پێنج ساڵ بەسەر هێرشی گروپە چەکدارەکانی پەدەکە بەناوی ‘پێشمەرگەی ڕۆژ” تێپەڕبوو، هاوسەرۆکی پادێ و بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەو هێزانەی ئەوکات هێرشیان کردە سەر خانەسور، ئێستاش چەکیان دژ بە گەریلاکانی کوردستان هەڵگرتووە و هاوکاریی دەوڵەتی تورک دەکەن، دەشڵێن: پەدەکە دەیویست بەناوی پێشمەرگەی ڕۆژەوە میتی تورک بباتە خانەسور.
عومەر ساڵح، هاوسەرۆکی پادێ لەبارەی هێرشەکەی ٣ی ئازاری ٢٠١٧ی پەدەکە بۆ خانەسور بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: پەدەکە هەوڵیدا بەناوی پێشمەرگەی ڕۆژەوە میتی تورک بگوازێتەوە بۆ خانەسور، بەوشێوەیەش گەلەکەمان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، ئەو گەنجانەی ئێمە کرانە ئامانج، کە لەکاتی هێرشی داعشدا توانییان ژیانی دەیان هەزار ئێزدیی ڕزگاربکەن، ئەمە هیچ کاتێک لەبیرناکرێت، بەڵام پیلانەکانیان سەری نەگرت.
هاوسەرۆکی پادێ دەشڵێت: ئەو گروپانەی بەناوی پێشمەرگەی ڕۆژەوە هێرشیان کردە سەر خانەسور، لە کەسی بێ ئیرادەی پێکهێندراون و لەلایەن پەدەکەوە هەڵخەڵەتێندراون، ئەوانە کە خۆیان خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانن لەوێ شەڕیان نەکرد و هێنایان ڕوویان کردنە خانەسور، هەروەها دەیەوێت ئەو گروپانە بەرامبەر ڕۆژئاواش بەکاربهێنێت، ئەوانە دژی هەموو بەهاکانی کورد کاردەکەن.
عومەر ساڵح ئاماژەی بە بەکارهێنانی ئەو چەکدارانە کرد دژ بە گەریلاکانی کوردستانیش و وتی: پەدەکە ئەو گروپانە دژی گەریلا بەکاردەهێنێت کە هێرشیان کردە سەر خانەسور، دەیەوێت بەوشێوەیە هاوکاریی دەوڵەتی تورک بکات، تائێستا چەندین جار ئەو گروپانە هێرشیان بردووەتە سەر چیا ئازادەکان، کە گرنگیی خۆیان هەیە بۆ پاراستنی کوردستان، بەڵام هیچ کەس ناتوانێت ببێتە لەمپەڕ لەبەردەم بەرخۆدانی گەریلاکان بۆ ئازادیی کوردستان.
لەلایەکی دیکەوە خودێدا چوکێ، بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ لەسەر هەمان پرس بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئەو گروپانە ناتوانن ببنە سەرباز، چونکە ئەوانە خەڵکی دەرەوەی عێراقن، بۆیە ئەوانە گروپی چەتەن، ئەوکات پێشمەرگەی ئێزدیی هەبوون لە شەنگال، بەڵام پەدەکە ئەو گروپانەی هێنا و هەوڵیدا بەپاساوی جیاجیا خانەسور داگیربکەن، هاتنی ئەوانە بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخی ئەوکاتی شەنگال بوو.
بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ دەشڵێت: خانەسور دەکەوێتە سەر سنوور، ئەوکات زۆرینەی خەڵکی شەنگال هاوکارییان لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بۆ دەهات و کەسانی نەخۆشیش دەگوازترانەوە بۆ ڕۆژئاوا و چارەسەرییان بۆ دەکرا، یەکێک لە ئامانجەکانیشیان داخستنی ئەو ڕێڕەوە بوو.
ب.ل