هێزەکانی پەدەکە لە شارۆچکەی باتوفا چالاکوانێکی دیاری زاخۆیان دەستگیرکرد، ئەندامێکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش بەرپرسیارێتیی ژیانی ئەو چالاکوانە دەخاتە ئەستۆی ‘ھێزە ئەمنییەکانی دھۆک’.
ئێوارەی ئەمڕۆ ڕۆژنامەنووس ئایهان سەعید لە فەیسبووکی خۆی ڕایگەیاند، هێزێکی ئەمنیی هەڵیانکووتاوەتە سەر ماڵی چالاکوان خورشید فەرەج ئاغا گولی و دەستگیریانکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە: کاک خورشید دەنگێکی ئازا و دیاری زاخۆیە و ھەر پێشێلکاریەکی بەرامبەر ئەنجامبدرێت دەیگەیەنینە لایەنی پەیوەندیدار.
هاوکات عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، هەواڵی دەستگیرکردنی ئەو چالاکوانەی لە فەیسبووکی خۆی بڵاوکردووەتەوە و جەختیشیکردووەتەوە: بەرپرسیارێتیی ژیانی ئەو هاوڕێیەمان دەخەینە ئەستۆی ھێزە ئەمنییەکانی دھۆک.
ب.ل