چوؤرشەممە, 19 سبت 2018 – 20:56 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئێوارەی ئەمڕۆ، مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان(پەدەکە)، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کاندیدکردنی بەرهەم ساڵح لەلایەن یەکێتی نیشتمانیی کوردستانەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:”ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دوا كۆبوونەوەماندا لەگەڵ جێگری سكرتێری گشتی و بەرپرسی دەستەی كارگێری و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی، خواست و هەوڵەكانمان بۆ ئەوە بوو وەك چۆن بە یەكگرتوویی و یەك بەرنامەیەیی لە بەغداین، هەرواش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەسەر یەك كاندید ڕێكبكەوین”.
پارتی وەكو ئیستحقاقی هەڵبژاردن، بە “حەقی” خۆی دەزانێت، کە پۆستی سەرۆك كۆمار كە چەند جارێكە لەلایەن یەكێتیەوە كاندیدی بۆ دیاریكراوە، ئەم جاریان بە كاندیدی ئەوان ئەو پۆستە پڕ بكرێتەوە، لەو بارەیەشەوە پێشنیار و ڕا گۆڕینەوەیان لەگەڵ یەکێتی هەبووە و وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێن:”بڕیار وابووە برایانی یەكێتی دوای گەرانەوەیان بۆ كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی ئاگادارمان بكەنەوە، بەڵام ئاگاداریان نەكردینەوە تا ئەمڕۆ لە ڕاگەیاندنەوەکانەوە بیستمان كە دكتۆر بەرهەم ساڵح-یان دوای گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی تاك لایانە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پاڵاوتووە”.
وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە حزبەکەی کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەبێت، دەشڵێت: پۆستی سەرۆكی كۆمار ئیستحقاقی گەلی كوردستانە و نابێ هیچ لایەنێك تەنیا بە موڵكی خۆی بزانێت.
ئەمڕۆ، ئەنجومەنی سەکردایەتیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بە زۆرینەی دەنگ دکتۆر بەرهەم ساڵح-ی وەک بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندیدکرد، ئەوەش دوای پەسەندکردنی نامەی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەکێتی لەلایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتییەوە.
ب.ل