ دران و هێرشیان کرایە سەر و شەهیدکران.
هاوشێوەی ڕووداوەکەی خەلیفان، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرایکرد، کە بەرەبەیانی ٢٩ی ئابی ٢٠٢١ گروپێک لە هەڤاڵانیان، کە پێکهاتبوو لە حەوت گەریلا، کاتێک لە ئاوی زاپ لە هەرێمی خەلیفان پەڕیونەتەوە، لەلایەن چەکدارانی پەدەکەوە بۆسەیان بۆ دانراوە و هێرشیان کراوەتە سەر لە ئەنجامدا پێنج گەریلا شەهیدکراوە و گەریلایەکیش بە برینداریی بە دیل گیراوە، تاوەکو ئێستا تەرمی هیچ یەکێک لەو شەهیدانە و تەنانەت دیلەکەش ڕادەستی کەسوکاری یاخود پەکەکە نەکراونەتەوە.
س.س