لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆەوە پەدەکە دەستی بە ڕەوانەکردنی هێزێکی زۆر و چەکی قورس بۆ دەڤەری باڵەکایەتی کردووە و چەند ڕۆژێکیشە دەستی بە نۆژەنکردنەوەی سەنگەرەکانی سەردەمی شەڕی ناخۆ کردووەتەوە.
ئەمڕۆ ھێزێكی زۆری فەرماندەی ھەڵگورد و تۆپخانەی شەقڵاوەی سەر بەیەكەی ٨٠ـی پەدەکە ڕەوانەی چۆمان و قەسرێ لە سنووری باڵەکایەتی کران و لە چەندین کۆنە سەنگەری سەردەمی شەڕی ناوخۆ جێگر دەکرێن.
بە پێی ئەو دیمەنانەی کە بەردەست ڕۆژنیوز کەوتوون، لە گەڵ ئەو هێزە سەربازییەدا ئامێری هەڵکەندن و پاككردنەوەی ڕێگاوبان هەیە و لەگردی “خانۆڵ و ماینەسۆر ” لە قەسرێ و “بانەگەڵان”ی ناوەڕاستی چۆمان سەرقاڵی لێدان و دروستكردنی سەنگەری سەربازیی نوێن.
هەر ئەمڕۆش هێزێکی زۆری سەربازیی بە چەکی قوڕس و مامناوەند بەناوەڕاستی شارۆچکەی چۆمان تێپەرین و ئەو هێزە لە سەنگەرە کۆنەکانی سەردەمی شەڕی ناوخۆ لە حاجی ئۆمەران جێگر کران.
هاوکات پەدەکە لە چیای شێخ ناسر لە شارەدێی قەسرێ و لە بەردەسۆرانی سنوری حاجی ئۆمەران و قوبەی گەڵاڵەی سەر بە شارەدێی گەڵاڵەش سەرقاڵی دروستکردنی سەنگەری نوێیە.
ش.ف