لە دەرئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە دژی سیستمی حکومڕانی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، لەلایەن پەدەکەوە هەڵمەتی ڕەشبگیریی تادێت فراوانتردەبێت لە هەولێر و دەڤەری بادینان دەیان دەنگی ناڕازی زیندانیکراون و لە ژێڕ ئەشکەنجەی دەرونی و جەستەییدان، سەنتەری میترۆش دەڵێت: بەپێی ئەو یاسایانەی پەرلەمان دەریکردووە ئەوانەی دەستگیرکراون خاوەن مافن، بۆیە دەبێت وەزیری ناوخۆ بانگهێشت بکەن و پەرلەمان بێدەنگ نەبێت.
لە دوای فراوانبوونی دەنگە ناڕازییەکان و ئەنجامدانی چەند چالاکییەک لە سنووری هەولێر و دهۆک و بەتایبەت بادینان لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و لە دژی سیستمی حکومڕانی هەرێمی کوردستان و حزبی دەسەڵاتدار لە سنوورەکەدا، کە پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە-یە، بادینان و هەولێر بەهێز تەنراوە و هەڵمەتێکی ڕەشبگیریی لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە دەستیپێکردووە و دەیان چالاکوان و ڕۆژنامەنووس و هاوڵاتی خراونەتە زیندانەکانەوە.
جیا لە هەولێر، لە بادینان دۆخە زۆر خراپە، بەشێوەیەک یەکێک لە ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکان بەناوی فاروق عومەر کە ٢١ی ئەم مانگە دەستگیرکرا و دوای چوار ڕۆژ سەربەستکرا، بەڵام کاتێک سەربەستکراوە کە ڕەوشی تەندروستی لە مەترسییدابووە، بەشێوەیەک تا ئێستاش لە نەخۆشخانەدا ماوەتەوە و وەک براکەی بە ڕۆژنیوزی وتبوو، “فاورق بەهۆی بێ ئاو و نانییەوە گورچیلەکانی وشک و سست بوون و ئێستا توانای قسەکردنی لەدەستداوە”.
ئەمە وایکرد، کە كۆمهڵێك له ڕۆژنامهنووس و چالاكوانانی پارێزگای دهۆك، ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا بانگەوازیی دەکەن و دەڵێن “تکایە فریای بادینان بکەون”.
بە وتەی ئەو چالاکانە ئاسایشی پەدەکە، تەنها لە سنووری دهۆک نزیکەی ٥٠ چالاكوان، مامۆستا و ڕۆژنامهنووسی دهستگیركردووه، ئەمە جگە لە سەدان کەسیتر کە بە هەڕەمەکی دەستگیرکراون و بەهۆی هەڕەشەکردن لە خانەوادەکانیان لەلایەن ئاسایشەوە هەواڵی دەستگیرکردنیان بڵاونەبووەتەوە.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە هەرێمییەکان، ڕۆژانە ئاسایشی پەدەکە بەبێ بڕیاری دادوەر و بەبێ هیچ تۆمەتێکی یاسایی خەڵک دەبەن بۆ لێپێچینەوە و هەڕەشەیان لێدەکەن و بەفشار واژۆیان پێدەکەن و بەڵێننامەیان پێ پڕدەکەنەوە، کە بەهیچ جۆرێک ناڕەزایەتی نیشان نەدەن.
لەم بارەیەوە دیاری محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد و ڕایگەیاند: ئەوەی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە بادینان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەران کراوە تەواو پێشێلکردنی یاساکانە لە هەرێمی کوردستاندا، ئێمە زیاتر لە ٣٠ کەیسی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسمان لایە کە بە هیچ جۆرێک شێواز و بیانووی دەستگیرکردنەکەی یاسایی نییە، ئەمە تەواو ئەوە دەردەخات کە هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی زۆر ترسناکە بۆ ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەوانی.

دیاری باسی لەوەکرد، هەرچەندە کاری ڕۆژنامەنووسی بە یاسا ڕێکخراوە، بەڵام لە کاتی تۆخبوونەوەی ململانێ سیاسییەکان و ناڕەزایەتییەکانی شەقامدا ڕۆژنامەنووسان دەبنە قوربانی و یاساکان پێشێل دەکرێن، ڕۆژنامەنووسان دەستگیردەکرێن و ڕێگریان لێدەکرێت و نوسینگەی کەناڵی ڕاگەیاندن دادەخرێت، زەمینەی ئازادی و کاری ڕۆژنامەگەری تەنها لەو کاتانەدا لەبارە کە “هیچ گرفتێک لە ئارادا نەبێت و خەتەری بۆ سەر دەسەڵات نەبێت”.
بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ وتیشی: داوامان لە پەرلەمان کردووە کە وەزیری ناوخۆ وەکو کەسی یەکەم بانگبکرێت بۆ پەرلەمان بۆ لێپێچێنەوە، چونکە ئەو هەموو دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانە هیچی نە بە بڕیاری دادوەر بووە و نە یاسایین، دەستگیرکراوان بە گوێرەی یاسای پەرلەمان خاوەن مافن، بۆیە ئەرکی پەرلەمانە کە ئەو بارودۆخە هەڵسەنگێنێت و دیاریی بکات کە هۆکاری پشت ئەم دەستگیرکردنانە چییە.
س.ح